کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكرات لەگەڵ ئەندامانی بەڕێوەبەری ناوەندی نێرگز

20:17 - 5 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: بەڕێز مستەفا هیجری و ژمارەیەك لەئەندامانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكرات لەگەڵ نوێنەرانی هەڵبژێردراوی دووهەمین خولی هەڵبژاردنەكانی بەڕێوەبەریی ناوەندی نێرگز كۆبوونەوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، سەر لەبەیانی رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ٥ی پووشپەڕ رێزدا هیجری هاوڕێ‌ لەگەڵ ژمارەیەك لەئەندامانی دەفتەری سیاسی لەگەڵ نوێنەرانی هەڵبژێردراوی دووهەمین خولی هەڵبژاردنەكانی بەڕێوەبەریی ناوەندی نێرگز، بۆ پەروەردەی فیكری و هونەری منداڵان و مێرمنداڵانی كوردستانی ئێران دیداری پێك هێنا.
لەو كۆبوونەوەیەدا نوێنەری منداڵانی ئازادی، ناوەندی ١،ناوەندی ٢، ناوەندی ٣‌ی كوردستان، كەمپی شێرەون و باریكە بەشدار بوون و داواكارییەكانی خۆیان بە رێزدار مستەفا هیجری راگەیاند.
سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران وێڕای پیرۆزبایی لە ئەندامانی نوێی بەڕێوەبەریی ناوەندی نێرگز، پشتیوانی حیزبی دێمۆكراتی بۆ ئەو داواكاریانە دەربڕی.

بەڕێز هیجری لەسەر چۆنیەتی خۆ پێ گەیاندن و فیربوونی منداڵانی بە زانست‌ و ئەو دەسكەوتە زانستیانەی كرد كە لە دونیای پێشكەوتووی ئەم سەردەمە رێوشوێنی ئەرێنییان هەیە و دەتوانی لە كاروانی پێشكەوتندا خزمەت بە ئامانجەكانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران‌ و گەلی كورد بكات و لە داهاتوودا پێشڕەو و پێشەنگی منداڵانی كورد بن‌ و ببنە نموونەی مرۆڤی پێشكەوتوو لە هەموو بوارەكاندا.
رێكەوتی ١٤ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی پڕۆسەی هەڵبژاردنی منداڵانی ناوەندی نێرگز بە ئامادەبوونی نوێنەرانی كۆمسیۆنی سیاسی ـ نیزامی و كۆمسیۆنی چاوەدێری حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، دەستی پێكرد و لەماوەی ٢ رۆژدا تەواو بوو.
منداڵانی حیزبی دێمۆكرات(تەمەنی ٧هەتا ١٥ساڵ)، توانیان لەماوەی ئەو دوو رۆژەدا نوێنەرانی خۆیان وەكوو بەڕێوەبەریی بۆ ناوەندی نێرگز هەڵبژێرن.
ناوەندی نێرگز تەنیا ناوەندێكی تایبەت بە منداڵان و مێرمنداڵانی كوردستانی ئێرانە كە لەتاراوگە دامەزراوە و تاكە رێكخراوێكیشە لەنێو رێكخراوەكانی منداڵانی كوردستان لە هەر چوار پارچە كە ئەندامانی بەڕێوەبەرییەكەی لەرێگەی دەنگدانەوە لەنێو خودی منداڵاندا هەڵدەبژێردرێت.