کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەیموور مستەفایی: رێژیمی ئێران دەیهەوێ‌ یارسانەكان كە بەشێك لەنەتەوەی كوردن، لەناو ببات

20:07 - 18 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: تەیموور مستەفایی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران رایگەیاند، رێژیمی ئێران بە بەردەوامی سووكایەتی بە پەیڕەوانی ئایینەكان كردووە و ئەو بێ‌ رێزی كردنە بە ئایینی یاری كاریگەری نەرێنی لەسەر هەڵبژاردنەكان دەبێت.
دوای ئەوەی كە دوو هاووڵاتیی یارسانی بەنیشانەی ئیعتراز و سووكایەتیكردنەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران ئاگرییان لە جەستەی خۆیان بەردا و لەئەنجامدا یەكێكیان گیانی لەدەست دا، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەربڵاوی هاووڵاتیانی یارسانی لەشارەكانی سەحنە و شوێنەكانی دیكە لێكەوتەوە. ماڵپەڕی كوردستان میدیا بۆ زیاتر تیشك خستنە سەر ئەو پرسە لێدوانی لەبەڕێز تەیموور مستەفایی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران وەرگرت.
مستەفایی لەپێوەندیی ئەو سووكایەتیكردن و بێ‌ رێزییەكانی رێژیمی ئێران بە پەیڕەوانی ئایینی یاری وتی: دیارە لەو رێژیمەدا بێ‌ رێزی كردن بە ئایین و كەسەكان شتێكی تازە نیە و مێژوییەكی دوورودرێژی لەسیستمی كۆماری ئیسلامیدا هەیە و وتیشی: چەند ساڵ لەمەوبەر لەشاری میاندوایش لە ئوستانی ورمێ‌ شایەتی بێ‌ رێزی پێكردن بە ئایینی یاری بووین.

بەڕێز تەیموور مستەفایی ئەوەشی خستە روو، رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەو كارانەی دەیهەوێ‌ ئەو ئایینە بە فەرمی نەناسی و وا لە یارسەكان بكات كە لەدینی خۆیان پاشگەز ببنەوە و هەر چەندە هەتا ئێستا بەگشتیی نەیتوانیوە كاریگەری لەسەر كۆمەڵگای یارسانەكان هەبێ‌ و یارسانەكانیش بەشێكی زۆرییان لە كوردستانن و جێگە و پێگەی تایبەتیان هەیە.
ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكرات لەمەڕ ئەوەی یارسانەكان چەند قات زۆڵمیان لێ‌ دەكرێ‌ چونكە كوردن، ئەوەی خستە روو، ئەو بۆچوونە بەتەواوەتی راستە، یارسانەكان بە حوكمی ئەوەی كوردن و دواتریش ئایینیان یارییە بەردەوام لەچەوسانەوە دان و هەنووكە وای لێهاتووە كە رێژیمی ئێران یاری بوون وەكوو تاوان سەیر دەكات و بەهەموو شێوەیەكی مومكین بەرەنگاری نەتەوەی كورد دەبێتەوە و لەو رێگایەوە دەیهەوێ‌ یارسانەكان كە بەشێكن لەنەتەوەی كورد لەناویان بەرێت و ئاسەمیلەیان بكات.
مستەفایی لەپێوەندیی پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەكان لەو باوەڕەدابوو، یارسانەكان و پەیڕەوانی ئایینی یاری پێویستە دوای ئەو بێ‌ رێزی كردنانە بەشێوەیەكی هەمە لایەنە بە خۆیاندا بێنەوە و لەبەرامبەر ئەو زۆڵم و زۆرییانەدا رابوەستن و پێویستیشە ئەو حەرەكەتە ناڕەزایەتییە لەلایەن خەڵكانی شارەكانی دیكەوە پشتیوانی لێ‌ بكرێ‌ و ئەو حەرەكەتە لەداهاتوو پەرەگرتووتر دەبێت.
تەیموور مستەفایی لەدرێژەی لێدوانەكەی بۆ ماڵپەڕی كوردستان میدیا وتی: ئەو سووكایەتیكردنە بی گومان كارێگەری نەرێنی لەسەر هەڵبژاردنەكانی رێژیمی ئێران دەبێ‌ و تەنانەت كارێگەری لەسەر یارسانەكانی هەمەدان، قەسری شیرین، داڵاهۆ، میاندوا، كرماشان و سەحنە و شوێنەكانی دیكەی كوردستان دەبێت و خەڵكی ئەو شوێنانە باوەڕەێكی ئەوتۆیان بەرێژیم نامێنێت.