کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكرات بە بۆنەی ٢٥‌ی گەلاوێژ

14:38 - 26 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: بەڕێز محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بە بۆنەی ٦٨ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێمۆكراتەوە پەیامێکی پێشكەش كرد.
دەقی وتەكانی محەممەد نەزیف قادری بەم چەشنەیە:


هاونیشتمانانی خۆشەویست!

خوشك وبرایانی بەڕێز!

بەشداربووانی هێژا،

زۆر بەخێربێن!

ئەمرۆ لێرە كۆبووینەتەوە، جارێكی دیكە لە ٢٥ی گەلاوێژ ٦٨هەمین ساڵ رۆژی دامەزرانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، حیزبی خۆشەویستی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، و ئەستێرەی پڕشنگداری جووڵانەوەی میللی دێموكراتیكی گەلی كورد، رێز بگرین و ئاوڕێك لە خەبات و تێكۆشانی ئەم حیزبە تێكۆشەرە بدەینەوە. ، لەم رۆژە مێژوویی و بۆنە نەتەوەییەوەدا ، لە لایەن دەفتەری سیاسی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی، پێشكەش بە گەلی كورد، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبە تێكۆشەرەكەمان بكەین، سڵاوی ئەمەگناسی و خۆشەویستی بۆ گیانی پاكی پێشەوا قازی محەممەد و هەموو ئەو تێكۆشەرانە بنێرین كە بۆ درێژەی ئەم رێبازە گیانی خۆیان فیدا كردووە.

خوشك و برایانی بەڕێز!

لە رۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی بەرانبەر بە ١٦ی ئابی ١٩٤٥ی زایینی پاش ٣ ساڵ خەباتی سیاسی و رێكخراوەیی، كۆمەڵەی ژ ـ ك، ڕۆڵە تێكۆشەرەكانی كورد بە ڕێبەری پێشەوا قازی محەممەد، بە لێكدانەوەیەكی سیاسی، لە سەر رەوشی سیاسی ئێران و كورد بە تایبەت دوای ئەو بارودۆخە سیاسییە لە سەردەمی شەڕی دووهەمی جیهانی دا، ئێران و كوردستانی گرتبۆوە بە خوێندنەوەیەكی مۆدێرن و جیهان بینیییەكی نوێ‌وە بە پێكهێنانی حیزبی دێموكرات، بزوتنەوەی كوردی خستە سەر رێبازێكی نوێ‌و رێبەرێكی بە كۆمەڵ و، بەرنامەی سیاسی حیزبیان لە ٨ خاڵ دا پێشكەش بە خەڵكی كوردستان كرد، دامەزرانی حیزبی دێموكرات بوو بە هۆی پێشوازی ڕۆڵە نیشتمان پەروەرەكانی كورد لە سەرتاسەری كوردستانی ئێران لە ماكۆ، وە بگرە تا ئیلام.جگەلەوە، پەیامی حیزبی دێموكرات، هەموو پارچەكانی دیكەی كوردستانی گرتەوە پۆل پۆل، رۆڵە نیشتمان پەروەرەكانی كورد لە پارچەكانی دیكەی كوردستان پەیوەندیان بە حیزبی دێموكراتی كوردستانەوە كردو پشتیوانی خۆیان لە دامەزرانی ئەم حیزبە نەتەوەیی و پێشكەوتووە دەربڕی.

خوشك و برایانی بەڕێز!

شوێن دانەری پێشەوا قازی محەممەد، لە بزوتنەوەی نیشتمانی كوردستان و گەشە كردنی خەباتی سیاسی و رێكخراوەیی حیزبی دێموكرات، كەشێكی لەباری بۆ گەیشتنی گەلی كورد بە ئامانجە لەمێژینەكانی رەخساند. ئەوە بوو كە پێشەوا قازی محەممەد ئەم دەرفەتە لەبارەی قۆزتەوە و بە پێی بەرنامەیەكی سیاسی لە ٢ی رێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی كۆماری كوردستانی وەك یەكەم دەسكەوتی سیاسی و نەتەوەیی گەلی كورد و حیزبی دێموكراتی راگەیاند، بەم چەشنە گەلی كوردی لە بەشێك لە خاكی كوردستان بە ئامانجە پیرۆزەكانی گەیاند، دەسكەوتێكی دیكەی حیزبی دێموكرات كە نموونەی پێشكەوتوویەتی و بە تایبەت لە ئەو سەردەمەدا دامەزرانی رێكخراوی مەدەنی و سینفی بوو كە یەكیەتیەكانی ژنان و لاوان بەرهەمی ئەو روانگە كۆمەڵایەتییەن.

پاش نسكۆی كۆماری كوردستانیش، حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، بۆ درێژەدان بە خەبات و، وەدی هێنانەوەی ئامانجەكانی كۆماری كوردستان، رێكخستنەكانی خۆی بۆ خەبات دژی رێژیمی پاشایەتی سەر لەنوێ‌ رێكخستەوەو، لە چەندین قۆناغی مێژووییدا توانی رۆڵی شۆڕشگێرانەی خۆی بگێرێ‌.

بەشداری لە هەڵبژاردنی خولی ١٧هەمی مەجلیسی شورای میللی ئێران و سەركەوتنی كاندیدی حیزب لە شاری مهاباد، لە ساڵی ١٣٣١ی هەتاوی، و پشتیوانی و رێبەری كردنی ڕاپەرینی جوتیارانی مەڵبەندی موكریان دژی فئوداڵەكان و دەست پێ‌كردنی خەباتی چەكداری ساڵەكانی ٤٧ و ٤٦ و لە هەموو گرینگ تر لێكدانەوەی ژیرانەی رێبەری حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، بە تایبەت شرۆڤە كردنی ئەو روداوانە لە لایەن رێبەری مەزن د. عبدالرحمان قاسملوو، لە دەسپێكی خۆپێشاندان و ڕاپەرینەكانی كۆمەڵانی خەڵكی ئێران دژی رێژیمی پاشایەتی، و دانانی كۆمیتەی زاگرۆس لە تێكۆشەرانی حیزب بە ئامانجی رێبەری كردنی خۆپێشاندانەكانی خەڵكی كوردستان نموونەی شێلگیر بوونی حیزبی دێموكرات لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد لە كوردستانی ئێرانە.
بەشداربووانی هێژا!

پاش سەركەوتنی شۆڕشی پڕشكۆی گەلانی ئێران، و دوای ئەو هەمووە خەبات و بەرخۆدانەی حیزبی دێموكرات و گەلی كورد.رێبەرانی ئایینی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی ئێران، بە كەڵك وەرگرتن لە هەستی ئایینی خەڵك رێبازی ئەو شۆڕشە مەزنە كە بەرهەمی ڕاپەرین و خوێن و خەباتی دەیان هەزار كەس لە رۆڵە ئازادیخوازەكانی وڵاتەكەمان بوو، بە لارێ‌دا برد، جارێكی دیكە كۆمەڵانی ڕاپەریوو تینووی ئازادییان تووشی رێژیمێكی دیكتاتۆر و داپلۆسێنەرتر لە رێژیمی پێشوو كرد.
لە دەست پێكی ئەو سیاسەتەدا، حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، یەكێك لەو لایەنە سیاسیانە بوو، هەستی بەو مەترسییە كردو لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسیە پێشكەوتن خوازەكانی ئێران كەوتە دیالۆگ و راگۆرینەوە بۆ ئەوەی بە پلاتفۆرمێكی سیاسی بتوانن رێژیمێكی دێموكراتیك بێننە سەركار بە داخەوە بەهۆی ناهەماهەنگی سیاسی و لێكدانەوەی هەڵەی بەشێكی دیكە لەو لایەنە سیاسیانە، رێبەرانی ئایینی ئەو بۆشایییانەیان قۆزتەوەو لە بە ناو ریفراندۆمێك دا رێژیمی كۆماری ئیسلامیان بە سەر گەلانی ئێران دا سەپاند، لەگەڵ ئەوە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، هەڵوێستی مێژوویی خۆی گرت، لەم بە نێو ریفراندۆمەدا بەشداری نەكردو بێ‌بنەمابوونی ئەم رێژیمەی لەقاودا، رێبەرانی رێژیمی كۆماری ئیسلامی كە لە جێگەو پێگەی جەماوەری حیزبی دێموكرات لە كوردستان و شوێن دانەری سیاسی لەسەر بزوتنەوەی مافخوازی گەلانی ئێران، و بانگەشەی دێموكراسی خوازی حیزب یان لە ئاستی سەرتاسەری بە مەترسی لەسەر سیاسەتە نا دێموكراتیكەكانیان دەزانی، زوو كەوتنە پیلان گێران دژی حیزبی دێموكرات و خەڵكی كوردستان، ئەوەبوو چەندین شەری خوێناویان لە كوردستان وەڕێ‌خست و سەرەئەنجام بە پێكهێنانی شەڕی خوێناوی پاوە، خومەینی بریاری هێرشی سەرتاسەری و فتوای جیهادی بۆ سەر خەڵكی كوردستان داو، حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانی هەڵوەشاوە ڕاگەیاند و تەواوی هەوڵەكانی ڕێبەرانی كوردی بۆ چارەسەری ئاشتییانەی پرسی كوردی لە ئێران لەباربرد.

خوشك و برایانی بەرێز!

لەبەرانبەر ئەم سیاسەتە، دژی مرۆیییەدا، حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، بریاری بەربەرەكانی و داكۆكی لە مافەكانی گەلی كوردیدا، لەو كاتەوە تا ئێستا خەباتێكی پر لە قوربانی دان و بەرخۆدان لە ئارادایە و بە هەزاران كەس لە خەڵكی كوردستان و ئەندام، كادرو پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان و رێبەرانی هەڵكەوتوویی حیزبە تێكۆشەرەكەمان گیانیان لە پێناو ئامانجە پیرۆزەكانی گەلی كورد پێشكەش كردووە، و بە خوێنی خۆیان ڕەوایی ئەم خەباتەیان سەلماندووە.

بەرێزان!

ئێمە ٦٨ـەمین ئاهەنگی دامەزرانی حیزبە تێكۆشەرەكەمان لەبارودۆخێك دا دەگرین كە جوولانەوەی مافخوازی گەلی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان لەگەشە كردن دایەو بەرەو ئاقارێك هەنگاو دەنێت كە، گەلی كورد ببێتە خاوەنی شوناس و سەروەری نەتەوەیی، لە باشووری كوردستان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، توانیویەتی لە بواری سیاسی و دیپلۆماسی و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان دا پرسی كورد لە عێراق بكاتە یەكێك لە فاكتەرە، ئەساسیەكانی ناوچە.

لە باكوری كوردستان، بزوتنەوەی جەماوەری و مەدەنی كورد روو لە گەشە كردنەو پێی ناوەتە قۆناغێكی هەستیار، بۆ چارەسەری پرسی كورد لە نێوان دەوڵەتی توركیە و سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان. PKK وتوێژ دەستی پێ‌كردوە، هیوادارین، ئەم رەوتە ئامانجە نەتەوەیییەكانی گەلی كورد لەو بەشەی كوردستان دابین بكا.

پرسی كورد لە سوریەش، ئیستا یەكێك لە پرسە سیاسیەكانی ناوچەیە، لەو بەشە لە خاكی كوردستان هەلومەمەرجێكی زۆر هەستیار تێ‌دەپەڕێنێ‌.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لەو باوەرەدایە، پاراستنی ناوچە ئازاد كراوەكان و دەست كەوتەكانی گەلی كورد لەرۆژئاوای كوردستان تەنیا بە یەكیەتیو یەكریزی هەموو حیزب و لایەنە سیاسیەكانی كورد لەو بەشەی كوردستان دەستەبەر دەكرێ‌و، ئامانجەكانی كورد دابین دەكا ئەو مەترسییە لایەنە توندرەوەكانی عەرەبی و ئیسلامی كە بوونەتە هەرەشە لەسەر دەستكەوتەكانی كورد و ژیان و گوزەرانی خەڵكی مەدەنی پوچەڵ دەكاتەوە. ئێمە وێرای پشتیوانی لە خەباتی گەلی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان كردەوە دژی مرۆیییانەی ئەو لایەنە جیهادی و دژی كوردانە كە هێرش دەكەنە سەر دانیشتووانی ئەم بەشە مەحكووم دەكەین. وداوا لە حیزب و لایەنە مرۆڤ دۆستەكان دەكەین بە هانایانەوە برۆن.

لە كوردستانی ئێرانیش، سەرەڕای هەوڵەكانی رێژیم بۆ بەچۆك داهێنانی گەلی كورد و حیزبە شۆڕشگێرەكانی، خەبات هەروا بەردەوامە، و حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران . بە گرتنەبەری هەڵوێستی سیاسی شیاو و كەڵك وەرگرتن لە هەموو شێوەكانی خەبات، و هەڵبژاردنی تاكتیكی گونجاو لەگەڵ بارودۆخی سیاسی وڵاتەكەمان و كوردستان هەنگاو هەڵ دەگرێ‌.

بەرێزان!

لەو ڕوانگەیەوە، كە لە ئێستادا پرسی كورد، یەكێك لە پرسە گرینگەكانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستە و فاكتەرێكی بەرچاوە لە پرۆسەی سیاسی ناوچەكەدا،ئەم باردوخە نوێ‌یە، بۆ سەركردایەتی سیاسی كورد بە گشتی دەرفەتێكی مێژوویییەو بۆ پێك هێنانی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد، حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە درێژایی تەمەنی سیاسی هەوڵی یەكگرتووی كوردو دامەزراوەیەكی نەتەوەیی داوە، بە تایبەت رێبەری مەزنمان د. عبدالرحمان قاسملوو، بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، هەوڵێكی چڕوپری داو لە مێژبوو ئەو پێویستییەی هەست پێ‌كردبوو، لەو باوەرەش دابوو ئەو دامەزراوەیە پێكهاتەیەك بێ‌لە كەسانی شارەزا بە پرسی كورد لە ئاستی كوردستان و دۆستانی كورد لە دەرەوەی وڵات هەر لەسەر ئەم بیرۆكەیەش بوو، پێشنیاری پێك هێنانی كۆنفرانسی پاریسی كرد، و لە یەكەم بەشداریشی لە كۆبوونەوەی ئینترناسیۆنال سۆسیالیست، قەتع نامەیەكی لەسەر كورد بە پەسند گەیاند، بە خۆشیەوە ئێستا بۆ گەیشتن بەم ئامانجەو، پێك هێنانی ئەم كۆنگرەیە دەرفەتێكی لەبار هاتۆتە ئاراوەو لە لایەن بەرێز مسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان حیزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستانی بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم پرۆسەیە بانگهێشت كراون.

لەم پەیوەندیەدا، حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، بە هەست بە بەرپرسیارەتی سیاسی و نەتەوەیی پێشوازی لەم پرسە گرینگە كردو بۆ سەركەوتنی ئەو كۆنگرە كە قەرارە لە داهاتوویەكی نیزیك دا لە شاری هەولێر پێتەختی هەرێمی كوردستان بگیرێ‌هەموو هەوڵی خۆی ئەدا.

مەسەلەیەكی دیكە بە پێویستی دەزانم ئاماژەی پێ‌بكەم و ئێستا یەكێك لە باسەكانی رۆژە، دەست بەكار بوونی حەسەن روحانی سەرۆك كۆماری نوێی ئێرانە، كە هەركەس و لایەنێك لە روانگەی خۆیەوە ئەم مەسەلە لێك ئەداتەوە. بە لەبەرچاو گرتنی، پێكهاتەی سیاسی و یاسای بنەڕەتیی ئێران، سیاسەتی دانان و بریاری یەكلایی كردنەوەی پرسە گرینگەكان لە دەسەلاتی رێبەردایە و سەرۆك كۆمار، بەرێوەبەرو پەیڕەوكەری ئەم دەسەڵاتە باڵایەیە. بۆ سەلماندنی ئەم راستیە ئاماژە بە قسەیەكی عەلی خامنەیی دەكەم لە كاتی لێدوانەكانی كاندیداتۆرەكانی رێژیم دا، ووتی داوایان لێ‌دەكەم بەڵێنێك نەدەن لە توانایان دا نەبێ‌!

حسن روحانی لە كاتی هەڵبژاردن، باسی لە ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ رۆژئاوا، لە رێگەی دیالۆگەوە كرد، باسی كەم كردنەوە یا هەڵگرتنی تەحریمەكانی كرد و لە ئاستی نێوخۆییش دا، باسی دابین كردنی ئازادی بۆ تاك و كۆمەڵی كرد، باسی لە بەشداری ژنان لە پرۆسەی سیاسی و ئیداری كرد، باسی ئازادی زیندانیانی سیاسی كرد، بەڵێنی بە كۆمەڵانی خەڵك دا، ژیان و گوزەرانیان باشتر بكاو تەواوی كەم و كوریەكانی دەخستە سەرشانی ئەوانەی پێش خۆی.

بەڵام دوای هەڵبژێرانی، گفتمانی حسن روحانی ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات قسە لە سەر بەردەوام بوونی لەسەر درێژەدانی پرۆژەی ئەتۆمی بە دیپلۆماسێكی نەرمترو. پشتیوانی لە رێژیمی دیكتاتۆری بەشار ئەسەد،جەختی لە سەر سیاسەتی پێشووی كۆماری ئیسلامی كردەوە.

ئەگەر بە وردی چاو لە كابینەكەی و پێكهاتەی هەیئەتی وەزیرانی پێشنیاری و قسەكانی لە رێ‌و رەسمی سوێند خواردنی دا بكەین، وەڵامی زۆر لەو پرسیارانە كە بۆ خەڵكی ئێران و چاوەدێرانی سیاسی مەترەح بوو دراوەتەوە، زۆربەی وەزیرەكانی هەرئەو كاربەدەستە باڵایانەی رێژیمن كە خەڵكی ئێران یان تووشی ئەو هەموو نەهامەتیە كردووە. باس لە ئازادی تاك دەكا لە كابینەكەی تاكە ژنێكی تێدا نیە، لە كاتێك دا نیوەی دەنگەكانی ژنان پێیان داوە، لێرەدایە عەداڵەت و ئیعتدالی حسن روحانی دەردەكەوێ‌.

باس لە بەشداری (مشاركتی) هەموو پێكهاتەكانی وڵاتی كرد،لە ئەو پێوەندیەش دا هیچ بەشداریەك نابینرێ‌و ئاماژەی بە یەك هەرێم بوونی ئێران ویەك میللەت بوون و یەك زمان بوونی كردوەو بە ئاشكرا نكۆلی لە شوناسی نەتەوەكانی ئێران و مافەكانیان كردەوە.

خوشك و برایانی بەرێز!

رێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ قوتار بوون لەو قەیرانە كە لە ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی دا لەگەڵی رووبەڕوو بووە، لەو بە نێو هەڵبژاردنە دا سیاسەتێكی چەواشەكارانەی رەچاو كردوە. ئەو هەڵبژاردنەی لە شورای نیگابان بە جۆرێك موهەندیسی كرد، كە ئەزموونی هەڵبژاردنی ساڵی ٨٨ تیكرار نەبێتەوە. و لەو جێ‌گۆركیەدا لە بەینی مۆرەكانی دا جارێكی دیكە ڕای گشتیی چەواشە كرد.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، هەروەك پێشتر خوێندنەوەی خۆی لەسەر ئەو هەڵبژاردنە باس كردوە، لەو باوەڕەدایە، رێبەرانی رێژیمی كۆماری ئیسلامی باوەڕیان بە هیچ كرانەوەیەكی سیاسی كە لە بەرژەوەندی كۆمەڵانی خەڵك دابێ‌نیەو لەسەر سیاسەتی سەركوت و زەبرو زەنگ بەردەوام دەبێ‌. ئەگەر رۆژێكیش. ئەو قەیرانە تەنگ یان پێ‌هەڵ چنی هەروەك سروشتیانە، سەرانی ئەم رێژیمە لە ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتی دا. بە جیدی هەست بە مەترسی بكەن و هەڕەشەی نەمانیان لەسەر بێ‌، واز لە هەموو، پرۆژەیەكیان بۆ مانەوەی خۆیان و رێژیمەكەیان دەهێنن و گوشاریان لەسەر كۆمەڵانی خەڵك لە نێوخۆ زیاتر دەكەن.

بەم لێكدانەوەیە، تەنیا رێگەیەك كە لەبەردەم گەلانی ئێران و بزوتنەوەی دێموكراسی خوازی وڵاتەكەمان ماوەتەوە، یەكیەتیی و یەكگرتوویی هێزە سیاسیەكانی ئێرانی یە، لەم بوارەدا حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران هەم لە ئاستی سەرتاسەری داو هەم لە دیالۆگ و هاوكاری لەگەڵ هێزە سیاسیەكانی كوردستان لە هەوڵدایە و بە خۆشیەوە ئەم رەوتە لە زۆر بواردا شوێن دانەری ئەرێنی بە دواوە بووە.

خوشك و برایانی بەرێز!

لەم رێ‌و رەسمە مێژوویییەدا، جارێكی دیكە لەسەر بنەما فكری و تەشكیلاتیەكانی حیزبەكەمان، خەبات بۆ دابین كردنی مافە نەتەوایەتیەكانی گەلی كورد دابین كردنی ئازادی و دێموكراسی و دادپەروەری، پاراستنی بەها دێموكراتیكەكان، پشتیوانی سیاسیمان لە بزوتنەوەی نیشتمانی پارچەكانی دیكەی كوردستان و گرینگی دان بە سیاسەتی پێكەوە ژیان بە ئاشتی لەسەر بنەمای دان پێداهێنان بە مافە نەتەوەیەكانی گەلی كورد، لەگەڵ گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان و خەبات دژی تیرۆریزم جەخت دەكەینەوە لە گەڵ رێبەرانی شەهیدمان، قازی و قاسملوو و شەرەفكەندی و هەزاران شەهیدی رێبازی دێموكرات بەڵێن و پەیمان نوێ‌دەكەینەوە تا وەدی هاتنی ئاواتەكانیان لە خەبات بەردەوام بین.و دڵنیایان دەكەین هیچ هێزێك ناتوانێ‌ئیرادەی تێكۆشەرانی دێموكرات كز و لاوازبكا و لە رێی خەباتیان تا گەیشتن بە ئامانجەكانی گەلی كورد هەنگاویان پێ‌شل بكا.

سڵاو لە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران

بروخێ‌رێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران

سەركەوێ‌جوولانەوەی میللی دێموكراتیكی گەلی كورد

هەر خۆش بن

سوپاستان دەكەم