• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٢ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٠١ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی  

رۆژی جیهانیی ژن

زایینی: ١٤-٠٣-٢٠١٢ - هەتاوی: ١٣٩٠/١٢/٢٤ - ٢١:٤٨ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
رۆژی جیهانیی ژن
ئێلهام چایچی

رۆژی 8ی مارسی 1857، کرێکارانی ژنی رستن و چنینی کارگاکانی نیویۆرک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بارودۆخی دژواری کار و هەقدەستی نابەرابەر و تەنانەت کەمتر لە پیاوان، مانیان گرت. هێرشی پۆلیس بۆ سەر مانگرتووەکان و لە درێژەی هێرشەکەدا ئاگرکەوتنەوە بە هۆی بەندبوونی کرێکارەکان لە کارگادا، مەرگی 129 کرێکاری ژنی لەم ناڕەزایەتییانەدا لێکەوتەوە.

لە درێژایی مێژوودا پاداشی کاری بۆ ژنان بە شێوەی بەرابەر نەبووە و ژنان هەروا بە بیانووی نەبوونی شارەزایی تەواو و پێویست پاداشێکی کەمتریان لە هەمبەر پیاوان وەرگرتووە. تێکەڵبوونی ژنان بە بازاڕی کار هەنگاوێکە بەرەو ئازادی، بەڵام ئەمە بە واتای رزگاربوونی تەواوی ژنان لە دۆخی هەبوو نیە. بە هەر حاڵ کاتێک لێهاتوویی و رادەی بەشداریی ژنان لە بوارە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی هەر کۆمەڵگایەک نیشانەی پێشکەوتن و رادەی دێموکراسی لەو کۆمەڵگادایە، دەبێ بواری وەدیهاتنی ئەم پێشکەوتنانەش بۆ ژنان بڕەخسێ. هەڵاواردنی جنسیەتی، یاسا دژەژنەکان، داب و نەریت و ئەو یاسایانەی کە لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکاندا و... لەو کێشانەن کە لەسەر رێگای ئازادی و وەدەستهێنانی مافەکانی ژناندا بۆسەیان ناوتەوە. یەکێک لە دوایین نموونەکان لەم پێوەندییەدا دامەزرانی نەخۆشخانەیەکی یەک جنسیەتی لە لایەن حکوومەتی دژەژنی کۆماری ئیسلامییەوەیە کە بە روونی نیشانەی توندوتیژیی ئامانجدار و رێکخراوی ئەم حکوومەتەیە. لە لایەکی دیکەوە لە کاتێکدا کە رەوشی سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵات بە هۆی گوشاری سەرچاوەگرتوو لە گەمارۆ سیاسی و ئابوورییەکان ئاڵۆزە، مەترسیی هێرشی سەربازی و گۆڕانکارییەکان، لەوانە ناڕەزایەتیی خەڵکی سووریە و وڵاتانی عەرەبیی دیکە، کە گوایە چارەنووسیان بە چارەنووسی کۆماری ئیسلامییەوە بەستراوەتەوە، بازنەی گوشار بۆ سەرکۆماری ئیسلامی رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێ.

لە ساڵی 2011دا، دەفتەری بەرنامەی گەشەپێدانی رێکحراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، راپۆرتێکی بە ناوی گەشەپێدانی مرۆڤی بڵاوکردووە کە تێیدا ئێران لە پێوەندی لەگەڵ پێوەری نابەرابەریی جنسیەتیدا لە نێو 187 وڵاتدا، پلەی 92 بۆ خۆی تەرخان کردبوو. هەرچەند راپۆرتی فرۆمی جیهانیی ئابووری لە بارەی درزی ئابووری لە هەمان ساڵدا ئێرانی لە نێو 135 وڵاتدا لە پلەی 125دا دانابوو کە ئەمە نیشانەی هەوڵنەدانی ئەم وڵاتە بۆ لابردنی درزی جنسیەتی لە نێوان ساڵەکانی 2006 تا 2011 دایە. ئەم ژمارانە نیشانەی ئەو راستییەن کە ژنان لە زۆر بواردا هۆگریی پێویستیان بۆ گرتنە دەستی پلە و پایە گرینگەکان و چوونە نێو بازاڕی کار بۆ بازەرگانی و بەڕێوەبەرایەتیی کارخانە و ... نیە. چوونکە ئەم ژنانە لەگەڵ بەربەستی زۆردا وەکوو بەرتەسکبوونی ئازادییە تاکەکەسییەکان، نەبوونی ئازادی لە چۆنیەتیی جل لەبەرکردندا، نەبوونی ئاسایشی گیانی و کاری، نەبوونی دەرفەتی کار، هەقدەستی نابەرابەر، کاتژمێری کاریی نابەرابەر، نابەرابەری لە خوێندن یان کار لە تەواوی بوارەکاندا، روانگەی فەرهەنگیی کۆمەڵگای پیاوسالار و ئەو یاسایانەن کە پشتیوانی لێدەکەن، بەرەوڕوون کە نە تەنیا بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە لە لایەن دەوڵەت و حکوومەتەوە هیچ میکانیزمێک پێشنیار ناکرێ بەڵکوو لە هەوڵی بەهێزکردنی فەرهەنگی پیاوسالار و خستنەپەراوێزی ژنان لە کۆمەڵگادان.

بەڵام لە ساڵێکدا کە تێپەڕی رەوشی ژنان لە جیهاندا چۆن بوو؟
بە دەسپێکی وەرزێکی نوێ بە ناوی «بەهار» لە وڵاتانی عەرەبیدا و ئارەزووی ئازادی و دێموکراسی لەم وڵاتانەدا و بە دوای ئەوەدا روودانی شەڕە نێوخۆییەکان لە نێوان ناڕازییان و بەکرێگیراوانی حکوومەتیدا، سەرەکیترین زیانەکان بەر ژنان و منداڵان کەوت. شەڕ و کوشتوبڕ، هەژاری و برسیەتی، لە دەستدانی سەرپەنا و دەستدرێژیی جینسی و ... لەو کێشانەن کە ژنانی ئەم وڵاتانە لەگەڵیان بەرەوڕوون. سەرەڕای ئەوە کە ژنان بەتایبەتی لە وڵاتی میسر بە بەشداریی بەرچاوی خۆیان لە خۆپیشاندانەکاندا بەشداریی هەمیشەییان لە ریزەکانی خەبات دژی دیکتاتۆری راگەیاند، دەستکەوتێکی وەهایان لەم بەهارە نەبوو، لە 8ی مارسی ساڵی پێشویشدا ژنان بۆ بەڕێوەبردنی رۆژی جیهانیی ژن چوونە مەیدانی تەحریر بەڵام لەگەڵ دژکردەوەی توندی دەمارگرژە مەزهەبیەکاندا بەرەوڕووبوون کە بە هەراوهوریا و توندوتیژی پێیانیان دەگوت: «بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانتان، داخوازییەکانی ئێوە دژی دینە». لەم نێوانەدا سوپاش بۆ پشتیوانی لە دەمارگرژە مەزهەبییەکان، هەڕەشەی تاقیکاریی پەردەی کچێنی لە ژنان دەکرد.

بە روونبوونەوەی ئاکامەکانی هەڵبژاردن لە میسردا و وەدەستهێنانی زۆربەی کورسییەکانی پارلمان لە لایەن حیزبی ئازادی و دادپەروەری، سەر بە ئیخوانولموسلمین و حیزبی ئەلنوور، سەر بە سەلەفییەکانی میسر زەنگی مەترسی بۆ سەر رەوشی ژنان لێدرا. ئەم حیزبانە پاش سەرکەوتن لە هەڵبژاردندا رایانگەیاند کە بەشداریی ژنانی نوێنەر لە پارلماندا، واتە هەبوونی شەیتان لە پارلمانی ئەم وڵاتەدا.

ئازادیی ژنان لە کۆمەڵگادا، پێوانەی سەرەکیی ئازادیی ژنان لە هەر کۆمەڵگایەکدایە، گوایە بەهاری عەرەبی و شۆڕشی ساڵی 57 لە سەرەتای سەرکەوتنیانەوە بە پێکهێنانی بەربەستگەلی گەورە لە سەر رێگای ژنان، دروشمی ئازادی و دادپەروەری کە هۆکاری سەرەکی هاتنە مەیدانی ژنان بوو لە بیر کردووە.



سه‌رچاوه‌: رۆژنامه‌ی‌ "کوردستان"، ژماره‌:576
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٣ لەم ژمارەیەدا:

ــ بوومەلەرزەی سیاسی
ــ لە خەبات دژ بە ئەپارتایدەوە بۆ ڕاسان
ــ ئەمن چی بكەم، خۆتان دروستی بكەنەوە
ــ دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک