• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٢ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٠١ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی  

فێدرالیزم و دژبەرانی

زایینی: ١٤-٠٣-٢٠١٢ - هەتاوی: ١٣٩٠/١٢/٢٤ - ٢٢:١٥ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
فێدرالیزم و دژبەرانی
کەیهان یووسفی
وەرگێڕان: کوردستان


حەوت حیزب و رێکخراوی سیاسیی نەتەوە زوڵملێکراوە ئێرانییەکان لە 20ی فێوریەی 2005دا بە دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ، گوتارێکیان هێنانە نێو گۆڕەپانی سیاسیی ئێرانەوە کە ئیمڕۆکە وەکوو بەهێزترین گوتاری نێو ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی دەناسرێ‌. بە شێوەیەک کە دەکرێ‌ ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بەسەر دوو بەشدا پۆلێنبەندی بکرێ: لایەنگرانی فێدرالیزم و دژبەرانی فێدرالیزم.

ئەو گوتاری فێدرالیزمی نەتەوەیی ـ جوغرافیاییەی لە لایەن کۆنگرەوە هێنراوەتە بەرباس، بە جۆرێک توانیویەتی لە نێوان زۆرێک لە کۆڕوکۆبوونەوە سیاسییەکان، رەوتەکان، رووناکبیران و چالاکانی سیاسیی نەتەوەکانی ئێراندا و هەروەها لە نێوان پشتیوانانی ناوەندگەرایی لە ئێرانیشدا جێی خۆی بکاتەوە و وەکوو گوتاری زاڵ، هێژمۆنی خۆی لە نێو ئۆپۆزیسیۆندا پەرە پێبدا. هەروەها ئەم گوتارە لە نێوخۆی وڵاتیشدا توانیویەتی لایەنگرانێکی زۆر بە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە. بەڵام لە نێو ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامیدا چ کەسانێک لە فێدرالیزم تۆقیون؟ یان بە دەربڕینێکی دیکە، دژبەران و بەرهەڵستکارانی کامانەن؟

دژبەرانی فێدرالیزمیش دوو لایەنن:
لایەنی یەکەم، بە رواڵەت لەگەڵ سیستمی فێدرالی بۆ داهاتووی ئێران هاوڕان، بەڵام لەسەر شێوەی پیادەکردنی روانگەیەکی دژبەرانەیان هەیە. ئەوان کاتێک باس لە فێدرالیزم دەکەن، مەبەستیان فێدرالیزمی کانتونی (ئۆستانی) لەسەر بنەمای دابەشکردنی ئۆستانییە کە هەر ئێستا لە ئارادایە.

لایەنی دووهەم، لە دروشم و بەرنامەکانی خۆیاندا خوازیاری دامەزراندنی دێموکراسی و رەچاوکردنی راگەیەندراوی مافی مرۆڤـ لە ئێراندان و لە بەرنامە و وتەکانیاندا، پرسی سیستمێکی دێموکراتیک بەپێی راگەیەندراوی مافی مرۆڤـ لەگەڵ خۆیان راکێش دەکەن و لەگەڵ چەمکی فێدرالیزم و لقوپۆپەکانی بە هەر جۆرێک دژایەتی دەنوێنن و فێدرالیزم بە دەروازەیەک بەرەو دابەشکردنی ئێران و لێکترازانی سیاسی ـ جوغرافیایی ئێران دەزانن. ئەم لایەنە ئەو پان ئێرانیستانەن (مەزنخوازانی فارس) کە لە سەدەی بیست و یەکەم و لە سەردەمی گلۆبالیزاسیۆن، خەونی رۆنانی ئیمپراتۆریی هەخامەنشییان لە سەردایە و زۆرجار بە هەڵوێستگرتن لە بەرامبەر فێدرالیزم، هەڕەشەیان کردووە.

ئەم گرووپە لە قسەکانی خۆیاندا بۆ دژایەتی نواندن لەگەڵ ئەو بیرۆکەی فێدرالیزمەی لە لایەن نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەت کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدرالەوە خراوەتە ڕوو، هەڵوێستێکی دووفاقیانەیان گرتووەتە بەر. کاتێک باسی فێدرالیزم لە لایەن نەتەوەکانی ئێرانەوە دێتە بەرباس، دەڵێن کە تێگەیشتنە قەومی و مەزهەبییەکان لە فێدرالیزم و جەختکردنەوەی لەرادەبەدەر لەسەریان، نە بنەما و بنەڕەتی تیۆریکی هەیە و نە ئۆلگووەکانی هەنووکەی جیهان وەها شتەیەک نیشان دەدەن و کاتێکیش ئۆلگووە ئەزموونکراوەکانی دەرەوە دەخرێنە ڕوو، ئەم لایەنە بە نەگونجاو لەگەڵ تایبەتمەندییە جوغرافیایی و مێژووییەکانی ئێرانی لەقەڵەم دەدەن.
هەر وەک گوترا ئەوان لە هەر حاڵەتێکدا لەگەڵ فێدرالیزم دژایەتی دەکەن و بە جۆرێک دوژمنی هەر جۆرە دێسانترالیزمێک لە دەسەڵاتی سیاسیی ناوەنددان.

بەڵام ئایا فێدرالیزم بە مانای جیاییخوازییە یان جەختکردنەوەیە لەسەر ناوەندگەرایی؟

بەبێ‌ گومان فێدرالیزم دەبێ‌ دێموکراسیشی لە پاڵدا هەبێ‌ تا بتوانێ‌ دابینکەری مافەکانی نەتەوەکانی دانیشتووی ئێران بێ‌. تایبەتمەندیی دێموکراسی، پلۆرالیزمە کە بە سەرنجدان بە پێکهاتەی جوغرافیایی ـ نەتەوەیی ئێران، سیستمێکی دێموکراتیک و فێدرال دەتوانێ‌ دابینکەری ئاسایش، خوشگوزەرانی، مافی نەتەوەیی و سیاسی و بەربەستێک لەسەر رێگەی دیکتاتۆری و دابەشکردنی وڵات بێ‌. سەقامگیریی دەوڵەت گرێدراوی رادەی بەشداریی سیاسیی هاووڵاتییانی کۆمەڵگایەکە. فێدرالیزم لە دوو رەهەندەوە دەتوانێ‌ ببێتە هۆی بەشداریی سیاسی، لە لایەکەوە، دانیشتووانی حکوومەتە خۆجێییەکان بە شێوەیەکی چالاکانە لە ژیانی سیاسیدا بەشداری دەکەن و لە لایەکی دیکەوە لە ئاستی دەوڵەتی ناوەندیدا، دەبنە رێگرێک لە بەردەم شکڵگرتنی حکوومەتی دیکتاتۆری و تۆتالیتێر لە ناوەنددا. بە وتەیەکی دیکە، فێدرالیزم شکڵێکی عاقڵانە لە پێناو چارەسەریی پرسە پێوەندیدارەکان بە مەترسییەکانی دابەشبوون لە وڵاتە فرەنەتەوەیی و فرەکلتوورییەکانە. بەڵام ئەوانەی کە خۆیان بە ئاڵاهەڵگری لیبراڵ دێموکراسیی رۆژئاوا بۆ داهاتووی ئێران دەزانن، لەگەڵ فێدرالیزم وەکوو رێککەوتنێکی دڵخوازانەیش بە توندی دژایەتی دەکەن و ئەمە لە کاتێکدایە کە لە بیرۆکەی لیبرالیدا، حکوومەت خۆی جۆرێک رێککەوتنی دڵخوازانەیە. هەڵبەت ئەوانە کاتێک دێموکراسی دەکەنە تەوەری باسەکانیان، مەبەستیان حکوومەتی زۆرینەیە و لە مانا نوێکانی دێموکراسیدا، ئەم تێگەیشتنە لە دێموکراسی، دیسان دەبێتە هۆی دیکتاتۆریی زۆرینە و دێموکراسی نە بە واتای حکوومەتی زۆرینە، بەڵکوو بە واتای حکوومەتی یاسایە، یاسایەک کە لە مافی تاک بە تاکی خەڵکی کۆمەڵگا پارێزگاری دەکات. ناکرێ‌ باسی دێموکراسی بکرێ‌، بەڵام گرووپێک یان نەتەوەیەک لە مافی بەرحەقی خۆیان بێبەش بکرێن. ناکرێ‌ باسی راگەیەندراوی جیهانیی مافی مرۆڤـ بکرێ‌، بەڵام نەتەوەیەک بە لەبیربردنەوەی شوناس و زمان و کولتوورەکەی ناچار بکرێ‌. لە راستیدا بەرگی دێموکراسی لە بەر ئەواندا، تەنیا بەرگێکە بۆ شاردنەوەی کولتووری توتالیتێر و مەزنخوازانەیان. ئەوان بە جۆرێک خوازیاری سەرلەنوێ‌ بەرهەمهێنانەوەی دیکتاتۆری لە بەرگێکی نوێدان. گوتاری فێدرالیزمی نەتەوەیی ـ جوغرافیایی رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتر گەشە دەکات و پەرە دەستێنێ‌ کە ئەمەش بووەتە هۆی گەشەی خودئاگایی نەتەوەیی لە نێو نەتەوە ئێرانییەکاندا و هەڵفریواندنی جەماوەری نەتەوەکانی ئێران لە ژێر ناوگەلێک وەک مەزهەب و پاراستنی یەکیەتیی خاک و خەبات دژی جیاییخوازی، بوونەتە نوسخەگەلێکی بێکەڵک و داهاتووی ئێران و کۆمەڵگای ئێرانی دەبێ‌ یەکێک لەم دوو رێگە هەڵبژێرێ‌: پەسندکردنی سیستمی دێموکراتیک و فێدرال یان ملدان بە لێکەوتەکانی قبووڵنەکردنی ئەو سیستمە.



سه‌رچاوه‌: رۆژنامه‌ی‌ "کوردستان"، ژماره‌:576
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٣ لەم ژمارەیەدا:

ــ بوومەلەرزەی سیاسی
ــ لە خەبات دژ بە ئەپارتایدەوە بۆ ڕاسان
ــ ئەمن چی بكەم، خۆتان دروستی بكەنەوە
ــ دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک