کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانانى پاسگای نوێ لە ناوچەی سەلماس لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە

18:55 - 24 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی سەلماس دەیان پاسگای نیزامیی، لەسەر سنوورەکان لەمەڕ زیاتر میلیتاریزە کردنی کوردستان، دروست کردووە.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە درێژەی گەلاڵەی میلیتاریزە کردنی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەسەر سنوورەکانی سەلماس دەیان پاسگای نیزامیی دروست کردووە.
بەپێی ئەم راپۆرتە و بەپێی وتەی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە، نزیک بە مانگێکە کە هێزەکانی سپای پاسداران و هێزی ئینتزامیی رێژیمی ئێران لە سەلماس و بەتایبەت لە کەرتە سنووریەکان دەیان پاسگای نیزامییان دامەزراندووە.
ئەو پاسگا نیزامییانە لە حاڵێکدا دروست دەکرێن کە خەڵکی ئەو ناوچەیە رۆژانە لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بە بیانووی پڕوپووچ دەدرێنە بەر دەستڕێژ و هەتا ئێستاش دەیان هاووڵاتیی لەو ناوچەدا بریندار یان کوژراون.
هاووڵاتییەکی گوندی کۆزەڕەشی سەربە ناوچەی سەلماس، ئاشکرای کردووە: گەڵاڵەی میلیتاریزە کردن و دروست کردنی پاسگا لەسەر سنوورەکانی ناوچەی سەلماس، پاش دیداری فرماندەی سپای پاسداران و فرمانداری سەلماس، چووەتە قۆناخی جێبەجی کردنەوە و بە دڵنیاییەوە مەبەستی سەرەکیی ئەو کارە سەرکوت و دروست کردنی زەخت و گوشار بۆسەر هاووڵاتییانی کوردستانە.