کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ساڵی رابردوودا \"برینج\" گیانی ٤٦٠ هاووڵاتیی ئێرانیی گرتووە

23:56 - 23 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: لە ساڵی رابردوودا لانی‌کەم ٤٦٠ لاوی تەمەن کەمتر لە ٣٠ ساڵ بە حەبی برینج خۆکوژییان کردووە. ئامارێک کە ١٤% زیادی کردووە.


بەگوێرەی راپۆرتی پزیشکی یاسایی ئێران، ئاماری مردن بە هۆی ژاراوی بوون لە درێژەی چەند ساڵی رابردوودا، رووی لە زێدە بوون کردووە، بە چەشنێک کەلە ٢١٤ کەسەوە بە هۆی ژاراوی بوون بە حەبی برینج لە ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی هەتا ساڵی ١٣٩٠ بە ٤٦٣ کەس گەیشتووە.
هەواڵدەریی میهر لە زاری پزیشکێکی ئەو بوارە بڵاوی کردۆتەوە، نەبوونی چاوەدێری بەسەر عطارییەکاندا بۆتە هۆی ئەوە کە ئەو حەبانە بە ئاسانی بکەوێتە دەستی هاووڵاتییان.
بەوتەی ئەم پسپۆڕە، ژاراوی بوون بە حەبگەلێکی دیکە لەسەدا ٩٩ی نەخۆشەکان له مردن رزگاریان دەبێت، بەڵام ژاراوی بوون بە حەبی برینج لەسەدا ٩٩ی نەخۆشەکان گیانیان لەدەست دەدەن.
بەپێی ئەم راپۆرتە دەنگۆی شادی‌هێنەر بوونی حەبی برینج لە نێو هاووڵاتییاندا بڵاو بۆتەوە کە ئەم بابەتەش بۆتە هۆی ئەوە کە لاوان لەو حەبانە وەکوو حەبی سەرخۆشکەر کەڵک وەربگرن.
خۆکوژی بە حەبی برینج دژوارترین مەرگی هەیە و ئەوە کەسەش کە لەو حەبە کەڵک وەردەگرێ ئێش و ئازارێکی لە رادەبەدەری هەتا کاتی مردن پێ دەگات.
ئەو حەبە گازی فوسفید بەرهەم دەهێنێ و وەکوو مێمڵێک لە ئەنبارەکان برینجدا کەڵکی لێوەردەگرن.
حەبی برینج لە رێی هەڵمژین، پێست و خواردنەوە، مرۆڤ ژاراوی دەکات و لە ئاکامدا دەبێتە هۆی هێلنج دان، ئازاری گەدە، رژانەوە، ئیسهاڵی، تەنگە نەفەسی، هەست کردن بە سەرما، سەر ئێشە، بارگرژیی لەش و بێ‌هۆشبوون.