کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەشاری بۆكان كۆڕێكی رەخنەیی و تاوتوێ کردنی شێعر بەڕێوە چوو

15:40 - 5 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: كۆڕێكی رەخنەیی و تاوتوێ‌كردنی شێعری بزەیەك لەتاریكی لەشاری بۆكان بە بەشداریی ئەدیبان و شاعیرانی كورد بەڕێوە چوو.
كۆڕی فێركاری و فەرهەنگیی ئەدەب لەشاری بۆكان كۆرێكی رەخنەیی بۆ شێعری بزەیەك لەتاریكی لە بەرهەمەكانی خالید عەنایەتیی شاعیری بۆكانی لەكتێبخانەی گشتیی سەلاحەدینی ئەیوبی پێك هێنا.
لەو كۆڕەدا ئەو بەرهەمە لەچەندین رەهەندی جیاوازەوە لەلایەن خامە بەدەست و رەخنەگرانی ئەدەبییەوە هەڵسەنگێندرانی بۆ كرا و لەو پێوەندییەدا پایگای خەبەری بۆكان بڵاوی كردۆتەوە، ئەوبەرهەمە لە ١٢٠لاپەرە پێك هاتووە و ناوەڕۆكەكەی زیاتر كۆمەڵایەتیی، فەلسەفی و عاشقانەیە و هەروەها بەرهەمەكە ٦٣شێعری لەخۆ گرتووە.
ئەو كۆڕە لەلایەن كۆڕی فێركاری و فەرهەنگیی ئەدەبەوە بەڕێوە چوو و شاعیران و نووسەرانی شارەكانی شنۆ، پیرانشار، بۆكان، سەقز، مەهاباد، نەغەدە و بانە تێیدا بەشدار بوون.

كۆڕی فێركاری و فەرهەنگیی ئەدەب لەشاری بۆكان لە ساڵی ١٣٨٥ ەوە دامەزراوە و یەك لەو ناوەندە چالاك و ئەكتیڤەكانە كە لە بواری فێركاریی زمانی كوردی، رێكخستنی كۆڕ، سیمینار و بیرئانینی نووسەر و هونەرمەندانی كورد كار دەكات.
كۆڕی فێركاری و فەرهەنگیی ئەدەب ماوەیەك لەمەوبەریش لەوحی رێزلێنانی بە ژمارەیەك مامۆستا بەناوەكانی سەعید نەجاڕی ئاسۆ، هێمن ، حوسێن شێربەگی، فەوزیە سوڵتان بەیگی، جەعفەر ئەرشەد، سووسەن حەسەن‌زادە رەحمان جەوان، كوردستان مەحموودی، هیدایەت ئازەری بەخشیبوو.