کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆشەویستیی زمان و نیشتمان لە ئایینەکان و ئایینی یاریدا

22:19 - 13 پووشپەڕ 2713

عەلی پاڵانی

تەواوی ئایینەکانی دونیا لە هەر جێگایەک سەریان هەڵداوە بۆ یەکەم جارخزمەتی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بەو شوێنانە کردوە کە تێیدا هەڵقووڵاوە. وەک دروست کردنی خۆشەویستی بۆ خاک لە ناخی تاکەکاندا و ڕێزدانان و بەناوبانگ کردنی ئەو کەسایەتیانە  لە چمکەکانی ئەم ڕێبازە خزمەتیان کردوە و، هەروەها ناساندنی مێژوو کولتوور و نەریتەکانیان لە دونیادا. لە هەموو جیگاکان  کە ئایینەکان تێیدا هەڵقووڵاون خاکەکەیان کردوە بە پیرۆز و بە زیارتگا بۆ پەیڕەوانی ئەو ئایینە. لە زۆر جێگادا دەیبینین خەبات و بەرهەمی ئەو زیارتگانە لە بوارەکانی ئابووری و سیاسی(ڕامیاریی) و کۆمەڵایەتییەوە  چەندە خزمەتی بە خاک و خەڵکی جێگاکە کردووە. هەرکام لە ئایینەکان  زمانی ناوچەکە  یان نەتەوەکەیان کردووەتە زمانی خوا بۆ خۆشەویست کردن ولە ناو نەچوونی. هەروەها بۆ گەشە کردن و زاڵبوونی بە سەر زمانەکانی دیکەدا.

 ئایینی یاریش کە ئایینێکی ڕەسەنی کوردییە و هەڵقوڵاوی نیشتمانی گەلی کوردە،  لەم بوارانەدا سەرەڕای هەموو ئەو فشارانە لە سەری بووە و هەیە، هەوڵی داوە  وەک ئایینەکانی دیکە خزمەت بە خاک و زمان و خەڵکی خۆی بکات. کە دوای چەند بڕگەیەکی دەخەینە بەرچاو. هەروەها لەم بارەوە چەند خاڵی وەک یەک لە ئایینەکانی ناوچەکەی خۆمان دەخەینە بەر چاوی خوێنەرانی بەڕێز:

١ ئایینی جوولەکە کە یەکێکە لە ئایینەکانی سامی، زمانی عیبری وەک زمانی خواوەند پێناسە دەکات. هەر ئەم ئایینە بوو بە کۆڵەکەیەکی بەهێز و قایم بۆ ڕاگرتن و پارێزگاری زمانی جوولەکە. هەر لەژێر ناوی ئەم ئایینەدا وڵاتێکیان بۆ خۆیان پێک هێناوە. خاکی ئیسرائیل بۆ جووەکان خاکی پیرۆزە، خەیانەت بەم خاکە خەیانەتە بە موقەدەساتی ئەم ئایینە. واتە دروست کردنی خۆشەویستیی خاک لە ناخی ئاییندارانی ئایینی جوولەکەدا. زمانی عیبری زمانی خوایە، نابێ لە ناو بچێت. چیای سینا و چەمی نیل کە ئێستە لە جوغرافیای میسر هەڵکەوتووە و لە دونیا ناوبانگیان هەیە بەرهەمەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ئایینە. چیای سینا بە سۆمای چاو بەناوبانگە چوونکە ئەو جێگایە بوو کە خوا نووری خۆی بە مووسا پێغەمبەر نیشان دا. هەر لەو کاتەدا خوا نووری خۆی بە مووسا نیشان دا ئاگر لە چیا بەربوو. لە گلەیی و گازندە  و ناڕەحەت بوونی چیا، خوا چیای  کرد بە سۆمای چاو بۆ مرۆڤەکان، واتە وەک چاو دەبێ لەم چیا پارێزگاری بکرێت و هەروەها وەک چاویش خۆشەویست بێ. چەمی نیلیش بە چەمی نەجات ناوبانگی هەیە چوونکە مووسا دروودی خوای لێ بێ بە ناویدا تێپەڕ دەبێ و ڕەقیبەکەشی کە دەکاتە فیرعەون دەخنکێنێ.

٢ ئایینی مەسیحیش کە هەر یەکێکی دیکەیە لە ئایینە سامییەکان. هەر لە ئیسرائیل سەری هەڵداوە و، جێگای لە دایک بوونی عیسا و ماڵی خوا و زۆر جێگاکانی دیکە وەک بەیتولموقەدس و بەیتول لەحم کراون بە زیارتگا و، بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ ئەو جێگا مێژوویییانە کە زۆر لە ئاییندارانی مەسیحی سەردانی ئەوێ دەکەن. ئەمە خۆی لە خۆیدا خۆشەویست کردنی خاکی ئیسرائیلە لە ناو ناخی ئاییندارانی ئایینی مەسیحیدا و، دەوڵەمەند کردنیشییە لە باری ئابوورییەوە. 

٣ ئایینی ئیسلامیش کە سەرچاوەکەی لە عەربستانی سعوودییەوە سەر هەڵدەدات، هەر وەک ئایینەکانی دیکە خۆشەویستیی خاک، زمان، مێژوو و کەسایەتییەکانی لە ناخی خەڵکی موسوڵماندا دروست کردوە. شاری مەکە و مەدینە کە ساڵانە نزیک بە چوار میلیون حەجاج بۆ بە جێگەیاندنی فەرزی حەج سەردانی ئەوێ دەکەن. خاکی عەربستانی سعوودی و چیا و ڕووبارەکانی  و ئەو ئەشکەوتەی کە ڕەسوولی ئەکرەم لە ترسی نەیارانیدا خۆی تێدا حەشار دابوو، پیرۆزە و زیارتگایە بۆ موسوڵمانان و پێرەوانی ئایینی ئیسڵام. ماڵی خوا و ئاوی زمزم و زۆر جێگای دیکە بووەتە هەوێنی خۆشەویستی ئەم وڵاتە لە ناخی خەڵکدا. کە ساڵانە بەرهەم و داهاتی ئابووری لە ڕادە بەدەرە. لە ئایینی ئیسلامدا زمانی عەرەبی زمانی خوایە. خوا لێکۆلێنەوەکانی لە مرۆڤ چ لە قەور و چ لە قەیامەت بە زمانی عەرەبی دەکات. خوای گەورە  قورئانی پیرۆزی بۆ ڕێبەری ئیسلام  درودی خوای لێ بێ و پێرەوانی ئەم ئایینە هەر بە زمانی عەرەبی دابەزان. قورئان و ئایینی ئیسلام بوون بە هۆی دەوڵەمەند کردنی زمانی عەرەبی، و هەروەها مێژوو و کەسایەتییەکانی نەتەوەیی عەرەب، نەک تەنها بە گەلی عەرەب بەڵکوو بە هەموو دونیای ناساند. زمانی عەرەبی بە هۆی پیرۆزی ئەم ئایینەوە تا ڕادەیەک بوو بە زمانی زۆر نەتەوەی دیکە. هەروەها بوو بە کۆڵەکەیەکی باش بو بە جیهانی کردنی. نەک تەنها بوو بە زمانێکی گەورە لە دونیا بەڵکوو بوو بە هۆی کزکردنی زمانەکانی دیکەی ناوچەکە و، بەتایبەت زمانی ئێمەی کورد. ناوی عەرەبی بوون بە ناوە جوان و شیرینەکان لە ناو موسوڵمانان و گەلانی دیکەدا. تا ڕادەیەک بوو بە هۆی سڕینەوەی ناوە کوردییەکان و هەروەها ئایینی ئیسلام بوو بە باشترین کەرەستە بە دەست گەلی عەرەب و فارس و تورک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان. لە ئێرانی کۆماری ئیسلامیدا ئێستە لەم کەرستە کەڵک وردەگرێت بۆ بنەبڕکردنی ناوی کوردی و مێژوو و کولتور و ئاسەوارە نەتەوەیییەکانی  کورد . بەگشتی بە هەموو شێوەیەک لەم کەرستە و دەیان کەرستەی دیکە کەڵک وەردەگرن بە دژی کورد.

ئایینی یاری

با بزانیین ئایینی یاری کە ئایینێکی ڕەسەنی کوردییە چۆن وەک ئایینەکانی دیکە خزمەت بە زمان و مێژوو و خاک  و خەڵکی خۆی دەکات. هەروەها چۆن بەرگیری لە لەناو نەچوونی زمانی کوردی دەکات. لە ئایینی یاریدا زمانی کوردی زمانی خوایە، ئەمە خۆی لە خۆیدا خۆشەویست کردن و نرخ پێدانە بەم زمانە لە ناخی تاکەکانی کوردا چوونکە زمانی خوا نابێ لە ناو بچێت. هەر وەها خوا بەم زمانە لەگەڵ ئاییندارانی ئایینی یاریدا گفتوگۆ دەکات. لە ئایینی یاریدا چیا، کانیاو، ڕووبار و خاکی کوردستان بە گشتی پیرۆزترین جێگاکانی گۆی زەوییە. خەیانەت کردن بە خاکی کوردستان خەیانەتە بە موقەدەساتی ئایینی یاری. بەم شێوەدەتوانین بڵێین ئایینی یاری بەم کەرەستەی ئایینییەوە  هەوڵی داوە بۆ بەرگیری کردن لە نیشتمانەکەی کە زۆر جار هێرشی بەربڵاو بە بیانووی جۆراوجۆرەوە کراوەتە سەری. هەر بۆیە زۆر جار بووە  نەیارانی خاک و خەڵکی کوردستان ئەم ئایینەیان بە نگریس و قێزێون لە بەرچاوی خەڵک و بەتایبەت گەلی کورد خۆیدا ناشیرین کردووە، واتە  وەک کافر و دژە خوا لە قەڵەمیان داوە. بە قەوڵی نووسەرانی بە توانامان بەڕێزان  کاک دوکتور حوسینی  خەلێقی و دوکتور جەماڵ نەبەز ئەوە وڵامێکیشە بۆ ئەو کەسانە کە بە درۆ و بوختان ئەڵێن ئایین و ئاییندارانی یاری باوەڕیان بە خوا نییە. بەڵام ئەم بەڵگانەی سەروە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە ئایینی یاریش وەک ئایینەکانی ئیبراهیمی  و زەردتەشت باوەڕیان بە بوونی هەمان خوایە کە ئەوان بڕوایان پێیە. ئەمە ئەوە دردەخات کە ئەم هێرش و پڕووپاگەندانە بۆ سەر ئایینی یاری بۆ لەناو بردن و قەڵاچۆ کردنی بووە لە ناو گەلی کورد کە خاوەنی ئەم ئایینەیە.

خوێنەری بەڕێز لەگەڵمان بن بۆ بەراوردێک لە نێوان بەشێک لە ئایینەکان و ئایینی یاری لەسەر یەکڕێزی مرۆڤ و یەک هاوسەرگیری.
 ئایینی بوودی ئەڵێ سەیری ژن مەکەن ئەگەر سەیریشتان کرد ئەوا بە بوغزەوە سەیریان بکەن. کەواتە ژن لە ئایینی بوودیدا زۆر ناشیرین و قێزێونە، واتە بۆ پیاو بوونەوەرێکی ترسناکە. ئایینی جوولەکە ئەڵێ گوێیان لێ بگرن بەڵام بە قسەیان مەکەن، واتە بەقسەکردنیان تووشی هەڵەتان دەکات و، لە هەمان کاتدا بێ ڕێزی و حساب بۆ نەکردنە. لە ئایینی مەسیحیدا ئەڵێ ئەو ژنانە ئەبن بە قەشە نابێ مێرد بکەن، دەبێ خۆیان هەڵگرن بۆ عیسا پێغەمبەر دروودی خوای لێ بێ. لە ئایینی ئیسلامدا چوار ژن بۆ پیاوێک ڕەوایە، تەڵاقیش هەر بەدەست پیاوە. بەڵام لە بواری تەڵاق و مافی هاوسەریدا ژن نابێ مافی وەک پیاوی هەبێ. هەروەها لە شەریعەتی ئیسلامدا دوو ژن بە یەک شاهید قەبووڵ دەکرێت لە بەرانبەر پیاوێکدا. لە دابەش کردنی میرات واتە سەروەت و سامانی باوک و دایک پاش مردنیان بە سەر کوڕ و کچدا هەر دوو کچ بە قەد یەک کوڕ بەشی دەکەوێت، واتە بە نیوە مرۆڤێک حیساب دەکرێت. هەروەها زۆر بێ مافی دیکە نەک هەر لەم دونیا بەڵکوو لە بەهەشتیشدا بۆ نموونە پاداشتی هەر پیاوێک ٧٠ حۆریە زاید ئەم ژنەش کە پیاوەکە هەیەتی. بەڵام ژن لەم ٧٠ حۆریە بێ بەشە و ئەگەر لە دونیا سێ هەوەی هەیە ئەوا لە بەهەشتدا ٧٠ ی هەیە. بەڵام لە ئایینی یاریدا ڕێگا بە پیاو نادا لە یەک هاوسەر زیاتری هەبێ و هەر وەک پیاو مافی هەیە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا تەنها لە جەمخانەکان نەبێ لە کاتی تاعەتدا ئەگینا لە هەموو کۆڕو کۆبوونەوە و ڕاپرسییەکاندا وەک پیاو مافی هەیە. ژنانیش بە جودا لە جەمخانەکان پێکەوە کۆدەبنەوە و تاعەت دەکەن.

هیوادارم تاکەکانی گەلی کورد هەموو جیاوازییە ئایینی و مەزهەبی و بیرە جیاوازەکان وەک ئەمری شەخسی بهێڵنەوە. هەموو پێکەوە بەرژەوەندییە گشتییەکان بخەنە سەرەوەی بەرژەوەندییە تایبەتەکان. هەروەها ئایین و مەزهەب و بیرە جیاوازکان وەک گەلانی ناوچەکە بخەینە خزمەتی ڕزگاریی خاک و زمان و بەرژەوەندی نەتەوەیی بۆ ئەوەی ئێمەش وەک خەڵکانی دیکە بگەین بە کییانی سەربەخۆی خۆمان. لە وڵاتێکی ئازاددا پێکەوە ئازادانە درێژە بە ئایینداری و باوەڕی خۆمان بدین و، وەک برا بە هەموو جیاوازییەکانمانەوە پێکەوە بژین. 
لە کۆتاییدا ئەم نووسراوە تەنها وەک بەراوردێکە لە نێوان ئایینەکاندا سەبارەت بە خۆشەویستی نیشتمان و زمان و مافی یەکسانی. واتە ئەمە گەورە کردنەوەی ئایینێک نییە بە سەر ئایینەکانی تردا، یان بێرێزی کردن نییە بە هیچ ئایینێک.

سەرچاوەکان :
ـ ئایینی یاری:  دوکتۆر حوسین خەلێقی
ـ فەلسەفەی ئایینی یاری: دوکتٶر جەماڵ نەبەز
ـ کەڵک وەرگرتن لە خوێندنی ئایینەکان لە قوتابخانەدا: عەلی پاڵانی

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە