کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داگیر کردنی سەیرانگایەکی دیکەی مەریوان لەلایەن سپای پاسدارانەوە

18:43 - 23 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: سپای پاسدارانی رێژیم، یەکێکی دیکە لە سەیرانگاکانی مەریوان لە دەوروبەری گۆلی زرێباری داگیر کردووە.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، هێزێکی زۆری لە سەیرانگای دەشتی کۆڵان، لە نزیک زرێبار جێگیر کردووە و هاتوچۆی لایەنگرانی سروشت و هاووڵاتییان بۆ ئەو شوێنە قەدەغە کردووە و هەر چەشنە هاتوچۆیەک کونترۆڵ دەکات.
لەم پێوەندییەدا سپای پاسداران مۆنۆمێنتێکی بەبۆنەی تێکهەڵچوونی هێزەکانی رێژیمی ئێران و رێژیمی بەعسی عێراق لە ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی لە نزیک ئەو سەیرانگایە داناوە و بەو شێوە دەیهەوێت هێز و دەسەڵاتی خۆی بە رووی خەڵکدا بکێشێت.
خامنەیی لە سەردانەکەی خۆیدا بۆ شاری مەریوان لە ساڵی ١٣٨٨، سەردانی ئەو ناوچەیەی کرد.
هەروەها رێژیم ئیسلامیی ئێران سەیرانگای قەڵاخانی. لە گوندی دەرەکێ لە ناوچەی هەورامانی تەختی، لە ژێر کۆنترۆڵی وردی خۆی داناوە.
لەم دواییانەدا سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران، بە دروست کردنی بورجەکی نیزامی لە سەیرانگاکانی مەریوان دروست کردووە و هاتوچۆی هاووڵاتییان بۆ ئەو شوێنانە کونترۆڵ و قەدەغە دەکات.
هەروەها بەپیی ئەم راپۆرتە رێژیم لە کردەوەیەکدا دەیهەوێ بە دروست کردنی شاری پیشەیی لە دەشتی بیلوو لە شاری مەریوان، ئەو سەیرانگایە لە ناو ببات.
ماوەیەک لەو پێشیش هێزەکانی سپای پاسدارانی رێژیم لە سەیرانگای سوورێنی مەریوان، بورجەکی نیگابانیی و دیدەبانیی داناوە هاتوچۆی خەڵکی ئەو ناوچەیە قەدەغە، یان کونترۆڵ کردووە.