• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢١ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٣٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی  

ئێرە دەنگی كوردستانی ئێرانە/ وتووێژ لەگەڵ ژمارەیەك لەپێرسونێلی رادیۆ

زایینی: ١٦-٠٦-٢٠١٣ - هەتاوی: ١٣٩٢/٠٣/٢٦ - ١٨:٢٥ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
ئێرە دەنگی كوردستانی ئێرانە/ وتووێژ لەگەڵ ژمارەیەك لەپێرسونێلی رادیۆ
رۆژی ٢٧‌ی جۆزەردانی ئەمساڵ بەرامبەرە لەگەڵ ٣٣هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی رادیۆ دەنگی كوردستانی ئێران و بەو بۆنەوە كۆمەڵێك لەبەڕێوەبەرانی رادیۆ دەنگی كوردستانی ئێران را و تێبینییەكانی خۆیان لەو پێوەندییەدا بۆ ماڵپەڕی كوردستان میدیا باس كرد.

پێشەکی

٣٣ ساڵ لەمەوبەر لەرۆژی ٢٧ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی دەنگی كوردستانی ئێران وەكوو دەنگێكی رەسەن، مافخواز و حەقبێژ لەچیا سەركەشەكانی كوردستان كە بێشكەی رۆڵەكانی كوردستان بوو، چاوی بە دونیای روون هەڵێنا و بوو بە رادیۆ دەنگی كوردستانی ئێران، دەنگێك كە دواتر و لەماوەیەكی زۆر كورتدا بوو بە ئەستێرەیەكی درەوشاوە كە لەبەر رووناكییەكەی چاوی نەیاران پێی هەڵنەدەهات.


نابێ‌لەبیرمان بچێ‌كە بیری مۆدێڕنی دامەزراندنی دەنگی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ بیرۆكە سەردەمیانەكانی دكتور قاسملووی رێبەر و پێشەنگی خەباتی كوردایەتیی و ئەو رێبەرە شۆڕشگێڕە بە خامەكەی یەكەم بەردی قەڵای ئاوات و بەرگریی لەنەتەوەی كوردی بنیات نا.


هەر ئەو بیرۆكەیەی دكتور قاسملوو بوو كە لەهەلومەرجێكی هەستیار و چارەنووس سازی ئەو كاتدا كە كورد مەترسیی زۆر شتی وەكوو لەناو چوون لەسەر بوو، كورد لەرێگای دەنگی كوردستانەوە توانی رەساڵەتی مێژوویی خۆی بپارێزێ‌و رادیۆ توانی ئەو دەنگانەی كە كپ كرابوون وە هاوار بخات.


لەتەمەنی رادیۆ دەنگی كوردستانی ئێراندا زۆر خەباتكار كارییان كردووە و زەحمەتیان تێدا كێشاوە و كارەكانیان جێگای رێز و پێزانینە، ماڵپەڕی كوردستان میدیا لەو قۆناغەی رادیۆدا و لە یادی دامەزراندنی ئەو دەنگە حەقبێژانەیەدا لەگەڵ كۆمەڵێك لەبەڕێوەبەران و ستافی كارا و پێشمەرگەی شۆڕشگێر و ماندوونەناسی رادیۆ دەنگی كوردستانی ئێران چاوپێكەوتنی پێك هێناوە و داوای لێكردوون كە هەر كامەیان را و سەرنجی خۆیان لەو پێوەندییەدا لەچەند دێڕدا بۆ بەردەنگانمان باس بكەن.

7144.jpg


شاهۆ فەرازمەند، بەرپرسی رادیۆ دەنگی كوردستانی ئێران

دیكتاتۆر هەموو كات هەوڵ دەدات تاكەكانی كۆمەڵگەی ژێر دەسەڵاتی خۆی لەناخی خوێدا تەریك بخات و كپییان بكات، ئامرازی راگەیاندنی ئازاد هەمیشە ئەو خەونەی دیكتاتۆڕەكان دەكاتە بڵقی سەر ئاو. یەكێك لەرۆڵە گرینگەكانی رادیۆ دەنگی كوردستانی ئێران هەر بەم ئاراستەیە بووە. بەم واتایەی كە هەوڵی ئیزۆلە كردنی تاكی كوردی لەلایەن رێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەگەڵ شكست بەرەوروو كرد و بوو بەئامرازی هاوپێوەندیی نەتەوەیی تاكەكان و چین و توێژەكانی كۆمەڵگای كوردستان. هەروەها ئەم رادیۆیە بوو بە پردی پێوەندیی خەبات و گیان فیدایی رۆڵە پێشمەرگەكانی نەتەوەی كورد لەرۆژهەڵاتی كوردستان، لەگەڵ سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردستان ئەم رادیۆیە توانیی لەهەلومەرجێكی زۆر ئاستەم و دژوار و لەو پەڕی فیداكاریی و ماندوویی نەناسیدا هەواڵ و رووداوەكان بە شێوەیەكی راستگۆیانە بگوازێتەوە و بەربەرەكانی لەگەڵ شەڕی نەرمی دوژمن و چەواشەكارییەكانی بكات. هەڵوێستی راستەقینە و ناوەڕوكی رەوای خەباتی رزگاریخوازی كورد لەرۆژهەڵاتی كوردستان بە گوێ‌هەموو لایەك بگەیەنێ‌، بەواتایەكی واقعیی زمانحاڵی خەباتی رەوای گەلێكی چەوساوە و ژێر دەست بۆ رزگاریی بێت.

7140.jpg


رەسووڵ قۆرغی، كادری فەننی رادیۆ

٢٧ی جۆزەردان ساڵڕۆژی دامەزرانی رادیۆ دەنگی كوردستانی ئێران لە خۆم و هەموو گوێگرەكانی ئەم رادیۆیە پیرۆز بێت، رادیۆ دەنگی كوردستانی ئێران یەكەم رادیۆ بوو كە دەنگی ئازادیخوازی لەكوردستان و ئێراندا هەڵبڕی بە دژی دیكتاتۆری و كۆنەپەرەستی، دەنگی چەكی پێشمەرگە لەكوردستان بوو، دەنگی ئاوەدانی هەموو ماڵێك بوو لە بەیانی و ئێواران و تەنانەت زۆر كەس و لایەن بۆ ئەوەی كە دەنگی ئەو رادیۆیەیان باشتر بیستبایە دوو رادیۆیان بەكار دەهێنا لەبەر شەپۆلی پارازیتەكانی جەهل و نەزانی. ئەوەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت وەكوو جاران بە گوڕ و تین لەسەر پێیە و هەروا بەرەنگاری ئەم شەپۆلە پارازیتانەی كۆماری ئیسلامیی دەبێتەوە، دەنگی حەق بێژی گەلی كوردستانە، دەنگی متمانە پێكراوی دۆست و نەیارانە.
تەمەنێكی دوور و درێژە لەگەڵ ئەم دەنگەدا هەوراز و نشێو دەبڕم، هەر بۆیە لەسەرجەم گوێگرەكان داواكارم كە چی بكرێت بۆ باشتر كردنی رادیۆكە و لەكام ناوچەی كوردستان دەنگی ئێمە بەباشی دەبیسترێت و لەكام ناوچە پارازیتی زۆر لەسەرە؟ ئایا ئەو كاتانەی كە بەرنامەكانی تێیدا بڵاو دەبێتەوە باشە یان نا؟ سەركەوتن بۆ نەتەوەی كورد

7139.jpg


سیامەند تەربی، بەرپرسی بەشی تەولید و بێژەری بەشی كرمانجی

رادیۆ دەنگی كوردستانی ئێران لەسەردەمی شاخدا باشترین پردی پێوەندیی نێوان حیزبی دێمۆكرات و كۆمەڵانی خۆراگری خەڵكی كوردستان بووە و لەژێر تیغی توندی سانسۆری رێژیم لەسەر كوردستان تەنیا دەنگی كوردستان بوو كە وەك دەزگایەكی راگەیاندن، كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانیان لە جنیایەتەكانی رێژیم لەكوردستان، رووداو و خەباتی هێزی پێشمەرگە ئاگادار دەكردەوە. تەنانەت لەو سەردەمەدا رادیۆ وەك دەزگایەكی گرینك بۆ رێكخستنی هێزی پێشمەرگە بەكار دەهات.

7142.jpg


شەماڵ تەرغیبی، ئەندامی دەستەی نووسەرانی رادیۆ و بێژەری بەشی سۆرانی

رادیۆ دەنگی كوردستانی ئێران لەماوەی ٣٣ ساڵ تەمەنی كاری خوێدا بەردەوام لەسەر چەند خاڵی سەرەكیی پێداگر بووە كە وەك خاڵی پێناسینەوەی رادیۆش بە ئەژمار دێت كە بریتین لە: راست بێژی و سادە بێژی. لە چوارچێوەی ئەم دوو تایبەتمەندییەدا هەوڵی داوە هاوكات لەگەڵ پەرەدان و گەیاندنی دەنگی ئازادیخوازی گەلی كورد و سیاسەتە بەرحەقەكانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، سیاسەتە دژی گەلی و شۆڤێنیستییەكانی رێژیمی زاڵ بەسەر ئێرانیش لە قاو بدات. لەلایەكی دیكەشەوە لە پرسە نەتەوەییەكان غافڵ نەبووە و لەراستای بەهێز كردنی هەستی نەتەوایەتیی و زیندوو راگرتنی شۆناسی نەتەوەیی گەل هەنگاوی پۆزەتیڤی ناوە و لەچوارچێوەی بەرنامەی رۆژانییەكانیدا تیشكی خستۆتە سەر لایەنی فەرهەنگی، كۆمەڵایەتیی و مێژوویی و ئابوورییەكانی نەتەوەی كورد بەگشتیی، جیاواز لە هەمووی ئەوانە دەنگی كوردستانی ئێران چ لەرابردوودا، لە قۆناغی خەباتی چەكدارانە و چ لە ئێستادا بە پردی پێوەندیی نێوان هێز، كۆمیتە شارستان و كادر و پێشمەرگەكانی حیزب ناسراوە و توانیویەتی بە باشی ئەركەكانی خۆی وەك یەكێك لە دەزگاكانی حدكا بە جێ‌بگەیەنێ‌.

7138.jpg


لەیلا محەممەدی، بێژەری بەشی فارسی

دامەزراندنی رادیۆ دەنگی كوردستانی ئێران یەكێك لەو هەنگاوە بەرز و بەنرخانە بوو كە حیزبی دێمۆكرات هەڵیگرت لەراستای گەیاندنی راستییەكانی خەبات بە گوێی كۆمەڵانی خەڵك و لەلایەكی دیكەش گەیاندنی دەنگی حەقخوازانەی خەڵكی كوردستان و خەباتە رەواكەی بە گوێی باقی گەلانی ئێران و تەنانەت دونیای دەرەوەش لە ساتە وەختێكدا كە رێژیمی ئێران بە درندانەترین شێوە هێرشی بۆ سەر خاك و خەڵكی كوردستان دەكرد، رادیۆ كوردستان پردی پێوەندیی نیوان خەڵك و پێشمەرگە بوو و لە واقێعدا دەنگی پێشمەرگە بوو كە لەلای خەڵكی كوردستان زۆر خۆشەویست بوو، رادیۆ كوردستان لەسەر دەمێك دامەزراوە كە هیچ ئامرازێكی راگەیاندنی ئازاد لەكوردستان لەئاراد نەبوو و رادیۆ ئەو بۆشاییە گەورەیەی پڕ كردبۆوە.
رادیۆ ساڵانێكی زۆر یار و یاوەری پێشمەرگە بوو لەشاخ، بەگەشە سەندنی ئامرازەكانی پێوەندیی وەك تی ڤی، ئینتێرنێت و ماهوارە رۆڵ و كاریگەری رادیۆ كەم نەبۆتەوە و ئێستاش چەندین راگەیاندنی دیكەی وەك تلەویزیون، سایت و رۆژنامە و ...هتد، لەپاڵ خۆی دەبینێ‌و گوێگرانی خۆی هەر ماوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێوەندییە دروست و ئوسوولییەی كە لەنێوان خۆی و خەڵكیدا دروستی كردووە.

7143.jpg


زبێت عەلیپوور، بێژەری بەشی فارسی

رادیۆ دەنگی كوردستانی ئێران لەسەردەمێكدا دامەزرا كە فەزای سانسۆر لەسەركۆمەڵگای ئێران حاكم بوو بەهۆی هاتنە سەر كاری ئەو سیستمە نادێموكراتیكەی كە لە سالی ١٣٥٧دا هاتە سەركار رادیۆ دەنگی كوردستانی ئێران لەو سەردەمەدا بووە دەنگی گواستنەوەی راستییەكان بۆخەڵكی كوردستان هاوكاتیش دەنگی هەقخوازی گەلی كورد بووە، نەیارانی کورد زۆر هەوڵیان داوە کە دەنگی رادیۆ کپ بکەن بەڵام هەمیشە هەوڵەکانیان نەزۆک بووە. ئێستاکە رادیۆ وەکوو دەزگایەکی لەمیژینە بە بیروکە و بەرنامەی ئەوڕۆیی سەرقاڵی وەشانە.

7141.jpg


سەفیە مەحموودی، ئامادە كار و پێشكەش كاری بەرنامەی بۆ بەختیاری كۆمەڵ

دەنگی كوردستانی ئێران زمانحاڵی شەهیدە سەربەرز و نەمرەكانی رێگای رزگاریی ئازادییە و رادیۆ دەنگی كوردستانی ئێران بەبەردەوامی دەنگی هاواری زەحمەتكیشانی كوردە و هەمیشە و هەموو كاتێكیش دەنگی لاوان و خوێندكاران و ژنانی دەروەست بووە.
ئەو دەنگە لەو پەڕی بێ‌ئیمكاناتی و نەبوونیدا دەستی بە وەشان كرد و بوو بە هاوڕێی گەڵیكی راپەڕیو و شۆڕشگێڕ و خەڵكی كوردستان پشتی بێ‌بەست.
دەنگی كوردستانی ئێران هەر لەسەرەتای دامەزرانیەوە هەتا ئێستا بە زۆر بوار و قۆناخی چارەنووس سازدا تێپەر بووە و شاهیدی گەڵێك رووداوی خۆش و ناخۆش بووە، رادیۆ بۆ بەدیهێنانی كۆمەڵگایەكی یەكسان تێكۆشاوە و تێدەكۆشێت و رۆڵێكی بەرچاوی هەبووە لە هێنانە كایەی زمانێكی پاراو و ستانداردی كوردی و بەردەوام هەوڵی داوە بۆ هۆشیار كردنەوەی تاكەكانی كۆمەلگا و كێشە و ئاریشەكانی هەموو چین و توێژەكانی لەبەرنامەكانی رۆژانەی دا خستۆتە بەرباس و لێكدانەوە، بە تایبەت توێژی ژنان، لاوان، خوێندكاران توانیویانە لەرێگەی ئەم رادیۆیەوە توانا و بەهرەكانی خۆیان دەربخەن .

7137.jpg


ئیسماعیل مەعروفی، ئەندامی دەستەی نووسەران و بێژەری بەشی سۆرانی

رادیۆ دەنگی كوردستانی ئێران لەقۆناغێك لەخەباتی نەتەوایەتی كورد لە كوردستانی ئێران دەستی بە وەشان كردووە كە دەرەتانێك بۆ دەربڕینی بیرورای ئازاد نەك هەر لەكوردستان، بەڵكوو لەسەرانسەری ئێراندا بوونی نەبووە، بۆیە بە دامەزرانی رادیۆ دەنگی كوردستانی ئێران، پردێك لەنێوان رێبەرایەتی سیاسی كوردستان (حدكا) و خەڵك دروست بوو. حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانیش كە لەئەساسدا حیزبێكی نەتەوەییە، لەو رێگایەوە توانیویەتی لەسەر وشیاركردنەوەی كۆمەڵگای كوردستان و تاك بە تاكی ئەو كۆمەڵگایە كار بكات و شوناسی نەتەوەیی كورد زیاتر لە رابردوو بێنێتە بەرباس.

هاوكات لەگەڵ ئەوە رەوتی بەرەوپێش چوونی خەباتی رزگاریخوازانەی گەلی كورد لەكوردستانی ئێران لەریگەی ئەم رادیۆیەوە بەگوێی گەلی كورد و هەموو گەلانی ئێران و تەنانەت بەشێك لەوڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش گەیشتووە كە ئەو بەردەوامیە توانیویەتی بەشێوەیەكی بەرچاو كاریگەری ئەرێنی لەسەر زەق كردنەوەی مافی نەتەوایەتی كورد دابنێ و لە دڵی خەڵكی كوردستانی ئێران دا ریشە دابكوتێ و ببێتە دەنگی هەق بێژ و راستەقینەی كوردستانی ئێران.

ئامادەکار: هێرش کەریمی

"شێعرێك لەژێر ناوی من دەنگی كوردستانی ئێرانم، بە دەنگی شەماڵ تەرغیبی"



ئاڵبۆمی وێنەی پێرسونێلی رادیۆ


بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٢ لەم ژمارەیەدا:

ــ شکستی کەرکووک کۆتایی ڕێگا نییە!
ــ ڕەوایی چەک و ڕەوایی خەڵکی
ــ ئیمپراتوریی نافەرمی ئێرانی
ــ دەسەڵات و کۆمەڵگا