کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نامەی كۆمەڵێك لەچالاكانی سیاسیی و بازاڕیانی شاری نەغەدە لەپێوەندیی هەڵبژاردنەكان

17:48 - 22 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: كۆمەڵێك لەچالاكانی سیاسی و بازاڕیان و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لەشاری نەغەدە نامەیەكیان لەپێوەندیی بایكۆت كردنی هەڵبژاردنەكان بڵاو كردۆتەوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، لەبەشێكی نامەكەدا هاتووە هەر وەك دەزانن لەرێكەوتی ٢٤ ی جۆزەردانی ئەمسال شانۆی بە نێو هەڵبژاردنەكانی سەركۆماریی و شۆرای شار و گوندەكان بەڕێوە دەچێت و بە ئاوڕدانەوەیەك لەباروودۆخی رێژیمی كۆماری ئیسلامی، لەئاست سیاسەتی دەرەكی و ناوخۆیی بۆمان دەردەكەوێ‌كە ئەو رێژیمە لەهەلوومەرجێكی ئەستەم دایە و بەرەو لاوازی دەروات.
لەبەشێكی دیكەی نامەكەدا نووسراوە، لەماوەی دەسەڵاتی ئەو رێژیمەدا هیچ دەرفەتێك بەدەنگی جیاواز نەدراوە و خۆ خستنە ناو ئەو شانۆیە هیچ بەرژەوەندێكی بۆ كورد لێ‌ناكەوێتەوە.
لەنامەكەدا هاتووە، كەسانێك لەناو پاڵێوراوەكاندا هەن كە بكوژی رێبەرانی گەورەی ئێمە وەكوو د. قاسملوو و شەرەفكەندین و نابی ئێمە دەنگ بەو كەسانە بدەین.
لەبەشێكی دیكەی نامەكەدا هاتووە، ماوەی زیاتر لە ٣٠ساڵ لەتەمەنی ئەو رێژیمە تێپەڕ دەبێت و هیچ خزمەتگوزارییەكی بەخەڵكی كوردستان بەتایبەتی شاری نەغەدە نەكردووە و زۆربەی ئاواییەكانی لەخزمەتگوزاری بێبەرین.
كۆمەڵێك لە چالاكانی سیاسیی و بازاڕیان و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێمۆكرات لەنامەكەیاندا داوایان لەخەڵكی كوردستان بەتایبەت شاری نەغەدە كردووە، فریوی پیلانەكانی رێژیم نەخۆن و هەڵبژاردنەكان بایكۆت بكەن.