کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئایدۆلۆژیا و بیروباوەڕ (عومەر ئیزەدخا)

22:40 - 16 پووشپەڕ 2713

عومەر ئیزەدخا

لە ڕووی زاراوەییەوە: لەهەر دوو وشەی ( ئایدیا ) ، واتا هزر لەگەڵ (لۆژی) ، واتە زانست، زانستی هزرەکان، واتە ئەو زانستەیکە لە هزرەکان وچۆنییەتی دروستبوون وشێوەکانیان دەکۆڵێتەوە ، لەزمانی عەرەبیدا لەبەرامبەر وشەی ( عەقیدە ) بە کار دەهێنرێ، کە ئەبێتە هۆی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و سیاسی ..

پێناسەی من بۆ ئایدۆلۆژیا و بە جیاواز لەگەڵ بیر و باوەڕ ، ئایدۆلۆجیا چوارچێوەیەکی بیرییە و ئاراستەکانی ئەو بیرە بە پێی داڕێژەرانی ئایدۆلۆژی دیاریکراوەوە و کارنامەیەکی گشتگیری هەیە بۆ لایەنێک یان زیاتر و ئەندامانی گروپێک پەیرەوی دەکەن ، جا ڕەنگە ئایدۆلۆژیا سیاسی بێ یان کۆمەڵایەتی یان ئابووری و بەس ، واتە لەو ٣ دەروازەیەی زیاتر نییە ، ئەو گروپەی کە پەیرەوی دەکات لە ئایدۆلۆژیای دیاریکراو لەوانەیە ڕێکخراوێکی کۆمەڵایەتی یان سیاسی یان ئابووری بێت ، بەنمونە حزبە سیاسیەکان یان لۆبی و هێز و گروپە فشارییەکانی ئابووری و بەرهەمهێنان ..

بیروباوەڕ

پێناسەی من بۆ بیروباوەڕ ، یەکێکە لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی بیرکردنەوەی مرۆڤ لەپاڵ ئایدۆلۆژیا ، کە بەوە جیا دەکرێتەوە لەگەڵ ئایدۆلۆژیا ، کە سروشتییە ، واتە هۆی دروستبوون و بڕیاڕدان لەسەری ناگەڕێتەوە بۆ تاک ، بەڵکوو خۆ نەویستە و هۆکارە جۆربەجۆرەکانی دەوروبەری مرۆڤ دەبێتە هۆکاری دروستبوونی لەمێشکی مرۆڤدا و ناتوانێت خۆی لێ لادات ، جا تاک ئاستی بیرکردنەوەی لەهەر ئاستێکدابێت ، بیر و باوەڕگەلێکی لە هزریدا بە سروشت هەن و تاکو ئاستی بیرکردنەوەیشی بەرزتر و ڕوونتر بێت زیاتر بیروباوەڕێکی بەهێزتری هەیە کە زۆر بە تۆخی لە کارەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە و لێی دەرناچێ.

جا لێرەوە دێمە سەر ئەو بڕوایەی کە بیر و باوەڕ زاڵترە لەئایدۆلۆژیا ، نمونەی بیروباوەڕیش فروانترە و زاڵترینیان ئایین و دواتر نەریت و دواتر هۆکارە جۆربەجۆرەکانی دەوروبەر ( ژینگەی سروشتی ) ، بۆچی ئەم جیاوازییە ئەکەم ؟
بەهۆی ئەوەی کە پێویستە بۆ بەرچاوڕوونی ئێمەمان تاکوو باشتر هێزە و گروپەکان لە یەکتری جیا بکەینەوە و هەر بەهۆی ئەمەش دەتوانی جیاوازی بکەیت لەنێوان ( ئایین و نەریت و ژینگەو..) و ( چەمکی دێموکراسی لیبڕاڵی و سیکۆلاری و سۆشیالی و مارکسی و .. ) ، کە یەکەمیان زیاتر ئەچنە خانەی بیروباوەڕەوە کە ئاراستەیەکی ڕوون و گونجاوی هەمەلایەنە و ڕێکخروای نییە و دووەمیان زیاتر ئەچنە خانەی ئایدۆلۆژیاوە کە لەلایەن خوودی مرۆڤە چالاک و بیرباڵاکانەوە دانراون.

هەر ئەوانەی کە بەرداشەکانی ژیان هاڕیونی ، لە ئەمجامی لێکۆڵینەوەیەکی زۆر گەیشتوون بە ئەنجامێکی باش کە داڕشتنی ئاراستە و هەڵوێستەکان و بەرنامەی کار بۆ لایەنێکی دیاریکراوی ژیان یان زیاتر بە ڕوونی ، لەبەر ئەوە دەڵێم دووەمیان زیاتر گونجاون بۆ کاری دەوڵەتەتداری و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایەکی بەرفراوانی جیاواز لە بیر و باوەڕ ، لەخوارەوە چەند جیاوازییەکەم بە خاڵ خستۆتەڕوو ، لەنێوان ( ئایدۆلۆژیا و بیروباوەڕ ) :

بیر و باوەڕ بە سروشتی دروست دەبێت ، بەڵام ئایدۆلۆژیا بڕیاری تاک خۆیەتی ، لەوانەیە هەندێ جار لە حزبێکی جەماوەری کە ئایدۆلۆژیایەکی دیاری کراوی هەیە ئەم حزبە ، ئەوا تۆ ناتوانین بڵێن کە سەرجەم ئەندامەکانی باوەڕی تەواویان هەیە بەم ئایدۆلۆژیایەوە کەچی هەمووشیان لێی لانادەن بۆچی ؟ من دەڵێم بۆ بەرژەوەندی ، حزب هەیە نیوەی ئەندامانی باوەڕی تەواویان بە ئایدۆلۆژیای دیاریکراوی حزبەکەیان نییە بەڵام لێیشی لانادەن ، کەواتە ئەم جیاوازییە لەوە کۆتایی پێدێت کە لەکۆتاییدا لەوانەیە تاک واز لە ئایدۆلۆژیا دیاریکراوەکە بێنێت یان بەتەواوی پابەند نبێت پێی.

- لەبەر هۆکاری خاڵی یەکەم ، بۆمان دەرئەکەوێ کە بیر و باوەڕ بەهێزتر و زاڵترە ، جا ئەگەر لە کاتێکدا تاک هەردووکی هەبوو لە بیرکردنەوەیەکی دیاریکراودا ، واتە لەیەک کاتدا هەم بەبیروباوەڕو قەناعەتی و وە ئایدۆلۆژیای دیارکراوی لە حزبدا یان لە هەر ڕێکخراوێکدا بێت ، ئەوا ئەندامێکی سەرسەخت و پارێزگاری ئەو ڕێکخراو و حزبەیە .

- ئایدۆلۆژیا شێوەیەکی داڕێژڕاوی ڕوونی هەیە و تاک بەئاسانی ئەتوانێ پشتی پێ ببەستێ ، بەڵام بیروباوەڕ نا ، وەچەندان جیاوازی تریش ..

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە