کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی نەتەوەیی ئاشتییە بۆ هەموان (سمکۆ بێکەس)

23:06 - 5 گەلاوێژ 2713

سمکۆ بێکەس

لەگەڵ ئەوەی چەند ساڵێکە بە خەونی بەستنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی کوردەوە هەموو کوردەکان و بەتایبەت هێزە سیاسییەکانی مەیدانی خەبات و هەروەها دەسەڵاتی کوردی لە هەرێمی کوردستاندا سەرقاڵن و دوای ئامادەکاری بۆ بەستنی ئەم کۆنگرە کەلە داهاتوویەکی نزیکدا و جێبەجێ کردنی بڕیارێکی مێژووی کە وەک ئەرک کەوتە سەرشانی سیاسەتمەدارانی ئەم قوناغەی خەباتی کوردایەتی و لە هەموان گرینگتر حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیستادا، کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێم رێزدار مەسعوود بارزانی وەک هەنگاوی یەکەم، یەکەم کۆبونەوەی سەبارەت بە ئامادەکاریی کۆنگرەکە کردەوە، ئەمە ئەو پەڕی دەست خۆشی و رێز و پێزانینی دەوێت و دەبێت چەند خاڵێکی گرینگ بکەینە بنەما بۆ بەشداری کردنمان لە کۆنگرەکەدا، ئەویش خاڵی هەر گرینگ و جەوهەری ئەم کۆنگرە بریتییە لەوە کە هەرگیز بیر نەکەینەوە سەربە چ هێز و حیزب و رێکخرا و بۆچوونێکین و بۆ یەک جاریش بێت ئیتر نەتەوەیی بیر بکەینەوە و هەوڵ بۆ نەتەوەکەمان بدەین کە خاڵی جەوهەری بەشداری کردنمان بێت لەم کۆنگرەدا و هەموو هێز و لایەنە جیاوازەکان تەنیا وەک کورد بوون و نەتەوەیی بیرکردنەوە بۆ چارەسەریی پرسی کورددا بەشدرایی چالاکانە بکەن.

ئامانجەکانی ئەو کونگرە، بە سەرنجدان بە مێژوویی جووڵانەوەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و داخوازیی هەموو خەڵکی کورد و بەتایبەت هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان، گەلی کورد هەموو کات چەکی وەک یەکێک لە وەسیلەکانی بەرگری زانیوە و هیچ کات کورد حەزی لە شەڕ و عاشقی تفەنگ نەبووە بۆیە چارەسەر کردنی پرسی کورد بە ئاشتیانە وەک شاڕێگای دانووسان و پێکەوەژیان و دابین کردنی مافەکانی نەتەوەی کورد بە گرینگ زانیوە و هەوڵی بۆ داوە و لەو پێناوەشدا قوربانی زۆری داوە بۆ ئاشتی و لە سەروی هەموانەوە، سمکۆی شکاک و قازی محەممەد و دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرفکەندی و زۆر کەس و کەسایەتیی دیکە کە هەر هەموویان ئاشتیخواز بوون و بیریان لە رێگەی چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد دەکردەوە. لەم سەردەمەشدا هەموو رێبەرانی جووڵانەوەی گەلی کورد هەر پێداگرن لەسەر ئەو ئەسڵە کە ئەگەر داخوازییەک بە ئاشتی و وتووێژ بە دەست بێت ئیتر بۆ بە خوێن رشتن بە دەستی بێنین.

بۆیە یەک وتاری خەڵکی کورد بە گشتی لەم کۆنگرەدا زۆر گرینگە کە بە یەک دەنگ و یەک بڕیار بڵێن وەرن خەڵکانی دونیا و حکوومەتەکانی کە هەتا ئیستاش داگیرکەری خاکی کوردستانن، ئێمە پەیامی ئاشتی و پێکەوە ژیانمان پێیەوە داواکارییەکانمان لە چوارچێوەی ئازادییە سەرەتایی‌یەکانی خۆ بەڕێوەبەری دایە نەک مەترسی بۆ وڵات یان وڵاتانێکی دیکە، ئەمە خاڵی هاوبەشی هەموو دەنگەکانی ناو ئەو کۆنگرە بێت کە پەیامی ئاشتی و دیالۆگ و گفتوگۆ پەیامی خەڵکی کوردە بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستان و ئیمەی کورد لە زمانی شەڕ بێزارین ئەوە دوژمنانی کوردن بە هۆی هێرش و کوشتن چەکیان بە زۆر بە سەرماندا سەپاندووە. دەنا ئەگەر راست دەکەن ئێمە ئاشتیمان دەوێ و هەردەم ئامادەی دانووسان و وتووێژین، بۆیە بە بێ چارەسەری پرسی کورد هەرگیز رۆژهەڵاتی ناوین ئارام نابێت و ناکرێ نەتەوە و گەلێک فراموش بکرێ کە ئیتر هەرگیز بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی خۆی بێدەنگ نابێت و هەموو دونیا ئیتر کورد و پێگەی کورد دەزانێ، بۆیە ئەم پرسە هەرچی زووتر چارەسەر بکرێ بە قازانجە و کێشەکان زووتر کۆتاییان دێت و با یەکەم کۆنگرەی نەتەوەیی گەلی کورد بە ناوی پەیامی ئاشتی بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بکەینەوە و چاوەڕوانی سەرکەوتنەکانی بین، لە ئاشتیدا.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە