کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مرۆڤێک، سروودێک دەتوانێ جیهانێک بگۆرێت(مەجید حەقی )

15:57 - 19 پووشپەڕ 2713

مەجید حەقی

لەشەڕی یەکەمی جیهانی دا، لە بەرەی شەری فیلاندێری بێلژیکدا هێزەکانی ئەڵمانیا، فەرانسە و بریتانیا ئەوەندە نزیک یەکتر ببوون کە مەودای نێوان سەنگەرەکانیان تەنیا 20 مێتر دەبوو. سەرمای زستان و ئاسەواری بۆردمان و تانک و توپەکان سروشتیان وێران کردبوو. برسێتی و نەبوونی خواردەمەنی بڕستی لەسەربازانی بەرەی شەڕ بریبوو. لە خاکی بێ خاوەنی نێوان لایەنەکاندا کەلاکی کوژراوەکانی هەردوو لا کەوتبوون و کەس نەیدەوێرا کوژراوەکانی لێیان نزیک بێتەوە. گۆرستانە بەکۆمەڵەکان پڕببوون و بۆنی مەرگ لە هەر جێگایەک بەرز دەبووە.

لە ئێوارەی کریسمەسدا، سەربازێکی ئەڵمانی دەستی کرد بە خوێندنی سروودی کریسمەس سەربازانی دیکە چەپڵەیان بۆ لێدا، ئەوجار هەموو سەربازەکانی بەرەی ئەڵمانیا دەستیان کرد بە خوێندنی سروودی کریسمەس، سەربازەکانی بەرەی بریتانیایی و فەرەنسی چەپڵەیان بۆ سروودی دوژمنانیان لێدا، ئەوجار بریتانیایی و فەرەنسەویەکان سروودیان خوێندەوە و سەربازانی ئەڵمانیا چەپڵەیان بۆ لێدا. زۆری نەخایاند کە کە هەردوولا پێکەوە دەستیان بە خوێندنی سروودەکە کرد. چەند سەربازێکی بوێر لە سەنگەرەکانیان دەرکەوتن و چوونە ناو خاکی بێ لایەنی نێوان بەرەکە و دەستیان بە سەمای کریسمەس کرد. ئەوجار هەزاران کەس لە سەربازانی هەردووک لا لە سەنگەرەکانیان دەرکەوتن و دەستیان بە گوتنی گۆرانی، سەما و گۆڕینی دیاریی کریسمەسیان کرد و بەوە لە کریسمەسی 1914دا بۆ ماوەی هەفتەیەک زیاتر لە 100000 سەربازی لایەنەکانی شەڕ پێکەوە ئاشتی ژیان و کریسمەسێکی ئاشتیانەیان تێپەر کرد.

سەربازەکانی دوژمن پێکەوە وێنەیان گرت، یەکتریان لە ئامێز گرت و نامەیان بۆ بنەماڵەکانی خۆیان نارد و باسی ئاشتی و پێکەوە ژیانیان کرد. لەو ماوەیەدا ئەوان لە خاکی بێلایەندا دەستیان بە تۆپی پێ، یاری کردن و پێوەندی کۆمەڵایەتی کرد. ئەفسەرێکی ئەڵمانی کە هەواڵی پێکەوە ئاشتی لایەنەکانی دوژمنی بیست زۆر توورە بوو و بڕیاری دا سەربازانی ژێر فەرمانی بە توندترین شێوە سزا بدات. ئەو ئەفسەرە ئادۆلف هیتلێر بوو.

مرۆڤێک، سروودێک و هیوایەک توانی لە یەکێک لە خوێناویترین بەرەکانی شەڕی جیهانی، ئاشتیەکی کاتیش بێت لە نێوان دوژمناندا بخوڵقێنیت. جڤاکی کوردی کە لە قووڵایی تەنگەژەی بڕوای کۆمەڵایەتی دا دەژی، هەستی بڕوا بە خۆ و بە یەکتر لە خوارەوەترین ئاستەکانی خۆیدایە، هەوری ناستۆلۆژی رابردوو پێشی خۆری داهاتووی گرتووە، پێویستی بە سەربازگەلی زۆر هەیە، بۆ کۆتایی هێنان بەو لەهەمبەر راوەستانە و تواندنەوەی سەهۆڵی دژبەریەکان و خەبات لە پێناو بەها هاوبەشەکان.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە