کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێ دەنگ بوونی مەلای کورد لە مەڕحەڵاڵ کردنی خوێنی نەتەوەکەی لە ڕۆژ ئاوای کوردستان (عەلی پاڵانی )

16:59 - 10 گەلاوێژ 2713

عەلی پاڵانی

ئەمجارەش گەلەکەمان کە زۆرینەی موسڵمانە کەوتە بەر هەڕەشەی فتوای بەرەی نەسرە،  کە باس لە سەر حەڵاڵ کردنی خۆێن و تاڵان کردنی ماڵ و سامان و ئەتک کردنی نامووسی  ئەم نەتەوەیە ئەکات. ئەمە یەکەم جار نییە گەلی کورد بکەوێتە بەر ئەو شێوە هەڕەشە بێ ڕەحمانەی دژمنان ونەیارانی. بەڵکو لە مێژ ساڵە ئەم شێوە فتوا بۆ ئێمەی کورد دردەکەن و درکراوە. و هەروەها بە هەموو شێوەیەک هەمیشە لە هەوڵی قڕ کردن و قەڵاچۆ کردنی ئێمە دا بوون. هەر دوێنێ بوو ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ بەزەیانە کەوتە بەر فتوای جیهادی خۆمەینی و دەسڵاتی ئاخوندی ئێران بە هەموو هێز و توانایەوە پەلاماری خەڵکی بێ دیفاعی کوردستانی دا، و ڕشتنی خوێنی کوردی بە ڕەوا زانی. دوا بە دوای جیهادی خومەینی سەددام بە ناوی هەمان ئایین و لە ناو هەمان ئایەیی قورعان دا سوورەی ئەنفالی هەڵبژارد بۆ قەڵاچۆ کردنی باشوری ئەم نیشتمانە بریندارە.

ئەوەتە لە ڕۆژئاوای کوردستانیشەوە  بە هەمان شێوە بە  حوکمی هەمان قورعان ماڵ و خوێن و ژنی کورد حەڵاڵ کرا. هەموو ئەمانە پەیامێک بە ئێمەی گەلی کورد ئێژێ کە نەیارانمان ئایینی ئیسلام و قورعانی پیرۆز وەک کەرەستەیەک بەکار دێنن بۆ بەرژەوەندی خۆیان و دژی گەلی کورد. ئەوەی جێگای پرسیارە بۆ من و زۆر کەسی دیکە کە  مەلای مزگەوتەکانی ئێمەیە کە نان و خوانیان لە سەر ڕەنج و ئارەقی خەڵکی هەژاری کوردستانە، بێ دەنگن لە بەرانبەر ئەم فتواییە دا؟ بێ دەنگی و بێ هەڵوێستی مەلاکانمان گومانێک دروست دەکات لای ئێمەی تاکی کورد بەرانبەر بە ئەم فتوا ناڕەوایە. بۆ دەبێ مەلای مزگەوتەکانی ئێمە بێ هەڵوێست بوون؟ ئاخۆ ئەوانیش لەم خەڵک و خاکە نیین؟ تۆ بڵێ مەلای مزگەوتەکانی ئێمە وەک تاکێکی  کورد خۆیان حیساب بکەن یان خۆیان بەخاوەنی ئەم خاکە بزانن؟ ئەگەر وایە کوا؟. من بەش بەحاڵی خۆم پێم وابوو لە هەینی ئەمجارە دا کە دەکاتە ٢٦/٧/٢٠١٣ بڵندگۆی مزگەوتەکانی کوردستان ئەبێتە مەکۆی ڕاپەڕین و شەپۆلی ناڕەزای دژ بە فتوای بەرەی نەسرە. بەڵام بەداخەوە ئەمجارەش هەر وەک جارەکانیتر مەلای مزگەوتەکانی ئێمە بێ دەنگ بوون  لە بەرانبەر ئەو فتوا ناڕەوایەدا.

مامۆستا ئاییندارەکانی مزگەوتی ئێمە هەر وەک ئەوە وایە ئەڵێ لەم خاک و نەتەوە نین. بۆ جارێکیش نەبووە بۆ مێژوو مەلای مزگەوتی ئێمەی کورد غیرەتی ئایینی و نەتەوەیی و ئینسانی بیجووڵێنێ کە بتوانێ وەک تاکێکی کورد هەست بەوە بکا بەرپرسیارە لە بەرانبەر خاک و نەتەوەکەی دا. بە داخەوە نەک ئامادە نیین بۆ دیفاع لە خەڵک و خاک، بەڵکو بەشێک لە مەلاکانمان لە بەشێک لە مزگەوتەکان دا بە تەواوی لە خزمەتی نەیارانی گەلەکەمان دان و ڕۆژانە لە هەوڵی ئەوە دان لاوان و مێر منداڵەکانمان لە مزگەوتەکانی خۆمان دژبە بە خۆمان پەروەردە و فێر بکەن. یان خۆ  ڕوانەی بەرەکانی شەڕی سووریە و ئەڤغانستان و زۆر جێگای دیکەی بکەن.و هەروەها بە درێژای مێژوو مەلاو ئاییندارانی ئێمە خۆیان  و مزگەوتەکانیان کە خشت بە خشتی بە ئارەقی ناو چاوانی هەژارانی کورد دروست کراوە لە خزمەت مێژووی ئیسلام و عەرەب بووە. حەفتە نییە مەلاکانی  ئێمە سمینار لە سەر مێژوو و کەسایەتی و خاکی عەرەب بەڕێوە نەبەن.
و ئەوانیش لە وڵامدا فتوای حەڵاڵ کردنی خوێن و ماڵ و ژنانمانە ئەدەن. بۆیە لە کۆتای دا هیوادارم مامۆستا و ئاییندارنی ئێمە واز لە خزمەت کردنی بێگانە بێنن و بکەونە خزمەت کردنی خەڵکی خۆمان و نەتەوەکەمان و هەروەها  هیوام وایە هەموو ئاییندارانی ئایین و مەزهەبەکانی ئێمە گەلی کورد بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوندی نەتەوەی لە سەروەی ئایین و مەزهەب و بەرژەوندی شەخسی خۆیان دابنێن.
 تێبینی: ڕووی نووسراوەکە لە هەموو مەلایەک نییە بەڵکو لە مەلای مزگەوتەکانە کە تا ئێستا بێ دەنگن و خوتبەی هەینییەکانیان ناخەنە خزمەت ڕاستی و ڕاستگۆی و نەتەوەکەیان.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە