کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خراپی بارودۆخی سینەماکانی ورمێ

17:35 - 5 خەرمانان 2713

کوردستان میدیا: داخستنی ٧٤% سینەماکانی شاری ورمێ و نالەباری دۆخی سینەماکان ئاستی فەرهەنگی شاری ورمێی لەچاو شارەکانی دیکە دابەزاندووە.
ماڵپەڕی شنۆباس لەسەر زاری کار بەدەستێکی رێژیمی ئێرانەوە بڵاوی کردۆتەوە، لە نێوان ١٩ سینەمای پارێزگای ورمێ ١٤ سینەمایان داخراون.

ئەو کاربەدەستە لە درێژەدا وتوویەتی: ئەو سینەمایانەی کە بە تەواوەتی دانەخراون، بە ناچاری و بە شێوەی نیوە وەخت کاردەکەن.
خۆ بە بەرپرسیار نەزانینی کاربەدەستانی رێژیمی ئێران لەمەڕ کێشەی سینەماکانی پارێزگای ورمێ بۆتە هۆی داخستنی سینەماکان و نالەباری بارودۆخیان کە ناتوانن وەڵام دەری ویستی هەوادارانی فیلم لەو ئوستانەدا بن.
بەرپرسی سینەماکانی پارێزگای ورمێ لەگەڵ ئەوەی بارودۆخی خراپی سینەماکانی ئەو پارێزگایەی پشتراست کردۆتەوە ئەوەشی خستۆتەڕوو کە پێش هاتنە سەرکاری رێژیمی ئێران، ٢٠ سینەما لەپارێزگای ورمێدا کراوەبوون و دوابەدوای بە دەسەڵات گەیشتنی رێژیمی ئێران ژمارەی سینەماکان کەمی کردووە و ئێستا تەنیا ١٥ سینەما لەو پارێزگایەدا ماوەتەوە، کە دۆخی بیناکانی بەشێک لەو سینەمایانە لەو پەڕی خراپی دایە.
بە پێی وتەکانی ئەو بەرپرسە نوێترین سینەما لە پارێزگای ورمێ ٧٠ ساڵە دامەزراوە و هەتا ئێستا کەلوپەلەکانی کۆنن و بەکەڵکی بەکارهێنان نایەن.