• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٢ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٠١ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی  

کاردانەوەی چاوترسێن کردنی خەڵک لە بەرەبەری هەڵبژاردندا

زایینی: ١٤-٠٣-٢٠١٢ - هەتاوی: ١٣٩٠/١٢/٢٤ - ٢٢:٣٤ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
کاردانەوەی چاوترسێن کردنی خەڵک لە بەرەبەری هەڵبژاردندا
ناهید حسەینی

یەکێک لەو سیاسەتانەی رێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ کپکردنەوەی دەنگی ناڕازییەکان لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکاندا بەردەوام بەڕێوەی بردووە، دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵی خەڵکی ئاسایی، چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکان و بە تایبەتی رۆژنامەنووسان بووە و ئەو کارەش بە


‌مەبەستی چاوترسێنکردن و خوڵقاندنی دۆخی ترس لە کۆمەڵگادا و راکێشانی زۆرەملێی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان دەکات. هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی مەجلیسی نۆهەم و کۆدەنگیی هێزە دژبەرەکانی ئەو رێژیمە بۆ تەحریمی چالاکانەی هەڵبژاردن لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، شەپۆلێکی بەرینی دەستبەسەرکردن و سەپاندنی سزای قورس بۆ گیراوان لە نێوخۆی ئێران بە گشتی و لە کوردستان بە تایبەتی دەستی پێکردۆتەوە و ئەوەش ناڕەزایەتییەکی بەرینی لە ئاستی جیهانیدا لێ کەوتووەتەوە.

رێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند کە لە رۆژانی بەرەبەری هەڵبژاردنی خولی نۆهەمی مەجلیسی شوورای ئیسلامی، شەپۆلێکی نوێ‌ لە دەستبەسەرکردنی خەڵک بە تایبەت لە شاری مەهاباد و گوندەکانی دەوروبەری دەستی پێکردووە و لەو پەیوەندییەدا نیگەرانی دەربڕیوە و داوای لە دامودەزگا ئەمنییەتی و دادوەرییەکان کردووە بە پێی بەڵیننامە نێونەتەوەییەکان کە خۆیشیان واژۆیان کردووە لە بواری مافە مەدەنی و سیاسییەکاندا هەڵسوکەوت بکەن. شایانی وەبیرهێنانەوەیە کە محەممەد سدیق کەبوودوەند، سەرۆکی ئەو ریکخراوە لە ساڵی 2004ەوە سەرەڕای خراپبوونی باری تەندرووستی لە زینداندایە و لە کەمترین ئیمکاناتی پزیشکی بێ‌بەری کراوە.

کۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەنووسان لە راپۆرتی ساڵی 2011ی خۆیدا ئێرانی‌ بە «خراپترین وڵات لە بواری زیندانیکردنی رۆژنامەنووسەکاندا» ناوزەد کردووە و لە راپۆرتی ئەمساڵی خۆیدا باس لە سەرکوتی بەربڵاوی خەڵکی ناڕازی و دەستبەسەرکردنە بەکۆمەڵەکان و هەروەها پێشگرتن لە بڵاوکردنەوەی بۆچوونە رەخنەگرانەکان بەرامبەر بە دەسەڵات دەکات.

فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی رۆژنامەنووسان (IFG) وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی لە شەپۆلە نوێکانی دەستبەسەرکردنی رۆژنامەنووسان لە ئێران، دۆخی ئازادیی چاپەمەنییەکان لەو وڵاتەدا بە «تاقەتپڕووکێن» و دۆخی رۆژنامەنووسان بە «خراپترین دۆخ» وەسف دەکات. جیم بوومێلیا، بەرپرسی ئەو رێکخراوە لە راگەیەندراوێک لەو پەیوەندییەدا دەڵێت: «دەستبەسەرکردنەکانی ئەم دواییانە دەیسەلمێنن کە کارەساتی دۆخی رۆژنامەنووسان لە ئێران بێ‌کۆتاییە و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەبێت لە دژی هێرشی بێبەزەییانە بۆ سەر چاپەمەنییە سەربەخۆکان دەنگ هەڵبڕێ‌.»

کاترین ئەشتۆن، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ئورووپا لەو پەیوەندییەدا نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕیوە و جەختی کردۆتەوە کە: «رەنج و ئازاری رۆژنامەنووسان و بلاگنووسەکان بەردەوام پەرە دەستێنێت و من گەلێک نیگەرانی ئەو دۆخەم. ئازادیی دەربڕین یەکێک لە مافە بنەڕەتییەکانی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤە کە ئێران ئازادانە واژۆی کردووە و بەڵێنی داوە رێز لەو مافە بگرێت و رەچاوی بکات.».

هەروەها رێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەییش لە راگەیەندراوێکدا نیگەرانیی خۆی لە شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنەکان لە ئێران دەربڕیوە و هۆکاری ئەو کردەوەی رێژیمی بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادیی رادەربڕین لە بەرەبەری هەڵبژاردنی مەجلیسی نۆهەمدا گەڕاندۆتەوە.

ئامریکا، بریتانیا و فەڕانسەش لە دژی ئەو دستبەسەرکردنانە هەڵوێستیان گرتووە و وێڕای مەحکوومکردنی داوایان لە رێژیمی ئێران کردووە پێداچوونەوە بە حوکمە دژواز بە مافە مرۆییەکانیدا بکاتەوە. ویکتۆریا نۆلەند، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا دەڵێت: «ئێمە بە قووڵی نیگەرانی هەوڵە پەرەسەندووەکانی ئێران بە مەبەستی کپکردنەوەی هەموو جۆرەکانی ئازادیی رادەربڕین و داخستنی رێگاکانی دەستپێڕاگەیشتنی شارۆمەندان بە زانیارییەکان لە بەرەبەری هەڵبژاردنی مەجلیسی نۆهەم لە مانگی رەشەمەداین.»

بە پێی پێناسەیەکی گشتی بۆ زیندانیی سیاسی دەتوانین بڵێین لە وڵاتە یاسامەندەکاندا زیندانیی سیاسی ئەو کەسەیە کە سنوورە یاساییە دیاریکراوەکانی لە بواری ئازادییە سیاسییەکاندا بەزاندووە، هەر بۆیەش بە پێی یاساکانی پەیوەندیدار بەو سنووربەزاندنە سزای دیاریکراوی بەسەردا دەسەپێت. بەڵام ئەوەی کە جێگەی باسە ئەوەیە کە سنووری ئازادییە سیاسییەکان و یاساکانی پەیوەندیدار بە پاراستنی ئەو سنوورانە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە بە پێی سیستمی دەسەڵاتداریی ئەو وڵاتانە و رادەی پابەندبوونیان بە جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ جیاوازە. شێوازی رووبەڕووبوون لەگەڵ زیندانییە سیاسییەکانیش بە هەمان شێوە جیاوازی زۆر بە خۆیەوە دەبینێت. بە پێی یاسا، تاوانکاریی سیاسی لە تاوانکاریی کۆمەڵایەتی جیا دەکرێتەوە و زیندانیی سیاسی کۆمەڵێک مافی دیاریکراوی یاسایی هەیە کە دەبێت بە پێی ئەو مافانە هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت. تەنانەت لە یاسای بنەڕەتی وڵاتێکی دیکتاتۆرلێدراوی وەک ئێرانیشدا کۆمەڵێک مافی سەرەتایی بۆ زیندانییانی سیاسی رەچاو کراوە، بەڵام بەکردەوە هەرگیز جێبەجێ‌ نەکراون، وەک چۆن کۆمەڵێک مافی سیاسی سەرەتاییش لە یاسای بنەڕەتی ئەو رێژیمەدا بۆ شارۆمەندان بە رەوا زانراوە، بەڵام بە کردەوە پێشێل دەکرێن.

زیندانییانی سیاسی لە زیندانەکانی رێژیمی ئێراندا بە دڕندانەترین شێوە ئەشکەنجەی رۆحی و جەستەیی دەکرێن و ناچار دەکرێن دان بە تاوانی نەکردوودا بنێن، بە هەزاران زیندانی بە هۆی بارودۆخی نالەباری نێو زیندانەکان باری تەندرووستییان تێک چووە و لە ئیمکاناتی پزیشکی بێبەرین و تێکەڵ بەو زیندانییانە دەکرێن کە تاوانی کۆمەڵایەتی قورس وەک قەتڵ و کڕین و فرۆشتنی مادە سڕکەرەکانیان ئەنجام داوە، سووکایەتی بە باوەڕە سیاسی و ئایینییەکانیان دەکرێت و مافی کەڵکوەرگرتن لە پارێزەریان نیە و لە پشت درگا داخراوەکاندا لە ماوەی چەند کاتژمێردا بەناو دادگایی دەکرێن، لە زیندانی پارێزگا یان شارەکانی خۆیانەوە بۆ شارە دوورەکان رادەگوێزرێن و بەو پێیەش کە هەژارییەکی گشتگیر داوێنی کۆمەڵگای ئێرانی گرتووە، بنەماڵەی ئەو زیندانییانەش بۆ سەردانی گیراوەکانیان تووشی کێشەی ئابووری دەبن و بەم چەشنە زیندانییەکان لە بینینی جاروبارەی بنەماڵەکانیشیان بێبەش دەبن و تووشی ئازاری دووقات دەبن.

وڵاتی ئێران وەکوو «زیندانێکی گەورە بۆ شارۆمەندانی خۆی» و «گەورەترین زیندانی رۆژنامەنووسانی جیهان» و هەروەها «سەرکوتکەری ئینتێرنێتی» ناوبانگی دەرکردووە. لە راپۆرتە ساڵانەکاندا لە باری رێژەی زیندانییانی سیاسییەوە بەردەوام لە ریزی یەکەمین و دووهەمین وڵاتەکاندا جێی گرتووە.



سه‌رچاوه‌: رۆژنامه‌ی‌ "کوردستان"، ژماره‌:576
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٣ لەم ژمارەیەدا:

ــ بوومەلەرزەی سیاسی
ــ لە خەبات دژ بە ئەپارتایدەوە بۆ ڕاسان
ــ ئەمن چی بكەم، خۆتان دروستی بكەنەوە
ــ دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک