کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی دكتور قاسملوو لەبنكەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكرات بەرز راگیرا

17:53 - 22 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: لەبنكەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی رێوڕەسمی ساڵیادی شەهیدكرانی دكتور قاسملوو و هاوڕێیانی بە بەشداریی سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكرات بەڕێوە چوو.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، سەرلەبەیانی رۆژی شەممە رێكەوتی ٢٢‌ی پووشپەڕ ئەو رێوڕەسمە بەئامادەبوونی ئەندامانی رێبەری، پێشمەرگە و بنەماڵەكانی حیزبی دێمۆكرات، شاندێکی پارتی سوسیالیستی کوردستان و میوانانی هێژا و بەڕێز بەڕێوە چوو.
سەرەتای رێوڕەسمەكە بە خوێندنەوەی سروودی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەكێك بێدەنگی بۆ رێزگرتن لەگیانی پاكی شەهیدان دەستی پێكرد و دواتر فیلمێكی دیكۆمێنتاری لەژێر ناوی روانگەی دكتور قاسملوو لەسەر خەباتی كورد پیشانی بەشداران درا.

پاشان كەریم پەرویزی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكرات پەیامی دەفتەری سیاسیی بەو بۆنەوە پێشكەش كرد.

پەرویزی وتی: د.قاسملوو لەسەر میزی وتووێژ لەگەڵ نێردراوانی كۆماری ئیسلامیی شەهید كرا و بەڵگەكان وامان پێ‌دەڵێن كە سەرانی كۆماری ئیسلامیی بە نێردراوەكانیان وتبوو، ئەگەر لەو وتووێژانەدا بە ئەنجام نەگەیشتن دكتور قاسملوو تێرۆر بكەن.
كەریم پەرویزی باسی لەبیوگرافی دكتور قاسملوو كرد و وتیشی: ژیانی دكتور پڕ بووە لە كارەسات و ناخۆشی و كەند و كۆسپ، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە دكتور قاسملوو لەسەر كۆمەڵێك پرەنسیبی وەكوو ئازادی پێداگر بووە و ئەو كۆسپانە نەیتوانیوە ئەو چەمكە لای دكتور كەم رەنگ بكاتەوە.
ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسیی یادی كاك عەبدوڵڵا قادری ئازەر ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆكرات و فازڵ رەسووڵ دۆستی حیزبی كە لەگەڵ دكتور قاسملوو شەهید كران، بەرز نرخاند و هەروەها باسێكیشی لەكاك سەید سەلام عەزیزی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران كە ساڵی ١٣٧٨بە هۆی نەخۆشی كۆچی دوایی كرد، هێنایە گۆڕێ‌.
پەرویزی لەدرێژەی قسەكانیدا ئەوەشی خستە روو، دكتور قاسملوو هەوڵی داوە نەتەوەكەی پێ‌بگەیەنێ‌و هەوڵی داوە كە هاوڕێیانی لەگەڵ دونیای سەردەم ئاشنا بكات و وایان لێ‌بكات كە خاوەنی هێندێ‌تایبەتمەندی بن و هێندێ‌خاڵی گرینگ لەیارانیدا بەدی بكرێت و وایان لێبكات هەتا دوا دڵۆپی خوێنیان لەسەر مافی نەتەوەییان سوور بن.

هەر لەو پێوەندییەدا پەیامی هاوبەشی رێكخراوەكانی لاوان، ژنان و خوێندكارانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لەلایەن حێسام ئەحمەدی جێگری یەكیەتیی لاوانەوە خوێندرایەوە.
لەناو ئاخنی مەڕاسمەكەدا چەند سروود لەلایەن كۆڕی هونەری حیزبی دێمۆكرات، دوو شێعر لەژێر ناوی چركەیەك بێدەنگی و ئەی پێرلاشێز لەلایەن گوڵباخ بەهرامی و شیما ئەڵایاری و پەخشانێك لەلایەن فاخیر مەولوودییەوە پێشكەش بە ئامادەبوان كرا.

ژمارەیەک پەیامیش بە بۆنەی ٢٢‌ی پووشپەڕ بە دەست بەڕێوەبەرانی مەڕاسمەکە گەیشتبوون کە بریتین بوون لە:

ـ پەیامی پارتی سوسیالیستی کوردستان

ـ پەیامی کۆمیتەی تەشکیلاتی ئاشکرا، بێتوێن

ـ پەیامی کۆمیتەی تەشکیلاتی ئاشکرا، پشدەر