کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واشنگتۆن ناتوانێت پێش بە هێرشی ئیسراییل بۆسەر ئێران بگرێت

15:50 - 20 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: جۆ بایدن، جێگری سه‌رۆکۆماری ئەمریکا گوتی: ئەمریکا ناتوانی پێش بە هێرشی نیزامیی ئیسراییل بۆ سەر ئێران بگرێت.

جۆ بایدن رۆژی سێ‌شەممە، رێکەوتی ١٩ی بانەمەڕی ١٣٩١ی هەتاوی لە ئاتلانتا گوتی: دەرفەتی چارەسەر کردنی بەرنامەی ناوکیی ئێران بە شێوازی ئاشتیخوازانە لە داهاتوویەکی نیزیکدا تەواو دەبێت.
ناوبراو هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی کرد که ئەمریکا لە هەر دەرفەتێک بۆ پێش‌گیری لە دەسپێڕاگەیشتنی رێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی کەڵک وەر دەگرێت.
ئەمریکا، رێژیمی ئێران بە دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی و دروست کردنی بۆمبی ناوکی تۆمەتبار دەکات.
لەلایەکی دیکەوە رێژیمی ئێران ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە و لە هەمان کاتیشدا لە جێبەجێ کردنی داخوازییە نێودەوڵەتییەکان لەمەڕ راگرتنی پیتاندنی ئورانیۆم خۆ دەبوێرێت.
وڵاتی ئیسراییل، هاوپەیمانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوه‌ڕاست، هوشداریی داوە کە ئێرانێکی خاوەن چەکی ناوکی هەڕەشەیە بۆسەر ئەو وڵاتەیه و ئیسراییل بە مافی خۆی دەزانێت کەلە هێزی سەربازی کەڵک وەربگرێت.
جێگری سەرکۆماری ئەمریکا پەڕژاوەتە سەر ئەوەش کە هەمیشە دەلاقەی دێپلۆماسی بەرەوڕووی ئێران کراوە نابێت و بە زوویی دادەخرێت.