کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ یادی دكتور قاسملوو (د. كرمانج گوندی)

23:04 - 18 پووشپەڕ 2713

دكتور كرمانج گوندی

٢٤ ساڵ لەمەوپێش، لە ١٣/٧/١٩٨٩، دكتۆر رەحمانی قاسملوو و دوو لەیارانی بەدەستی مرۆڤكوژانی رێژیمی فرقەیی ئێرانی لەئوتریش شەهید كران. ئەو شیعرە پێشكەشە بە بیست و چوارەمین ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی ئەو رێبەرەی كوردستانی .

بۆ دكتور قاسملوو
رۆحیكی پاك بووی
لەئێوارەێیكی هاوینیی پەڵەی هەوری ترست دەشكاند
لە ئایەتوڵڵا ئەهریمەنەكان یاخی بووی
نهێنییەكانت دەپشكنی و لە لووتكەی خۆر دەنیشتیەوە
عەودالی دونیای ئازادیی بووی
دەمێكیان وەكوو گیانێكی باوەڕ بەخۆ هاتیە خوار و
لەسەر ترۆپكی گفتوگۆ
بەسەر قەنارەی مەرگ و مەنفا شۆڕ بوویتەوە

تۆ لە كاروانسەرای خاكێكی سووتمەڕۆ
لەسەر شۆستەی سبحەینەكان
شەختەی دیلێتییت دەتاواندەوە
بە ناو كاناڵی ترس و تۆنێلی خوێن سەفەرت دەكرد
وێنەی وڵاتێكی دیلت لەتیشكی خۆر
لە تریفەی مانگەشەو، لە سرووشتی جوانی وەرزەكان و
لە سادەیی ئەو غوڕبەتە درووست دەكرد

ئێوارەیێك ڕۆحت كەوتە ناو هەناوی مەرگ و
بۆ نەوەكانی میدیا ــــ بۆ
ئەم وڵاتە بێ پەرژینە بوو بە مێژوو
لە ڕۆژێكی هاوینییدا تۆ ون بوویت و
نە تۆ كوردستانت دیتەوە و نە كوردستانیش تۆ
تۆ هەڵوەدا بوویت و ڕۆحت لە مەنفا بزر بوو
نیشتیمانیش لە هەژمەت تۆ خۆی لە تەم گرت و سەراپا خەم بوو.