کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێ رێزی بە ئایینی یاری (عەلی پاڵانی)

17:52 - 21 جۆزەردان 2713

عەلی پاڵانی

ساختار و پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە درێژایی مێژووی هەر بێ ڕێزی بە هەموو مرۆڤایەتی بووە. چەند نموونەیک لە بێ ڕێزییەکانی ڕێژیمی ئێران بە بیرتان دێنمەوە: کوشتنی ئیسرائیلەکان لە ئەرجنتین  و  چەندین وڵاتی دیکە و، نانەوەی ئاژاوە و بشێوی و دەست تێوەردانی لە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە بە گشتی، هەموو ئەمانە بێ ڕێزییە بە کەرامەتی مرۆڤەکان لە دونیادا.

تێروری کەڵە پیاوانی ئۆپوزیسیون لە دەرەوەی وڵات وەک کازمی ڕەجەوی، دوکتور قاسملوو، دوکتور سادقی شەرفکەندی و سەدانی دیکە لە کارنامە رەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانن. هەموو ئەمانە بێ حورمەتی بە مرۆڤایەتی و حەیسیەتی وڵاتانی ئۆرووپایی بووە. تێرور و کوشتنە نێوخۆیییەکانی (قتلهای زنجیری ) ئەم ڕێژیمە لەسەر بیروڕای جیاواز یەکێکی تر لە کارنامە دژە مرۆڤایەتییەکانی رێژیمی  ئێرانە.

ئەم ڕێژیمە بە درێژایی ٣٤ ساڵەی تەمەنی، جگە لە پەت و سێدارە و کوشتن و کاولکاری و بێ ڕێزی نەبێ، هیچی تری بۆ گەلانی ئێران پێ نەبووە.
هەموو ئەمانە و سەدان  بەڵگەی تر پێمان دەڵێن سیستەمی وەلی فەقی و، ساختاری کۆماری ئیسلامی ئیران لەسەر ئەساسی دووبەرەکی نانەوە لە نێوان نەتەوە و ئایینەکانی ئێران دامەزراوە. هەر بویە ئەمە نەک تەنیا  بی ڕێزییە بە ئایینی پیرۆزی یاری، بەڵکو بێ رێزییە بە هەموو مەزهەب و ئایین و ئایینزاکانی ئیران و، لە سەرەوەی هەموویانەوە مەزهەبی شیعە.

لەبەر ئەوەی نانەوەی ئەو شێوە ئاشۆیە و دروست کردنی ڕق و قینە لە لای پەیرەوانی ئایین و مەزهەبەکانی تر بەرانبەر بە مەزهەبی شیعە.  ئەمەش لە زەرەری هەموو گەڵانی ئێران تەواو دەبێ، بۆیە بی ڕێزییە بە هەموو تاکێکی ئێرانی.
بێ ڕێزی کردن بە ئایینی یاری بێ ڕێزییە بە بنەما ئازادییەکانی دیموکراسی و ئازادی ئایین و بیر و باوەری ئایینداری. بێ ڕێزی کردن بە هەر ئایینێک  بێ ڕێزییە بە جاڕنامەی مافی مرۆڤ. بۆیە ئەرک و وەزیفەی هەموو ڕۆشنبیر و زانا و مرۆڤە بە تواناکانی گەلی کوردە لە دەرەوەی وڵات بە هەر شێوەیەک بۆیان دەکرێت ئەم بێ ڕێزیە بە گوێی هەموو دونیادا بگەیەنن. لە مەڕ تاوانەکانی کۆماری ئیسڵامی بەرانبەر بە گەلەکەمان هەر وا دەستەوستان نەوەستن.
کۆمەڵانی خەلکی کوردستان، ئایین و ئایینزا جیاوازەکانی گەلی کورد، مامۆستایانی سوونی و شیعە مەزهەب، ئاییندارانی بەهایی، مەسیحی، جولەکە و، بە گشتی هەموو تاکەکانی کورد، ئەو بێ ڕێزییەی کۆماری ئیسلامی بە براکانمان بێ ڕێزییە بە مێژوو، بە ڕابردوومان. بی ڕێزییە بەسەرجەم گەلی کورد. چوونکە ئاییندارانی یاری بەشێکن لە نەتەوەی کورد. ئایینی پیرۆزی یاریش ئایینی ڕەسەنی بەشێکی بەرچاوی نەتەوەی کورد و هەڵقوڵاوی ناو کانیاو ڕووبار و چیا و دەشت و بیابانەکانی ئەم نیشتمانەی کوردە.

بەگشتی لە سروشتی کوردستان هەڵقوڵاوە، بۆیە ئەرک و وەزیفەی هەموومانە لە ژێر چەتری نەتەوایەتیدا بەگژ ئەم بێ ڕێزییەدا بچینەوە و، دیفاع لە خۆمان و بیروباوەڕەکانمان بکەین. ئەگەر ئەمڕۆ بێ ڕێزی بە بەشێکمان دەکەن، سبەی بێ ڕێزی بە ئەوەکانی دیکەشمان دەکەن. هەر بۆیە دەبی بە یەکگرتوویی و یەک ڕیزی بەبێ جیاوازی بیروڕا دیفاع لە خۆمان و بیر و باوەڕەکانمان بکەین. لەژێر ناوی ئێمە یەک نەتەوەین، بی ڕێزی بە هەرکامان بێ ڕێزییە بە هەموومان.
هەڵوێستی جوامێرانەی دوو لاوی خۆبەختکەری کورد بەرانبەر بە بێ حورمەتی کردن بە موقەدەساتی نەتەوەیی و ئایینی و مرۆڤایەتی گەلی کورد، هەڵوێستێکی زۆر بەجێ بوو. کە توانییان بە بڵێسەی ئاگری جەستەی خۆیان بێ ڕێزییە دژە مرۆڤایەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئیران قەبووڵ نەکەن و لەقاوی بدەن. لە رێگەی ئەم نووسینەوە داوا لە هەموو تاکێکی کورد دەکەم کە، دژ بە پێشلکاریی مافی پەیرەوانی ئایینی یاری لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، پشتگیری لە کۆمەڵگای یارسان بکەن و، دەست لە ناو دەستی یەک بەرانبەر بە کردەوە دژی مرۆڤایەتییەکانی رێژیمی ئیسلامی ئێران بوەستن و، لە رادەی نێوخۆیی و دەرەوەدا ریسواتری بکەن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە