کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندێكی \"PYD\" لە دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێمۆكرات لەشاری هەولێر

16:59 - 22 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: هەیئەتێكی پارتی یەكیەتیی دێمۆكراتیك‌ی كوردستانی سووریە بە سەرپەرستی ساڵح موسلیم سەرۆكی ئەو پارتە سەردانی پێوەندییەكانی حیزبی دێمۆكراتیان لەشاری هەولێر كرد.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێكەوتی ٢١ی گەلاوێژ شاندی پارتی یەكیەتیی دێمۆكراتیك سەردانی دەفتەری پێوەندییەكانی كرد و لەلایەن شاندێكی حیزبی دێمۆكراتەوە بە سەرپەرستی بەڕێز حەسەن شەرەفی جێگری سكرتێری گشتی حیزبی دێمۆكراتەوە پێشوازیان لێكرا.
تەوەری باسەكانی دوو لایەن بریتی بوون لە لێكدانەوەی رەوشی جووڵانەوەی كورد لەهەركام لەبەشەكانی كوردستان ‌و بەتایبەت كوردستانی رۆژئاوا.
لەبەشێکی دیکەی دانیشتنەکەدا چۆنیەتی سیاسەت ‌و هەڵسوكەوتی هەركام لەوڵاتانی زاڵ بە سەر كوردستاندا ‌و پێداگرتن لەسەر تەبایی ‌و یەكڕیزی هێزە سیاسییەكانی جووڵانەوەی كورد ‌و هاوكاری كردنیان لەگەڵ یەكتر لەپێناو دابینكردنی مافە رەواكانی گەلی كورد لەو قۆناخە هەستیارەی كە ناوچەكەی تێدایە تاوتوێ کرا.