کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێكی حیزبی شیوعی كوردستان سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكراتیان كرد

16:07 - 26 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: هەیئەتێكی حیزبی شیوعی كوردستان بە مەبەستی پیرۆزبایی كردنی ٢٥ی گەلاوێژ ٦٨مین ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دێمۆكرات سەردانی دەفتەری سیاسییان كرد.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێكەوتی ٢٥ی گەلاوێژ شاندێكی حیزبی شیوعی كوردستان بە سەرپەرستی دكتۆر محیەدین حەسەن ئەندامی سەركردایەتی حیزبی شیوعی سەردانی دەفتەری سیاسیان كرد و لەلایەن شاندێكی حیزبی دێمۆكراتەوە بە سەرپەرستی بەرێز حەسەن شەرەفی جێگری سكرتێری گشتی پێشوازییان لێكرا.
لە دیدارەكەدا هەیئەتی حیزبی شیوعی پیرۆزبایی خۆیانیان بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ پێشكەش بە حیزبی دێمۆكرات كرد و ئەو حیزبەیان بە هێزێكی كاریگەر لەخەباتی نەتەوەیی ـ دێمۆكراتیكی گەلەكەمان زانی و رایانگەیاند كە شانازی بە پێوەندی لەگەڵ حیزبی دێمۆكراتەوە دەكەن.
لەو پێوەندییەدا هەیئەتی حیزبی دێمۆكرات سپاس و پێزانینی خۆی پێشكەش بەو هاوڕێیانە كرد و لەو باوەڕەدابوون كە حیزبی شیوعی كوردستان لەو حیزبە تێكۆشەرانەی نەتەوەكەمانە كە پێوەندیەكی دۆستانە و نیزیكی لەگەڵ حیزبی دێمۆكرات هەبووە و بەرژەوەندی گشتی نەتەوەیی لەسەرەوەی هەموو بەرژەوەندییەكی حیزبی داناوە.