کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكرات بە بۆنەی كۆچی دوایی شێركۆ بێكەس

18:29 - 14 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بە بۆنەی كۆچی دوایی شاعیری ناوداری كورد شێركۆ بێكەس راگەیەنداروێكی بڵاو كردەوە.

دەقی راگەیەندراوەكە:
هاونیشتمانە بەڕێزەكان !

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان !

رۆژی یەكشەممە ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی بەرانبەر بە ٤ ئاگۆستی ساڵی ٢٠١٣ی زایینی بەداخەوە دڵی گەورە و پڕ لە ئەوینی شاعیری ناوداری كورد شێركۆ بێكەس لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی وڵاتی سوئید لە لێدان كەوت ‌و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان ‌و لە ئۆگرانی شیعر ‌و ئەدەبی كوردی ‌و بەگشتی لە رۆڵەكانی نەتەوەی كورد كرد.

لەدەستچوونی شێركۆ بێكەس وەك بلیمەتێكی ئەدەبی كوردی ‌و شاعیرێكی ناسراو ‌و ناوبەدەرەوەی كورد بێ گومان خەسارێكی گەورەیە لە سامانی ئەدەب ‌و روناكبیریی نەتەوەی كورد ‌و خەمێكی گرانە كە قورسایی خستە سەردڵی ئەوینداران ‌و نیشتمانپەروەرانی كورد.

شێركۆ بێكەس یەكێك لە كۆڵەكەكانی پاراستنی زمان ‌و كولتوری كوردی ‌و لە راستیدا ئاوێنەی باڵانوێنی شیعری هاوچەرخی كوردی ‌و گەنجینەی بەنرخ ‌و پەیڤ و وشە‎ی رەسەنی كوردی ‌و براوەی خەڵاتی ئەدەبی تۆخۆلۆسكی بوو مامۆستا شێركۆ بێكەس لە ژیانی فەرهەنگی ‌و گۆڕەپانی شیعر‌و ئەدەبی كوردیدا سوارچاك بوو ‌و لە مەودای تەمەنیدا چەندین دیوانی شیعری بەرهەم هێناوە كە دوا دیوانی شیعری خێراكە مردن خەریكە بگا بوو.
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە دەستچوونی مامۆستا شێركۆ بێكەس بە خەسارێك بۆ سەرجەم رۆلەكانی نەتەوەی كورد دەزانێ ‌و لەو بڕوایەدایە كە كەلێنی نەمانی ئەو شاعیرە گەورەیە لە گۆڕەپانی ئەدەبی كوردیدا بە هاسانی پڕ نابێتەوە.

لە هەمانكاتدا بە بۆنەی كۆچی دوایی مامۆستا شێركۆ بێكەس سەرەخۆشی لە سەرجەم رۆَڵەكانی نەتەوەی كورد، شاعیران ‌و ئەدیبانی كورد ‌و دۆست ‌و ئاشنایانی ‌و لە بنەماڵەی بەڕێزی مامۆستا شێركۆ بێكەس دەكا ‌و خۆی لەو خەمە گرانەدا بە شەریك ‌و بەشدار دەزانێ ‌و سەبووری بۆ هەموو لایەك بە ئاوات دەخوازێ ‌و لە یاد ‌و یادگارە بەنرخەكانی رێزدەگرێ.

رۆحی شاد

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران

١٤‌ی گەلاوێژی ١٣٩٢‌ی هەتاوی

٥‌ی ئاگوستی ٢٠١٣ی زایینی