کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تیپۆلۆژی دکتور قاسملوو لەحیزبایەتی، کوردایەتی و خەبات و سیاسەتدا( بەشی١)

23:08 - 10 پووشپەڕ 2713

برایم لاجانی

من تێدەکۆشم قاسملوو لە ڕوانگەی ئەزموونەکانی خۆمەوە بخەمە بەر باس . بەوحاڵەش ئەوەش بۆخۆی کارێکی گرانە. چوونکە دوکتور قاسملوو کەسایەتیەکی هەموو لایەنەی کامڵی هەبوو. دارێک بوو لقوپۆپی جۆراوجۆری لێدەبوونەوە. ڕێبەرێکی سیاسی بوو، رێبەرێکی بەتوانای بزووتنەوەیەکی میللی دێموكراتیک بوو، سەرکردەی حەرەکەتی چەکدارانەی میللەتی خۆی بوو، کەسایەتیەکی سیاسی ناوچەیی و ئێرانی و کوردستانی وتەنانەت جیهانیش بوو، مامۆستای زانکۆ بوو، دیپلۆمات بوو، ڕووناکبیر بوو، ئینتلێکتوڵ بوو، ئەدیب و نوسەر و زمانزان بوو، مێژوو زان و مێژوو نووس بوو، پێشمەرگەبوو، خەباتکاربوو، شارەزای کارووباری فەرهەنگی و هونەر و ئەدەبیات بوو، سەرەڕای هەمووی ئەوانە لە نێو بزووتنەوەی کورد و جوڵانەوەی ڕزگاری خوازی کوردستاندا ئیدەئۆلۆگ بوو.

بۆیە باسکردن لەسەر ئەو لایەنە جۆراوجۆرانەی کەسایەتی دوکتور قاسملوو لەتوانای من دانیە. وەک ئەوە وایە منداڵێک کە تازە پێی هەڵگرتووە بیەوێ بەسەرکێوێکی گەورەدا سەرکەوێ کە کارێکی غەیرە مومکینە. لەوەتەی وەبیرم دێ لەریزەکانی ئەو حیزبەدام. ئەو شەوەم لەبیرە کە دەڵاوان یانی گوندەکەی خۆمانمان بۆ ئاخر جار بە جێهێشت و کۆمەڵێک پێشمەرگە شەو لە گەڵ باوکم هاتن و ئێمەیان هەڵگرت و بەیانی کە تازە گزنگی دابوو لە کوێستانی کانیەخوای ئاگرمان بە گوێنیان کردەوە. دواتر چوینە زینوێ و خەلان و دۆڵی باڵەکایەتی. دەبێ من ئەودەم شەش ساڵانە بووبم.

لەوێ لە زێنوێ و خەلانێ بۆ یەکەم جار شەهید ئەحمەد تۆفیقم دیت، ژمارەیەک لە ئاغاوەتەکانی ناوچەی پیرانشار وەک دژکردەوە بەرانبەر بە ئیسڵاحاتی ئەرزی شا هەڵاتبوون.
کاک ئەحمەد قسەی بۆ دەکردن و من لە گەڵ باوکم چووبوومە بنکەی پێشمەرگەکان ئەو ڕۆژەم لە بیرماوە. من لە گەڵ باوکم دەچوومە مقەرەکانی پێشمەرگە و هەزاران وێنەی ئەوڕۆژانە و رۆژانی دواتری ئەو قۆناخەم لە ئەلبوومی بیری تیژی منداڵیم دا هەرماون. دواتریش شێنێ و سونێ و سەنگەسەر و هیران و نازەنین و کۆیە و سلێمانی و دیسان سەنگەسەر و بناری قەندیل تا دەستپێکردنی شوڕشی گەلانی ئێران و دیسان دەورەیەکی دیکە لەو خەباتە.

ئەودەم ئەوەی ئەمن لە بیرمە حیزب بریتی بوو کۆمەڵێک کادر و پێشمەرگە کە بە هەموو وجودیانەوە و بە ئیمکانات و تەنانەت چەک و فیشەکی خۆشیانەوە لە خزمەت شۆڕشی کوردستانی عێراق دابوون. تەشکیلاتی حیزبیش لە نێوخۆ لە باری ئیمکاناتی مادیەوە تەداروکاتی دەکرد. ناوی مەلا قادر لاچینی، کاک ئارەحمانی قەرەقشڵاخێ، مام سوارە سەکر، کاک حاسل و مراد رەسوی لەیلانی و مونتەقیمی قازی و دەیان کەسی دیکەم لەبیرە کە دەچوونەوە نێوخۆ و دەهاتنەوە و سەردانی ماڵی ئێمەیان دەکرد.
تامی ئەو شیرینیانەم هەر لە دەمدا ماوە کە کاک مونتەقیمی قازی لە سابڵاخ هەموو جارێ بۆی دەهێنام . لە سەرتاسەری دەزگاکانی شۆڕشدا پێشمەرگەکانی حیزب کار و زەحمەتیان دەکێشا و قارەمانەتیان لە شەڕەکاندا لە خۆیان نیشاندەدا. شەڕەکانی زۆزگ و هەندرێن و کێوەڕەش و دەربەند و سەفین و ناوچەکانی باڵەکایەتی و پشدەر و بیتوێن بە شاهیدی خەڵکی ئەو ناوچانە مەیدانی قارەمانیەتی پێشمەرگەکانی حیزبوون بەرامبەر بە پەلاماری سوپای عێراق. لە ئیدارەکردنی دەزگاکانی شۆڕشیشدا نەخشی بەرچاویان هەبوو. بۆ نموونە لە ئیدارە کردنی کاروباری کۆمەڵایەتی ناوچە ئازادکراوەکانیش بەشداربوون. لە بیرمە ماڵی ئێمە لە شێنێ لە پەنای ماڵی حاکم عەلۆ بوو کە حاکمی شۆڕش بوو. یانی حیزب مەوقعیەت و سترەکتور و هەیکەل و بنکەو بنیاتێکی سەربەخۆی نەبوو و لە ڕاستیدا بەشێک بوو لە هەیکەلی شۆڕش و ژێرمەجموعەی شۆڕش یانی بزووتنەوەی کوردستانی عێراق . هەرچی یارمەتی و ئیمکاناتی مادیش لە نێوخۆوە کۆدەکراوە، دەدرایە سەرکردایەتی شۆرش بۆ تەداروکاتی شۆڕش. وەک ئەوەی کاری تەشکیلاتی حیزب لە نێوخۆ تەداروکی شۆڕشی ئەوبەشەی کوردستان بێت. بەوحاڵەش قازانجەکانی سەرکردایەتی شۆڕش وای دەخواست کە ئەوان تەنانەت هەر ناویشیان لێ نەمێنێ چ دەگا بە خەبات و بەربەرکانی.
کێشە و ئاڵۆزیەکانی نێوخۆیی وگیر و گرفتەکان لەکوردستانی عێراق و پیلانەکانی ساواک ، هەموو ئەوانە هەلوومەرجێکیان پێک هێنابوو کە ئاستی تێکۆشانی حیزب تەنانەت لە خوار سفرەوەش بوو. ئەوەندەش کە لە تەشکیلاتی حیزب مابوو یا لە نێوخۆ لە زیندان دابوو، یا لە کوردستانی گەرمێن پەڕەوازە و بێ رێبەری وبێ ئیمکانات و لە هەلومەرجێکی زۆر سەختدا مابۆوە و مەجالی کاری سیاسی و حیزبی لێ زەوت کرابوو. بەشێکی بەرچاو لە کادرەکانی حیزب یا لە بزووتنەوەی ٤٦ و ٤٧ دا لە نێو چووبوون یا لە کوردستانی عێڕاقیش لە ژیر تاقیب دابوون و پڕش وبڵاوببوون.
ڕاست لە هەلومەرجێکی ئاوادا قاسملوو وەک خدری زیندە هاتە مەیدان و بوو بە عیسای حیزبی دێموکرات. وەک کێو لە بەرامبەر هەموو سەختیەکاندا ڕاوەستا و حیزبی زیندووکردەوە و لە نەبوونەوە جارێکی دیکە گیان و نەفەسی وەبەر پەیکەرەی حیزب خستەوە و لە ڕاستیدا حیزبی سەرلەنوێ خستەوە سەر ڕێ.
تەشکیلاتی حیزبی سازماندایەوە. سەربەخۆیی سیاسی و تەشکیلاتی بۆ حیزب گێڕایەوە، بەرنامەو پڕۆگرامی تازەی بۆ حیزب داڕشتەوە، رۆژنامەی کوردستان ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندی دەرکردوە، تێکۆشەر نامیلکەی نێوخۆی تەشکیلاتی حیزبی دەرکردەوە، چەندین دەورەی تەربیەتی کادری بۆ کادرەکان وەڕێخستن ، پێوەندیەکانی حیزبی دەگەڵ وڵاتانی جۆراوجۆر و حیزب و رێکخراوە ئێرانی و کوردستانیەکان رێکخستەوە. لە ڕاستیدا حیزبی درووست کردوە.
قەوارە و کەسایەتی و هەیکەل و هەیبەتی بۆ حیزب گێڕایەوە. تێکۆشەرانی پەرش و بڵاوی حیزبی لێرە و لەوێ کۆکردەوە و ورەی کار و خەباتی پیدانەوە. بەرانبەر هەیمەنەی حیزبی توودە و لایەنە کوردستانیەکان وەستا و ئیجازەی نەدا کەس دەست لە کاروباری نێوخۆی حیزبەوە وەردا.

هۆی ئەسڵی بۆ ئەوەکە کە پاشگری ئێرانی بە ناوی حیزبەوە زیاد کرد ئەوە بوو کە سنورێکی تایبەتی بکێشێتەوە لە باری تەشکیلاتیەوە بۆ ئەوەی چوار چێوەی دەستەڵاتی تەشکیلاتی و مەیدانی کاری تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات دیاری بکات و ڕێ لە دەستێوەردانی لایەنەکانی دیکە لە کاروباری نێوخۆی حیزب بگرێ. هەر واشی کرد و لەو کارەدا سەریش کەوت.
رووناکبیر و ڕەخنەگری بەناوبانگی کورد مامۆستا حەمەی مەلاکەریم دەڵی ئەگەر هێمن هەر بە تەنیا قەسیدەی ئێوارەی پایزی نوسیبا، بەس بوو بۆ ئەوەی ئەو شوێنە گەورەی هەبێ کە ئەمڕۆ لە شیعری کوردیدا هەیەتی. منیش پێم وایە خزمەتەکانی دوکتور قاسملوو بە حیزبی دێموکڕات و بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ئیران هەر لەو قۆناخەدا کە باسم کرد، بەسن بۆ ئەوەی ڕۆڵی قاسملوو لە مێژووی حیزبدا بە ڕۆڵێکی مێژوویی لە قەڵەم بدەین.
نەخشی دوکتور قاسملوو لە تەیار کردنی حیزب و بزووتنەوەی کورد لە قۆناخی شۆڕشی گەلانی ئێران و پاشان سازماندانی خەبات و بەربەرەکانی خەڵکی کوردستان بە دژی هێرش و پەلاماری ڕێژیم بۆ سەر کوردستانیش، نەخشێکی درەخشانی حاشا هەڵنەگرە.
من هەر لە نێو حیزب دابووم بەڵام کە داوای ئەندامەتی حیزبم کرد لە سلێمانی قوتابی دەورانی دەبیرستان بووم و هەوەڵین بەرپرسی حیزبیم کاک کەریم حەدادی تێکۆشەر بوو، مانگی جارێ کۆبوونەوەمان دەبوو . لەو دەورەیەدا بوو بۆ یەکەم جار بە خزمەت مامۆستای تێکۆشەر کاک هاشمی کەریمی گەیشتم. هاوینانیش کە سەردانی بنکەی حیزبم لە بەغدا دەکرد، شانازی ئەوەم بە نسیب دەبوو کە بەشیک لە کادرەکانی رێبەری حیزب ببینم.
وەک مۆماستا حەسەنی شیوەسەڵی و کەسانی دیکە.بۆمن هەمیشە شانازی بوو کە بە خزمەت مامۆستا هێمن دەگەیشتم. بەڵام قەت ئەو دەرفەتە هەڵنەکەوت کاک دوکتور ببینم تا ئەوکاتە کە رێبەری حیزب بڕیاری گەڕانەوە بۆ نێوخۆی وڵات دا و دوکتور قاسملوو، تا موقەدەماتی سەفەرەکەی ئامادەبوو، لەسەنگەسەر ماوەیەک لە ماڵی ئێمە بە نهێنی مایەوە. ئێمە ئەودەم پێمان دەگووت مام شەریف .
کاک سەید ڕەسوڵی بابی گەوەرە کە پێوەندیەکی بەرینی تەشکیلاتی لە گەڵ نێوخۆ هەبوو مەسئولی حەڕەکەتی کاک دوکتور بوو بۆ نێوخۆ. شایانی باسە ئەودەم سەردەمی قەلع وقەمعکردنی تەشکیلاتی حیزبی شوعی عێراقیش بوو لە لایەن حکومەتەوە. بەشێکی زۆر لە کادرەکانی حیزبی شیوعی عێراقیش هەر بە ماشێنەکەی حیزب لە بەغداوە دەگەیەنرانە سەنگەسەر و دواتر بە هاوکاری ئەندامانی حیزب لەو بنارە نەجات دەدران. من کە کوردستان و کوردی دوکتور قاسملووم خوێند بۆوە شانازیم دەکرد کە ئێستا لە نزیکەوە لە خزمەت خۆی دام و مەجالی ئەوەم هەیە شتی لێ پرسم. لەبیرمە لێی پرسیم چ خاتراتێکم لە باوکی شەهیدم لەبیرە. ئەو ماوەیە کە کاک دوکتور لە سەنگەسەر مایەوە بارانێکی زۆر دەباری.

پاش ماوەیەک لە کاک سەید رەسووڵ دەپرسێ کە هۆی مانەوەمان هێندە لێرە چیە. کاک سەید دەڵێ بارانێکی زۆر دەبارێ و رێگای قەندیل نە بۆتەوە و چەندجار کەسانی بڕواپێکراومان ناردوون ئیمکانی ئەوەنیە ئەسپ دەرچێ و سڵامەتی تۆ و دەربازبوونی تۆ بۆئێمە مەسەلەی ئەسڵیە و بۆیە چاوەڕوان ماوینەوە تا هەوا خۆش دەبێت. جیا لەوەش قەرارە هەندێک چەکوچۆلمان بۆ بێ و بە دەستی خاڵی ناتوانین دەو ڕێیە کەوین.
لەوەڵامی کاک سەید رەسووڵ و مامم دا دەڵێ خەڵک لە شەقامەکانی تاران سنگیان دەکەنە قەڵغان و ئیمە دەبێ هەرچی زووتر لە مەیدانی رووداوەکان بین دەنا تەئسیرمان نابێ و دواکەوتنی ئێمە و بەوەخت لە مەیدان دانەبوونمان ئاکامی زۆر خراپی بۆ مەوقعیەتی حیزب دەبێ. ئێمە شۆرش دەکەین و دەڕۆین لە هەرکوێ نەمان توانی برۆین دەمێنینەوە تا دیسان دەتوانین بکەوینەوە ڕێ.

ئەودەم حیزب هیچ چەکوچۆڵێکی نەبوو. سێ کڵاشینکۆف لە لایەن یەکیەتی نیشتیمانیەوە درابوونە حیزب کە لە بیرم دێ دەبوایە بە بەلەم لە گوندەکانی دەوروبەری سەدی دووکان بپەڕێنرینەوە و بگەیەنرێنە سەنگەسەر. ئەوە هەموو ئیمکاناتی حیزب بوو بۆ دەست بە خەبات کردن. لە بیرم دێ دۆستانی حیزب لە گوندی بەلکی ناوچەی سەنگەسەر ئەودەم و لەو بارەوە یارمەتی و هاوکاریەکی گەورەی سەرخستنی ئەو حەڕەکەتەیان کرد. یانی یارمەتی دان بە دەربازکردنی کاک دوکتور. چونکە کاک دوکتور بە نهێنی لە بەغداوە هاتبوو و دەبوایە بە نهێنیش دەرباز بێ.

هەوەڵین پێشمەرگەی حیزب لەو قۆناخەدا مامی شەهیدم کاک قادرلاجانی بوو کە لەگەڵ کاک دوکتور گەڕایەوە. کاک دوکتور لە کورتەباسێک لەسەر مێژووی رێبەرایەتی حیزبدا باسی ئەو حەرەکەتە دەکا. ئەو گەڕانەوەی کاک دوکتور لەو هەلومەرجەدا و چوونەوەی ناوخۆی ولات و سازماندانەوەی رێکخراوەکانی حیزب لە نێوخۆ بە مەوقع ولەکاتی خۆیدا، بوو بە هۆی ئەوە کە حیزبی دێموکرات تەنانەت پاش ئەو هەموو سەرکوت و زەبر و زەنگەش کە بۆ دەیان ساڵ لەسەر تەشکیلاتەکەی هەبوو،جارێکی تریش هەستێتەوە و ببێتە هێزی سەرەکی لە کوردستانی ئێران و ڕۆڵی شیاوی خۆی لە ڕووداوەکاندا بگێڕێ.
من بایەخی مێژوویی ئەو گەڕانەوەی بە وەختی دوکتور قاسملوو وەک گەڕانەوە مێژوویەکەی لێنین لە ئاپریلی ١٩١٧ و تەئسیری ئەو حەڕەکەتە لە سەر هەڵگیرسان و سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر دەبینم. ئەگەر ئەو حەڕەکەتەی لینین شوێنەواری چارەنوس سازی لەسەر هەڵگیرسان و سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر هەبوو، حەرەکەتی مێژوویی دوکتور قاسملووش بەوەخت و لەکاتی پێویستدا، بوو بە هۆی ئەوە کە زوو حیزب لە نێوخۆی وڵاتدا رێکخراوەکانی زیندووکاتەوە و ئامادەیی ئەوە پەیدا بکا لەسەر وەزعی سیاسی شوێن دانێ.

بەو جۆرە ئەو گەڕانەوە مێژووییەی دوکتور قاسملوو، بوو بە سەرەتای قۆناخێکی تازە لە مێژووی خەباتی رزگاریخوازانەی گەلەکەماندا. ئیدی ئاستی فەعالیەت و تێکۆشانی حیزب و مەیدانی کار و چالاکییەکانی هێندە بەرین بۆوە کە هەر زوو بوو بە هێزی یەکەمی گۆڕەپانەکە. بۆیە لەراستیدا ئەو حیزبی دێموکڕاتەی ئەو نەسلەی دوای ئینقلاب دیتوویەتی، بەرهەمی دەستی قاسملووی نەمرە و قاسملوو موهەندیسیەکەی کردوە.
من بە خاتری درێژەدانی مەدرەسەکەم مابوومەوە و نە گەڕابوومەوە. قەت ئەو ڕۆژەم لەبیر ناچێ لە رادیۆ تاران گوێم لێ بوو کاک دوکتور وەک سکرتێری حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران سەردانی ئیمام خومەینی کرد. من لە ماڵی کاک جەماڵی هیرانی لە ڕانیە میوان بووم. ماڵیان لە لای قولەی رانیەبوو. لە گەڵ کاک کاوە کوڕی کاک جەماڵ رەفیق بووم و ئەوان لە مێژبوو دۆستی حیزب بوون. دواتر کاک کاوە بوو بە پێشمەرگە و شەهیدبوو. کۆلێژی ئیدارە و ئیقتسادی تەواوکرد و چووە نێو شۆڕش بەڵام زوو شەهیدبوو. ئەو بنەماڵە شیوعی بوون و زۆریش دۆستی ئێمەبوون. کە گوێم لەو خەبەرە بوو چاوم پڕبوون لە فرمێسک و بەسەر ڕوومەتی کز و مەلوولم دا هاتنە خوار.
دایکی کاک کاوە و کاک کاوە و خوناوی جوانەمەرگ ڕوویان تێکردم کە ئەوە چیە بۆ دەگری؟ چ بووە؟ وتم گوێتان لێیە کاک دوکتور قاسملوو سەردانی خومەینی کردووە وچۆتە تاران. ئاخر خومەینی ئەودەم کەسێک بوو کە خەڵک وێنەکەیان لە مانگیشدا دەدیت. ئەوانیش زۆریان پێ خۆش بوو. بەڵام قەت وەک من لەو ڕووداوە حاڵی نەدەبوون. بۆمن ئەو فرمێسکانە ، فرمێسکی شادی و سەرکەوتن بوون. فرمێسکی وەدی هاتنی خەونە کانی دەورانی لاوی و مێرمنداڵیم بوو. تەنیا کەسێک دەیتوانی لەو فرمێسکانە بگا کە غەریبایەتی و تەحقیری دیتبێ.
بۆ من حیزبی دێموکرات شتێک بوو تەنیا لە چوارچێوەی دیوارەکانی ماڵی خۆمان و خاترەکانی دەورانی منداڵیم لە باوکم، کاک پاپیر شکاک، کاک ئەحمەد تۆفیق، کا عەبدووڵڵا و کاک سولەیمانی موعێنی، کاک سمایل شەریفزادە و دەیان تێکۆشەری حیزب و وێنەیەکی پێشەوا و کۆبوونەوەی ئێوارانی چەن کەس لە ئەندامانی حیزبی کە لە کارگەری دەهاتنەوە و شەوانە لە ماڵی یەکتر کۆدەبوونەوە و باسی ڕابردوویان دەکرد. کە بە داخەوە دواتریش کە گەڕاینەوە بە نیشانەی تەحقیر پێ یان دەگوتن دەرچوانی دانشگای قەڵادزێ، ڕەنگە ئەوجاریش کە گەراینەوە پێمان بلێن دەرچوانی دەشتی کۆیە، وەک کاک مەلا محەممەدی عەبباسی، شەهید محەممەد بێژوەیی، عەبدوڵڵا لاجانی و كاک سمایلی حاجی و هتد لەسەنگەسەر.
من کە هەموو عومرم حیزبی دێموکڕاتم لە هەلومەرجی کاری نهێنیدا دیتبوو تەنانەت لە کوردستانی عێراقیش، بۆمن کە ڕاوڕاوێنی کاربەدەستانی شۆڕشم بە تێکۆشەرانی حیزب بە چاوی خۆم دیتبوو، بۆمن کە لەسەر بڵاو کردنەوەی یەکەم ژمارەی کوردستان، ئەویش گەیاندنی بە چەند کەس لە ڕووناکبیرانی کورد لە سەنگەسەر، دیتبووم کە چۆن مامم لە بەرچاوی من بەر شەق دەرا، ئەو خەبەرە خەبەری کۆتایی هاتنی ئەو دەورانە بوو. ناحەق نەبووم کە لە خۆشیان بگریم.

ئێستا دەمدی کاک دوکتور لەو ئاستەدا سیاسەت دەکا و حیزبی دێموکڕات ئاوا لە چڵە پۆپەدایە. یەکەم جاربوو ناوی حیزبی دێموکڕات لە رادوێیەک ببیستم. خۆزگەم بەو ڕۆژە، بریا هەر ئەودەم لە خۆشیان گیانم دەرچووبا. ئەو فرمێسکانە ئاکامی تەزوویی زیندووبونەوە و گەرانەوەی غروور حیزبی و سیاسیم بوون. ئاخر ئەمن دەزانم چ پەت پەتێنیکما پێ دەکرا.


بەو جۆرە دەتوانین بڵێین لەو قۆناخەشدا ئەوە قاسملوو بوو، بوو بە ماتۆری وەگەر خستنەوەی حیزب لە نێوخۆ. ئەوە ئەوبوو بەناخودای کەشتی حیزب وبزووتنەوەی کورد لەو قۆناخە دژوارەدا.

دوکتور قاسملوو بە درێژایی تەمەنی پڕکار و بەرهەمی، خزمەتێکی زۆری بە حیزب و بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ئێران کرد. ئەو لەنێو کورداندا لە ئینسانە هەرە وشیار و مەزن و بلیمەتەکانی رۆژگاری خۆی بوو. ڕۆڵی ناوبراو هێندە گەورەیە کە ئێستا مێژوو نوسان ، مێژووی حیزب و بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەجۆرێک دابەش دەکەن کە بۆخۆی گرنگیی ڕۆڵی قاسملوو لەو مێژوەدا دەردەخا. دەورانی کۆمار، دەورانی دوای کۆمار، دەورانی پێش قاسملوو، دەورانی دوای قاسملوو. ئەو جۆرە دابەشکردنە ئەکادیمیکیە ڕۆڵی قاسملوو بە ڕوونی لەو خەبات و بەربەرەکانیەدا ڕوون دەکاتەوە.

لەوەش زیاتر مێژوو نوسان و لێکۆڵەرەوەکان، باس لە شوێنەواری فەرهەنگ و کولتور و سیاسەت و پلان و بەرنامەکانی قاسملوو لە سەر حیزبی دێموکڕات و بزووتنەوەی کورد دەکەن. ئەوان پێ یان وایە ئەوە کە حیزب ئێستان ئاوا دەڕواتە پێش و لە ئیدامەکاری نەوەستاوە ، بەشێکی زۆری بەرهەمی ئەو کولتور و سترەکتور و سازماندەهیەیە کە قاسملوو بۆ حیزبی داڕشتوە. دەتوانین ڕۆڵی قاسملوو وەک لۆکۆمۆتیڤ پێناسەبکەین. لۆکۆمۆتیڤ ئەو ماتۆڕەیە کە قەتار بە دوای خۆیدا رادەکێشێ. لۆکۆمۆتیڤ هەمیشە لە پێشەوەیە، بە هێزو پڕ قودرەتە و خێراشە واتە بە سورعەتە. لۆکۆمۆتیڤ هەمیشە بە سورعەتێکی زۆرەوە واگۆنەکان بە دوای خۆیدا دەکیشێ.
جاری وایە لە رێلیش دەردەچێ بەڵام هەر هەڵدەسوڕێ . دوکتور قاسملووش ئەو نەخشەی لە حیزب و بزووتنەوەدا هەیە. ئەو تەنانەت پاش شەهیدبوونیشی بە قودرەتی زۆروە هەروا دەمانباتە پێش. ئێستاش هەروا هێزی لۆکۆمۆتیڤی سیاسەت وپرنسیپە کانی قاسملوویە کە بەسەر حیزبەوە ماوە و دەیباتەپێش. لەو وەزعە ناهەموارەشدا کە حیزبی تێدایە، ئەوە قاسملوویە پاش ٢٣ ساڵ لە شەهیدبوونیشی، هەر ئینێرژی موسبەت بە حیزب و بووتنەوە تەزریق دەکا. ئەوش بۆخۆی لایەنێکی دیکەی گەورەی و دەوری ئەو لە بزووتنەوەیەدا دەردەخا.
ئەستێرەیەکە لەو شەوە زەنگەدا، دەدرەوشێتەوە و بە بیرو ئەندیشەی سیاسی وخەباتگێڕانەی رێمان نیشان دەداو بۆلای خۆی ڕامان دەکێشێ. بیری سیاسی قاسملوو وەک ڤیزشن بەرەو لای خۆی کار و خەباتمان هیدایەت دەکا. بیری سیاسی قاسملوو ئیستا بۆتە پێناسەی بزووتنەوەی میللی دێموکراتی کوردستان.

تایبەتمەندی هەرە گەورەی دوکتور قاسملوو ئەوە بوو کە نیشتیمانپەروەر، کوردپەروەر و کوردستان پەروەربوو. ئەو کەسایەتیەکی جیهانی، ناوچەیی، ئێرانی بوو، هەویەتی جۆراوجۆری هەبوون. بەڵام کوردستانی بوونەکەی جەوهەری ئەسڵی و هەستەی ئەسڵی کەسایەتی قاسملوو بوو. هەموو هەویەتەکانی دیکەی بۆ بەهێزکردنی هەویەتی کوردستانیەکەی و جێبەجێکردنی ئەو ریسالەتە کە کەوتبوە سەر شانی کە ئازادی کوردستان بوو، بە کار دەهێنان. کوردستانی بە هەموو وجودەوە خۆشدەویست.
بە عیشقەوە تەماشای دەرودیمەنی کوردستانی دەکرد و خوایە وەتەن ئاواکەی لەبەر خۆیەوە دەگوت. دەیگووت دەچمە هەر وڵاتێک و لە هەر کوێ ڕێبەران و کەسانی سیاسی دیکە دەبینم و باسی کێشەی کورد دەکەم، هەست دەکەم کە بە ڕێزو حورمەتەوە وەرم دەگرن. بۆیە هەمیشە شانازی دەکەم کە ڕۆلەی کوردستانم و بە ناوی کوردەوە قسەدەکەم. یەکێک لەو دەرسانەی نەوەی نوێ دەبێت لە قاسملووی فێربێت لە راستیدا ئەو نیشتیمانپەروەربوون و کوردپەروەربوونەیە…

کۆتایی بەشی یەکەم

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە