کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیاوێک کە مرۆڤایەتی فێری لێبووردنی کرد(مەجید حەقی)

22:16 - 12 پووشپەڕ 2713

مەجید حەقی

پیرەپیاوی نەخۆش داوای جگەرەی کرد. بە جیاتی جگەرە پیپی پێدرا. کورە دوانزدە ساڵانەکەی سەیری باوکی نەخۆشی دەکرد. پیاوەکە پیپەکەی کێشا و گیانی لە دەست دا.
دایکی کورەکە یەکێک لە چوار ژنی پیاوەکە پیربوو و نەیدەتوانی هەموو مناڵەکانی خۆی بەخێو بکات. بۆیە کوڕە 9 ساڵەکەی بە بنەماڵەیەکی دیکەی سپارد. کورەکە لە دایک، خوشک و برا و دۆست و هەڤاڵان و گوندەکەی کە تەنیا جیهانی بوون جیا کراوە.

کوڕەکە ژیانی هاوسەری زۆرەملی نەویست. ئەو لە مێرمناڵی دا لە گەڵ کیژان ئاشنا ببوو و دەیزانی خۆشەویستی یانی چی. بۆیە خیانەتی بە زرباوک، دابونەریت و ئەرکی نەریتی و کۆنباو و کەس و کاری خۆی کرد. ئەو بە دەستی خاڵی رای کردە شاری جۆهانێسبێرگ. لەو شارەدا بوو کە ژیانی راستەقینەی نێلسۆن ماندێلا دەستی پێکرد.
ماندێلا رێگای خەباتی گرتە بەر. ئەو کۆتایی بە ئاپارتایدی کەمایەتی سپی پێستی ئەفریقای باشووری هێنا و بوو بە سەمبۆلی جیهانی لە پێناو بەها مرۆڤایەتیەکاندا.

دڵی ماندێلا هەمیشە شكاوە. ئەو لە جۆهانێسبێرگ لە گەڵ خاتوو توکو ماسێن ژیانی هاوسەرێتی پێک هێنا. یەکەم مناڵیان لە کۆرپەدا کۆچی دوایی کرد. دوای چوار مناڵ و سیزدە ساڵ ژیانی هاوبەش بە جیابوونەوە و تەڵاق کۆتایی هات.
دوای ئەو ماندێلا لە ئەوینداری وینی مادزیک بوو و لە ساڵی 1958 ژیانی هاوسەرێتی لە گەڵی پێک هێنا. دوای لەدایکبوونی یەکەم مناڵیان، ماندێلای 44 ساڵە زیندانی کرا. ئەو 27 ساڵ لە زیندان دا ما و دوای 13 ساڵ لە زینداندا تەنیا جارێک توانی کچەکەی ببینێ. بە ماندێلا رێگا نەدرا تەنانەت پرسەی دایکی خۆی لە بەندیخانەدا بگرێت. لە ساڵی 1990 دوای سەربەستی لە زینداندا، دووەم ژیانی هاوسەرێتی ئەو بە شێوەیەکی زۆر غەمبار کۆتایی هات.

ئێستا کە نێلسۆن ماندێلای 94 ساڵە لە گەڵ نەخۆشخانەدا لە گەڵ مەرگ دەست وپەنجە نەرم دەکات، خوێندنەوەی کتێبی رێگای درێژی ئازادی لە بیرەوەریەکانی ماندێلا واتایەکی دیکە بە خۆی دەگرێتەوە.
گەورەترین کاری ماندێلا لێبووردن و هاندانی خەڵک بۆ هەمان کار بوو. واتە خەبات خەبات بۆ ئازادی. کۆچی دوایی دایک و باوک، هەستی تاوانباری بە هۆی ڕاکردن لە ماڵ، جیاوازی تاڵ لە کەسوکار و خۆشەویستان، شوێنەواری قووڵیان لە سەر ئەو کەلە پیاوە دانابوو. ماندێلا فێر ببوو کە هەڵەکان و زوڵمەکانی رابردوو ناشێ بەسەر داهاتوو حوکم بکەن. مەگەر ئەوەی کە خۆمان وامان بوێت.

کاتێک لە زیندان ئازاد کرا ئەو رایگەیاند کە رقی لە دوژمنانی خۆی نیە لەوان دەبوورێ و تۆڵە ناکاتەوە.
دەسەڵاتدارانی سپی پێستی ئەفریقای باشووری دوژمنی خۆیان کە سەردەمانێک رێبەری تیرۆریستان بوو لە دەست دا و لەبەرامبەری تەسلیم بوون. ئەفریقای باشووری لە شەڕی ناوخۆیی رزگار بوو و جیهان فێری وانەیەکی گەورە کرا.
لەوانەیە هۆی ئەوەی کە نێلسۆن ماندێلای نەخۆش ئێستاش لە بەرامبەری مەرگ خۆڕاگری دەکات، ئەوە بێت کە ئەو دەیهەوێ مرۆڤەکان لە هەڵەکانی یەکتر خۆش بن و بریار بدەن پێکەوە لە ئاشتی، تەبایی و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤی یەکتر بژین.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە