کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێمۆكرات بەشداریی لەدانانی لەوح و مۆنۆمێنت لەسەر گڵكۆی شەهیدان، لە بازیان كرد

15:39 - 27 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: شاندێكی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بە سەرپەرستی تاهیر مەحموودی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی بەشداریی لەدانای لەوح و مۆنۆمێنت لەسەر گڵكۆی شەهیدانی حیزب لەشاروچكەی بازیان لەهەرێمی كوردستاندا كرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێكەوتی ٢٦‌ی گەلاوێژ ناوەندی رۆشنبیری شارۆچكەی بازیان بەمەبەستی رێزلێنان لە پۆلێك شەهیدی حیزبی دێمۆكرات لەوحی لەسەر گڵكۆكەیان دانا و بۆ ئەو مەبەستەش بە فەرمیی حیزبی دێمۆكراتیان بانگهێشت كردبوو.

لەو كۆڕە رێزلێنانەدا تاهیر مەحموودی بەرپرسی كۆمیسیۆنی كۆمەڵایەتیی حیزبی دێمۆكرات، وێڕای ئاماژە بە ٢٥ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزب، قۆناغەكانی خەباتی سەخت و پڕ لەشانازی ئەو حیزبەی باس كرد و سوپاس و پێزانینی لەمودیر ناحیە و ناوەندی رۆشنبیری بازیان و سەرجەم دام و دەزگاكانی بازیان كرد.
تاهیر مەحموودی ئەو كارەی بە ئەركێكی نەتەوەیی و بە نیشانەی دڵسۆزی و خەمخۆری بەرپرسانی ئەو شارە بە نیسبەت حیزبی دێمۆكرات و شەهیدانی رێگای رزگاریی كوردستان لەقەڵەم دا.
دواتر رەفعەت فەتحوڵڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان، وێڕای دەربڕینی سپاسی خۆیان لەئامادەبوونی هەیئەتی حیزبی دێمۆكرات، بەرێوەبردنی ئەو ئەركەی بۆ قەدردانی بۆ خەبات و سەرەوەری و فیداكارییەكانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران گەڕاندەوە و بە چاوی پڕ لەفرمێسك و بە ئیحساسێكی پاكی كوردانەوە وتی: شانازیەكانی حیزبی دێمۆكرات و قوربانی و شەهیدەكانی ئەوەندە زۆرن كە ئێمە وەك نەتەوەی كورد لەهەركام لەبەشەكانی كوردستان بە چاوی رێزەوە سەیری دەكەین و ئەو كارەشمان وەكوو نیشانەیەك بۆ سەروەرییەكانی ئەو حیزبە ئەنجام داوە.
پاشان پارچە مۆسیقایەك لەلایەن یەكێك لەئەندامانی ناوەندی رۆشنبیری بازیانەوە پێشكەش كرا.