کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دكتور قاسملوو سەركردەیەكی ئاشتی خواز بوو ( عەبدولڕەحمان رەسووڵ)

22:58 - 22 پووشپەڕ 2713

عەبدولڕەحمان رەسووڵ

تێكۆشان بۆ ئازادی و بەختەوەری ئینسانەكان هەمیشە قوربانی ویستووە. لە ناو گەلانی زۆر لێكراودا بۆ بە دەستهێنانی ئازادی , تێكۆشان و بەرخودانی شۆڕشگێرانە لە پێناوی ڕزگاربون لە كۆیلەتی و چەوسانەوەی ئینسانەكان بە ڕابەرایەتی ئینسانە دڵسۆزەكان دەست پێ‌دەكات بەرەو ئاسۆی ڕزگاری هەنگاو دەنێن.

یەكێك لەو نەتەوانەی كە كۆیلە ئاسا دەگوزەرێت لە ژێر پەرچەمی دەسەڵاتە دیكتاتۆرەكان ئەویش نەتەوەی كوردە,بە درێژایی چەندین ساڵ بە ئاشی یاساكانی زاڵمانەی دەوڵەتانی ناوچەكە دەهاڕدرێن.لە رۆژ هەڵاتی كوردستان بە درێژایی ئاڵو گۆرەكانی دەسەڵات و دەوڵەت لە ئێران نەتەوەی كورد دەوری كاریگەری هەبووە بۆ گۆرانی سیستەم و دەسەڵاتێكی باشتر و ئازادتر بۆ خەڵكی ئێران بەڵام بە دامەزراندنی سیستەم و حكومەتی تازەی ئێران , كورد دووبارە پەراوێز دەخرێتەوە و ڕووبەڕووی چەسانەوە و ئاوارەیی دەبێتەوە ,دان بە مافە نەتەوەیی و فەرهەنگی و كەلتوری و رۆشنبیری یەكانی نەتەوەی كورد ناندرێت.
خەڵكی كوردستان بە ناچاری دەست بە تێكۆشان دەكاتەوە.لە دوای هاتنە سەر كاری كۆماری ئیسلامی ئیران,شۆرشگێرانی كورد زۆر هەوڵیان دا كە كۆماری ئیسلامی دانبنێت بەمافەكانی كورد ,چەندین دیدار و گفتوگۆ ئەنجامدراوە بەڵام هەر لە سەرەتای دامەزراندنی حكومەتی ئیسلامی لە ئێران رابەرانی ئیسلامی بەهیچ شێوەیەك داننیان بە مافە ئینسانییەكانی كورد نەناوە هەروەكو كۆیلە ئاسا سەیری كوردیان كردووە.شەهید دكتۆر عبدالرحمن قاسملو زۆرترین هەنگاوی ئاشتی ناوە ,گفتوگۆیان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئەنجامداوە بە چەسپاندنی مافە سەرەتایەكانی مرۆڤ لە كوردستان ڕازیبوون ,هەموو هەنگاوێكیان ناوە بۆ چەسپاندنی مافە نەتەوەیی و ئینسانییەكان ,بەڵام حكومەتی كۆماری ئیسلامی بەگشتی و خومێنی و رابەرانی تری ئیسلامی بەتایبەتی سەرجەم مافەكانی بۆ خەڵكی كوردستانیان ڕەتكردۆتەوە,زۆر بێ‌ڕوحمانە دەستی بردووە بۆ چەوسانەوە و كۆیلە كردنی خەڵكی كوردستان.
پەیامی قاسملو ئەوەبوو كە نابێت مرۆڤ كۆیلە بكرێت,ئینسان چ لە ڕووی جەستەوە ,هێزی باسك بۆ بەرهەمهێنان یان لە ڕووی هزری و توانەكانی مرۆڤ كۆیلە بكرێت ,كۆیلەبونی مرۆڤ لە ژێر هەر بیانوێكەوە بێت ناشایەستە و نائینسانی و بە مەحكوم دەزانێ‌.دكتۆر قاسملو خاوەن و فكر و ئەندێشەیەكی تایبەت بوو,جوان لە تیۆرەكان تێگەیشتبوو.لە رەفتار و كرداری سیاسی نیشانیدابوو كە رەفتاری جیاوازبوو لەوانی تر رەفتار و كرداری جیاوازبوو لەو رەفتار و كردارەی كە تاكەكانی كۆمەڵگا عاداتی پێكردبوو.وەكو ئەكتەرێكی سیاسی خاوەن كاریگەری بەهێزبوو چونكە خاوەن بیركردنەوەیەكی سەركەوتوبوو.
ئەم رابەرە بڕوایەكی بەهێزی هەبوو بە رەوتی تێكۆشانی ئاشتیخوازانە هەر بۆیە هیچ هەنگاوێكی كفتوگۆی كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی رەتنەدەكردەوە بەڵكو بەخۆشحالێ‌وە كفتوگۆی لە بارەوە دەكرد.ئەم سەركردە تێكۆشەرە بۆ مەبەستی كفتوگۆی ئاشتیانە لەگەڵ شاندی ڕژێمی ئیسلامی ئیران چووبوو بۆ شاری ڤەیننا ,لە 22پۆشەپەری 1392 بەرامبەر 13 /7/1989 دكتۆر عبدالرحمن قاسملو ,عبداللە قادری ئازەر ,دكتۆر فازل رسول بەیەكەوە تیرۆر كران .هەزاران سڵاو لە یادی 24سالەی تیرۆر كردنی شەهیدی رابەر وسەركردە دكتۆر عبدالرحمن قاسملو و هاورێ‌كانی ڕیسوایش بۆ تیرۆرستان و بكوژانیان .هەر گیز بەرخودان و تێكۆشانی ئەم ڕابەرە لە یاد ناچێت وەكو سمبوڵێكی ئازادیخوازی و ئاشتیخوازی ناوی دەچێتە مێژووی تێكۆشانی مرۆڤایەتی یەوە.لە ناو خەڵكی كوردستانیش نەوەدوای نەوە داستان و خەبات و بیروباوەڕی ئەم ڕابەرە باس دەكرێ‌سوود لە فكر و بیروباوەڕە ئینسانییەكەی وەر دەگیرێت .

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە