کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نالەبار بوونی دۆخی منداڵانی کار و خەمساردیی بەرپرسانی رێژیم

16:41 - 26 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: سه‌ره‌ڕاى واژۆی بەڵێننامەی (ILO) له‌لایه‌ن رێژیمی ئێرانه‌وه، نزیکەی ٤ میلیۆن منداڵی کار لە ئێراندا بوونی هەیە.


بەگوێرەی راپۆرتی ماڵپەڕی ئیلنا، چالاکێکی مافی منداڵانی کار گوتوویەتی: رێژیمی ئێران بە پەسند کردنی بەڵێن‌نامەی ١٨٢ی رێکخراوی جیهانیی کار، پێویستە خراپ‌ترین جۆرەکانی کاری منداڵان بناسێنێت و لەمەڕ بنەبـڕ کردنیان هەنگاو هەڵبگرێت.
ئەو چالاکەی مافی منداڵانی کار لە سەروبەندی دانیشتنی رێکخراوی جیهانیی کار (ILO) گوتی، دەوڵەتی رێژیمی ئێران بە پەسند کردنی بەڵێن‌نامەی ١٨٢ی رێکخراوی جیهانیی کار، لە ژیرناوی ناساندن و سڕینەوەی جۆرەکانی کاری منداڵان، ناچار بە جێبەجێ کردنی ئەو بڕیارنامەیە.
ئیسماعیلی پوور، چالاکی بواری مافی منداڵانی کار، گەلاڵەی کۆکردنەوەی منداڵانی کار لەسەر شەقامەکان و ناوەندەکانی دیکەی کاری منداڵان لەلایەن دەوڵەتەوە بە شکست له قه‌ڵه‌م داوه و ئه‌و شکسته‌ى مەحکووم کردووە و گوتوویەتی، هەبوونی رێژەیەکی زۆری منداڵ پاش ١١ ساڵ لە بەڕێوەچوونی ئەو گەڵاڵەیە ئەو راستييه دەسەلمێنێت.
سواڵ کردن، دەست فرۆشی و لەش فرۆشی لە چالاکییەکانی منداڵانی کەم تەمەن دێتە ئەژمار و زۆربەشیان تووشی نەخۆشی‌گەلێکی وەکوو ئەیدز، هیپاتیت و نەخۆشیی دەروونی بوون.
بەگوێرەی راپۆرتی ئاماری رێژیمی ئێران، زیاتر لە ٢ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار منداڵی کار لە ئێراندا بوونی هەیە کە مەترسیی ئازاردانی جسمی و جينسى و تووش بوون بە مادە سڕکەرەکان دان. بەڵام بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان نزیکەی ٤ میلیۆن منداڵی کار لە ئێراندا بوونی هەیە و ٣.٥ میلیۆنیان ناچار بوون واز لە خوێندن بهێنن. تەمەنی نێونجیی منداڵانی کار ٨ هەتا ١٤ ساڵ بەراورد کراوە.

راگەیەنەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران