کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی نەتەوەیی و دەرفەتی بەردەم کوردی رۆژهەڵات(رەفیق حوسێن پەناهی)

22:25 - 20 گەلاوێژ 2713

رەفیق حوسێن پەناهی
پێشەکی

سەدەی بیست و یەک سەدەی گۆڕانکارییەکانە، زۆربەی نەتەوە بندەست و زۆرلێکراوەکان قازانجیان لەم گۆڕانکاریانە بینیوە و تا رادەیەکی بەرچاو بە ویست و داخوازی نەتەوەییان گەیشتوون و دەرفەتی نوێ و تازەش دەڕەخسێنێ بۆ هێندێک نەتەوەی تر، بۆیەکورد وەک یەکێک لەو نەتەوە بە ئاوات نەگیشتووانە، دەبێت هەڵەکە بقۆزێتەوە و سوود لەو گۆڕانکاریانە وەربگرێت، بە تایبەت لەوەها دۆخێکدا کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی لە ڕەوشێکی زۆر هەستیارو ناسک دایەو لە ئەگەری هەر پێشهات و ئاڵوگۆرێک بیر لە بەرژەوەندی نەتەوەییمان بکەینەوەو خۆمانی بۆ تەیار بکەین. هەر بۆیەو بە لەبەرچاوگرتی ئەم رووداو و ئاڵوگۆڕانەدەبێت هەوڵ بدەین بۆیەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلی کورد، بەم شێوەیە هاوسەنگی و قورسایی خۆمان لە ناوچەکەدا بسەلمێنینء بەرەو داهاتوویەکی گەش هەنگاو بنێین بۆ گەیشتن بە سەرجەم مافەکانمان، بۆ نەتەوەی ئێمە یەکگرتوویی یەکێک لەم فاکتەرە گرینگانەیە بۆ دیاری کردنی دواڕۆژێکی گەش.
بێگۆمان ئەمڕۆ سەردەم سەردەمی رزگاری و ئازادی نەتەوە چەوساوەکانە لە ژێر دەستی ودیکتاتۆریەت، لەسەدەی ڕابردوودا هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو هەلی بۆ گەلێک نەتەوەی چەوساوە و ژێر دەست ڕەخساند کە بە مافەکانیان بگەن و سەربەخۆیی خۆیان رابگەیێنن و ببن بە خاوەنی دەوڵەت و دەسەڵاتی خۆیان، لەم سەدەیەشدا شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی وڵاتانی عەرەبی دژی زوڵم و نایەکسانی و دیکتاتۆرییەت کە لە ئافریقاوە دەستی پێکرد و خۆی لە ئێمەش نیزیک کردۆتەوە و هەنووکەش هەر بەردەوامەو بێگومان کاریگەری خۆی دەبێت لەسەر کاروانی خەباتی نەتەوە ژێر دەستەکان. بزووتنەوەی رزگاریخوازیخوازی کورد لەم هەلومەرجەدا دەتوانێت بە باشترین شێوە بۆ قازانجی نەتەوەکەی کەڵکی لێ وەر بگرێت، هەر بۆیە کورد زیاتر لە هەر کاتێکی تر لەم سەردەمەدا پێویستی بە چەترێکی نەتەوەیی هاوبەش هەییە، کە دیارە ئەم چەترەش لەکۆنگرەی نەتەوەیی کورددا دەبێت هەوڵی بۆ بدرێت. لێرەدایە بەم ئاماژە کورتە گرینگی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد دەر دەکەوێـت و بەستنی وەها کۆنگرەیەک دەتوانێت دەستپێکی باش بێت لەم کاتە هەستیارەدا بۆ گەلی کورد لە هەر چوار پارچە. هەر وەکوو دەبینین هەر کام لە پارچەکانی کوردستان بارودۆخ و تایبەتمەندی خۆی هەییە، بە چاوخشانێکی خێرا بە سەر هەر کام لەم بەشانەدا زیاتر بۆمان روون دەبێتەوە کە کورد لە ئێستادا چەندە پێویستی بەم کۆنگرەیە هەییە.
پرۆسەی ئاشتی لەتۆرکیا

دەستپێکی پرۆسەی ئاشتی لە توورکیە و کرانەوەی دەرگا داخراوەکانی دام و دەزگاکانی حکوومەتی تورکییەو توانەوەی وردە وردەی بەستەڵەکی سیاسی بە ڕووی کوردەکانی باکوور دەستپێکی قۆناغێکی باشەو بە قازانجی کوردە، بە فەرمی ناسینی کێشەی کورد و هەوڵ دان بۆ چارەسەری لە لایەن کاربەدەستانی وڵاتی تورکییەوە خۆی لە خۆیدا ئەگەرچی تا بە ئێستا کێشەی کورد چارەسەر نەبووە هێشتا هەنگاو بە هەنگاو دەچێتە پێش، بەڵام بە هەموو ئەوانەوە پرۆسەی ئاشتی لەو وڵاتدا خاڵێکی پۆزیتیڤەو دەبێت کورد بەباشی تەعاموولی لەگەڵ بکات.


لە هەر وڵاتێکدا کە دەرەتانێک بۆ دەربڕین و قەبووڵ کردنی مافی کوردەکان لە ئارادا بێت، ویست و داخوازییەکان لە ڕێگای وتووێژەوە داوا دەکرێت، بەڵام لە هەر وڵاتێک کە ماف و داخوازییەکانی کورد ئینکار بکاتء پشتگوێ بخرێن بە پێچەوانەی ویستی کورد لە شێوەکانی دیکە ی خەبات وەک خەباتی چەکداری کە بە سەریاندا دەسەپێت کەڵک وەر دەگرن.
گۆڕانکارییەکانی سوریە

لە سوورییە ئەگەرچی هێشتا دیکتاتۆری لەو وڵاتەدا نەرووخاوە و شەڕ و ململانێ هەر ئێستاکەش بەردەوامەو رۆژانە بە دەیانء سەدان کەس دەبن بە قوربانی، بەڵام کورد لەم هەل و مەرجەی لە سوریە لەئارادایە بێ دەستکەوت نەبووەو بەڵکوو قازانجێکی یەکجار زۆری کردووە تا ئەو ڕادەیەکە کورد بۆ خۆی دەسەڵاتی ناوچەکانی خۆی بەدەستەوە گرتووە. سەرەڕای کەم و کوڕییەکان بەڵام چارەنووسێکی باش چاوەڕێیان دەکات.
کوردستانی عێراق

هەرێمی کوردستان کە زیاتر و زووتر لە پارچەکانی دیکەی کوردستان بە مافەکانی گەیشتووە و ئەم بەشەش بە هەموو کەم و کوڕی و رەخنەیەک کە لە سەری بێت، بەڵام چ بۆ کوردی باشوور و چ بۆ کورد بە گشتی دەستکەوتێکی گەورەیە کە دەسەڵاتی خۆماڵی ئێستای هەییە لەم بەشەدا و ئەگەریش بە وریایەوە تەعامول لە گەڵ بارودۆخی ئێستای جیهانی و ناوچەی بکەن بێ گۆمان دەستکەوتی زیاتر دەستەبەر دەکەن. حکوومەت و پارڵەمان و سەرۆکایەتی کردنی خۆماڵی یەکێک لە دەستکەوتە گرنگ و بە نرخەکانی کوردستانی عیراقە. لێرە کورد سەربەستە و ئازاد و ئاسایش و خۆشگوزەرانی و ژیانی باش سەرەڕای کەم و کورتییەکان دەبێت هەنگاو هەڵبگیرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەم وکوڕیانەش، بەڵام وەک باسم کرد قەڵایەکی باشە بۆ پاڵ پێوەدانی پارچەکانیء دەرفەتێکی شیاویشە بۆ خۆ تەیارکردنی باقی کوردی ناوچەکانی دیکە لە زۆر بواری دیاریکراودا. گرتنی کۆنگرەی نەتەوەی کورد لە پایتەختی هەرێمی کوردستانی عیراقیش دەچێتە چوارچێوەی ئەو دەستکەوتانە کە سەرکردایەتی ئەم بەشەی کوردستان بۆ خۆیان دەستپێشخەریش بوون لەم بارەوە.
کوردستانی ئێران

تەنیا بەشێک لە کوردستان واتە کوردستانی رۆژهەڵاتە کە ئێستاشی لە گەڵ بێت بە هیچ مافێکی نەگەیشتووەو ڕەشە کوژی، زەوت کردن، سێدارە، گرتن و زیندانی کردن رۆژانە تێکەڵاو بە ژیانی کۆمەڵانی خەڵکە لەم پارچەیە و هێشتا هیچ هیوایەک بۆ رووناکی و گەیشتن بە مافی نەتەوەی لەم بەشەی کوردستاندا دەر نەکەوتووە ودیار نییە. کێشەو گرفتی بارودۆخی ئێستای کوردستانی رۆژهەڵات رەنگ بێت لەهەموو بەشەکانی دیکە خراپتر بێـت هیچ کەشێکی ئارام و ئازاد بۆ چالاکانی مەدەنی و سیاسی و هتد... لە کوردستانی رۆژهەڵاتدا نییە و نابیندرێ ، کوردستانی روژهەڵات ئەگەرچی بە درێژایی 35 ساڵی دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە مافی نەتەوەیی و سیاسی خۆی بێبەش کراوە، حیزبە سیاسییەکانی ناچار کراون تا خەڵک و وڵاتەکەیان بەجێ بێڵن، هەنووکەش هیچ دەرەتانێک لە و بەشەدا بەدی ناکرێت تا خەڵک بە شێوەی پێویست و سەردەمیانە لە رێگای مەدەنی و ئاشتیانە یان خەباتی سیاسی و پارڵەمانییەوە بۆ وەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان خەبات بکەن .
کوردستانی رۆژهەڵات لە هەمانکاتدا خاوەنی بزووتنەوەیەکی ڕەواو ڕەسەنە کە بەردەوام لە چوار چێوەی خۆاستەکانیداو لە قاڵبی ئەساسنامەی حیزبەکانیدا هەوڵی داوە بۆ چارەسەری پرسی کورد و بەدەستهێنانی ئاوات و ئامانجەکانی گەلەکەی و لە هەر سەردەمێکدا بە پێی پێویست و دەرەتان لە هەموو شێوازەکانی ڕەوای خەبات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی گەلی کورد لە و بەشەدا کەڵکی وەر گرتووە.
ئەرکەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی

هەر وەکوو لە کۆبوونەوی لایەنە کوردیەکاندا باس کراوە، کوردەکان ئاشتیخوازن و ڕێز بۆ مافی سەرجەم نەتەوەکانی ناوچەکە و جیهان بە گشتی دادەنێن و بە پێی جیاوازیەک کە هەر کامە لە پارچەکانی کوردستان هەیانە و لە ئاستی چارەسەری کێشەکانیاندا دەردەکەوێت، داخۆازییەکانی خۆیان لە چوار چێوەی ئەو حکوومەتانەی کە کوردی تێیدا دەژیت داوا دەکەن. لە هەر وڵاتێکدا کە دەرەتانێک بۆ دەربڕین و قەبووڵ کردنی مافی کوردەکان لە ئارادا بێت، ویست و داخوازییەکان لە ڕێگای وتووێژەوە داوا دەکرێت، بەڵام لە هەر وڵاتێک کە ماف و داخوازییەکانی کورد ئینکار بکاتء پشتگوێ بخرێن بە پێچەوانەی ویستی کورد لە شێوەکانی دیکە ی خەبات وەک خەباتی چەکداری کە بە سەریاندا دەسەپێت کەڵک وەر دەگرن .
هەر بۆیە کوردستانی رۆژهەڵات و بزووتنەوەکەی دەبێـت لە کونگرەی نەتەوەیی کورددا پاڵپشتی زیاتری بۆ درووست ببێتء بایەخی بەرچاوی پێ بدرێت، ئەمەش بۆ خۆێ گرێدراوی دوو لایەنە: یەکەمیان هەڵدەگەڕێتەوە بۆ ئەو لایەنانەی کە نوێنەرایەتی کوردستانی رۆژهەڵات دەکەن کە دەبێت زۆر یەکگرتوو و هاو هەڵویست بن و دەنگی کپ کراوی کوردی رۆژهەڵات بە شێوەیەکی ڕەسا بە گوێی جیهان بگەیەنن و گرینگی ئەو بارودۆخە هەستیارەی ئێران و کوردەکانی ئەو پارچەیە بخەنە بەر چاو و سرنجی کۆنگرەی بۆڕاکێشن. لایەنی دووهەمیش هەڵدەگەڕێتەوە بۆ ئەو کەسانەی کە دەستپێشخەری ئەو کۆنگرەیە بوون ئەوانیش دەبێت قۆرسایی کوردستانی رۆژهەڵات لە بەر چاو بگرن و زۆر بە جیددیەوە تەعامول بکەن لە گەڵ ئەم بەشەی کوردستان.
سەرەڕای ئەوانەش کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە ڕوانگەی منەوە دەبێت چەند خاڵی گرنگ بکات بە بڕیار یان لانیکەم لەباسەکانیدا بیهێنێتەگۆڕێ. یەک لەوانە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی پارچەیەک لە پارچەیەکی تری کوردستاندا بە ناڕەوا بزانێت((ئەگەر چی هاوکاری و هاوپشتی کردن شتێکی جیاوازە)) مەبەست ئەوەیە کە ڕێزی تەواو و حۆرمەت و کەرامەتی خەبات و نوێنەرانی هەر کامە لە بەشەکانی کوردستان دەبێت پارێزراوبێـت و ئاڵـتێرناتیڤ سازی لە لایەن هیچ بەشێکی کوردستانەوە بۆ بەشێکی دیکەنابێـت بکرێت و دەبێـت زۆر بە جیددیەتەوە کۆنگرەی نەتەوەیی هەڵوێستی هەبێت بەرامبەر بەو کارە کە بە داخەوە لە ڕابردوودا تا ڕادەیەک کراوە. بێ گۆمان ئەم باسە جێگای مشت و مڕێکی تایبەت بە خۆیەو لێردا و لەم باسەدا جێگای وردەکاریەکانی نابێـتەوە. خاڵێکی دیکە کە لە پەیامە سەرەتایەکانی ئەم کونگرەیە وەدەر دەکەوێت ئەوەیە کە پەیامی ئاشتی دەنێرێت چ بۆ هەموو جیهان و بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی کە کوردی تێیدا دەژی وەک توورکییە و سووریە و عێراق و ئێران، ئەمە بۆ خۆی کارێکی باشەو دەبێت هەر واش بێت لە بەر ئەوەی کورد لە مێژوودا هەمیشە نەتەوەیەکی ئاشتی خواز بووەو دەبێـت لە یەکەمین کونگرەی نەتەوەیی کوردیشدا هەر ئەم پەیامەی هەبێت، بەڵام کۆنگرە دەبێت بە رۆشنی و بەئاشکرا ئەم مێژووە باس بکات و لایەنی بەرانبەری کورد واتا ئەو وڵاتانەی کە مافی کوردیان زەوت کردووە بە شەڕ خواز و تاوانباری بزانێت لە ئاستی چارەسەر نەبوونی کێشەی کورددا . مەبەست لێرەدا روونە کە نابێت کۆنگرەی نەتەوەی کورد، کورد بە لایەنی تاوانباری چارەسەری کێشەی کورد بزانێت، بە تایبەتی بۆ کوردی رۆژهەڵات کە بە درێژایی مێژووی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هیچ مافێکی بۆ کورد بە رەسمی نەناسیوەو هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاریەوە بە هێرش کردن و پەلاماردانی کوردستان تا بە ئێستا شەڕی بە کورد فرۆشتووە و بە چەک وڵامی بزووتنەوەی کوردی داوەتەوە. لەم باریەوە کۆنگرە دەبێت بە وریایەوە تەعامول لە گەڵ ئەمە بکات.
ئەنجام

قسەی کۆتایی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد وەک یەکەمین کۆنگرە کە بیرۆکەکەی دیارە مێژوویەکیشی لە پشتە و کارێکی گەلێک باشەو یەکێک لە ئاواتەکانی هەر تاکێکی کوردە، و دەبێـت هەموو ئەو لایەنانەش کە نوێنەرایەتی کورد دەکەن چ وەک تاک و چ وەک حیزب و لایەن دەبێـت بە چاوێکی باشەوە بڕوانە ئەم کۆنگرە و هەموو هەوڵی خۆشیان بخەنەگڕ بۆ سەر خستنی ئەم کۆنگرەیە، هەر تاکێکی کوردیش دەزانێت کە گرنگی بەستنی وەها کۆنگرەیەک بۆ کورد لە ئێستادا لە هەموو کاتێک زیاترە بە لە بەر چاو گرتنی ئەو بارودۆخەی کە بەشێکی لە سەرەوە ئاماژەم پێدا. کە وا بوو دەبێت هەموو لایەک هەوڵ بدەن کەم و کورتیەکانی کەم بکەنەوەو بە پێشنیار و بەشداری کردنییان لەم کۆنگرەیە، پڕ ناوەڕۆک و پڕ دەستکەوتی بکەن. ئەگەرچی ئەم کۆنگرەیە سەرەتای ڕێگایە و رەنگە هەموو ئامانجەکانی نەپێکێت بەڵام دەتوانێـت ببێـت بە سەرەتای کارێکی گەورە بۆ داهاتووی کورد بە گشتی و لە یەک نزیک بوونێکی زیاتری هەموو لایەنەکان لە هەر چوار بەشەکەی کوردستاندا. داهاتووی کورد بەشێکی گرنگی، گرێدراوی ئەم یەکڕیزی و تەباییەیە کە دەبێـت کورد لە نێو خۆێدا هەیبێت. بە هیوای سەر کەوتنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە