کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چیرۆكە شیعری دڵداریی \'\'عەزیز و كوبرا\'\' چاپ و بڵاو كرایەوە

00:30 - 6 خەرمانان 2713

کوردستان میدیا: چیرۆكە شیعری دڵداریی \'\'عەزیز و كوبرا\'\' کە بەرهەمێکی ئەدەبی میللیی کوردە، چاپ و بڵاو کرایەوە.

بەپێێ هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چیرۆكە شیعری دڵداریی \'\'عەزیز و كوبرا\'\' كە بەرهەمێكی بەنرخی ئەدەبی میللیی ناوچەی \'\'هەوشار\'\'ی كوردستان رۆژهەڵاتە، لە دووتوێی ١١٤ لاپەڕەدا لەلایەن \'\'شەریف فەلاح و حەسەن سلیمی\'\'یەوە كۆ كراوەتەوە و \'\'ئەنستیتۆی كەلەپووری كورد\'\' لە سلێمانی چاپ و بڵاوی كردووەتەوە.

چیرۆكە شیعری دڵداریی \'\'عەزیز و كوبرا\'\' بەسەرهاتی تراژیدیی دوو ئەڤینداری ناكامی كوردە، كە كاتەكەی بۆ زیاتر لە چل ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و دواتر لەلایەن دوو هونەرمەند و شاعیری میللیی كورد، بەناوەكانی \'\'سەید شوكروڵڵا حوسێنی و سەید محەممەد چەشمەمەنتش\'\' بە زمانی بەستە هۆنراونەتەوە.

ئەم بەرهەمە كە ئەڕواتە خانەی ئەدەبی میللییەوە، چیرۆكی راستەقینە، ژاناوی و تراژیدیی \'\'عەزیز و كوبرا\'\'یە كە ئاكامەكەی هاوشێوەی چارنووسی قارەمانی چیرۆك و بەیتە دڵدارییەكانی دیكە و ئەدەبی زارەكیی كوردەوارییە.

چیرۆکە شیعری دڵداریی \'\'عەزیز و کوبرا\'\' بە هیمەتی \'\'شەریف فەلاح و حەسەن سەلیمی\'\' ئامادە و كۆكراوتەوە و مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لەلایەن \'\'ئەنستیتۆی كەلەپووری كورد\'\' و لەسەر ئەركی \'\'بەڕێوەبەرایەتیی چاپ و بڵاوكردنەوەی سلێمانی\'\' بە ئەژماری ٥٠٠ دانە كەوتۆتە بەردیدی خوێنەرانی.