کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قاڕنێ لە خوێندا شەڵاڵ(ئیبراهیم مەجیدپوور)

14:41 - 11 خەرمانان 2713

ئیبراهیم مەجیدپوور
قاڕنی گوندێکی هەڵکەوتوو لە ١٠ کیلۆمیتری شاری نەغەدە. کەوتۆتە سەر ڕێگای پیرانشار نەغەدە. لە ١١ی خەرمانانی ساڵی ١٣٥٨ ی هەتاوی بەرانبەری ٢/ سپتامبری ١٩٧٩ی زایینی دەکەوێتە بەر پەلاماری دڕندانەی قەمە بەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران. لەو پەلامارە وەحشیانە دا ٦٨ کەس بوونە قوربانی کە ناوی ٤٩ کەسیان زانراوە. بە باوەڕی من بەداخەوە ئامارەکان زۆر دەقیق نین و ڕەنگە لەوەش زیاتر بن. بۆچی نەزاندراوە باسێکیترە!

یەکێک لەو کارەساتە دڵتەزێنانەی کە بە سەر گەلەکەمان هاتوە ڕووداوی جەرگ بڕی قاڕنێیە. ئەو کارەساتە زۆری لە سەر کوتراوە و نوسراوە، بەڵام ئەوەی ڕاست بێ، مافی پێویستی خۆی پێنەدراوە. شێوە و ڕووبەرەکەی زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێ کە ساڵێ جارێک و بە کورتەباسێک ببڕێتەوە. وا باو بووە کە لە لایەن حیزب و کۆڕ و کۆمەڵە کوردیەکاندا لە ساڵڕۆژەکەیدا یادی کراوەتەوە. بەڕای من ئەوە بەس نیە. دەبوایە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ژێر دەستی ئێران نەک هەر لە سەر قاڕنێ، بەڵکو وەک خۆشی دەزانێ شێوەی قاڕنێمان لە کوردستان زۆرن و وەختە لە بیر بچنەوە دەبێ زیندویان بکاتەوە، چونکە چینی تازە پێگەیشتومان رەنگبێ زۆر بە کەمی لەوانە ئاگادار بن، بۆیە دەبێ حیزب کە بەڵگەی هەموانی لە لایە و لە کورانی ڕووداوەکاندا بووە، وەک چۆن حەوتانە بە ژیاننامەی شەهیدان دا دەچێتەوە، لانی کەم هەر دوو مانگ جارێک یەکێک لەوانە بۆ بەرەی نوێی بگێڕێتەوە. هەم ئەوان ئاگادار بکا و هەم دونیاش تێبگەیەنێ کە ئەو گەلە ئاوا تێکوشاوە، بەم جۆرە غەدری لێکراوە، ئاوا لە خۆ بردوانە قوربانی داوە، ئاوا نەبەزیوە خۆ ڕاگر بووە و کۆڵی نەداوە، سەری بۆ دوژمن نەویی نەکردوە، بەڵام سەری لە ڕێی گەلدا داناوە، لە لایەکی تریش بەو کارە جینایەتەکانی ڕێژیمیشی لە قاوداوە.

ئەوەی من لە نیزیکەوە لە مەڵبەندی نەغەدە و مەهاباد، شنۆ و پیرانشار، ئاگاداری هەم وەک کارەساتەکانی نەغەدە، قاڕنێ و قەڵاتان، دیلانچەرخ و حەڵب و کۆیکان، کانی مام سەیدە و چەقەڵ مستەفا و خەلیفەلیان، ئیندرقاش و قرەگۆل و سەوزی و دێیمەسور، ساروقامیش، جەحفەرئاوا، سۆفیان، جبریل ئاوا و گوندەوێڵە و... بە گشتی لە و نمونانە لە سەرانسەری کوردستان هەن کە سەرجەم شەهیدەکان خەڵکی بێدیفاع و ژن و منداڵ بوون. دیارە ئەگەر بمانەوێ بە درێژی لێیان بدوێین و لێکیان دەینەوە لیرەدا جێیان نابێتەوە، ئەوە یادێکە و بەس.

کارەساتی قاڕنێ، درێژەی ڕیزە بەرنامەیەکی کۆماری ئیسلامی ئێران بوون بە دژی گەلی کورد و کوردستان، کە لە نەورۆزی خوێناوی سنە، ڕا دەستی پێکرد و لە شەڕی سەپاوی نەغەدەدا ڕووی ڕاستەقینەی خۆی نواند، قاڕنێی و دەیانی تریشی بە دوا داهات. دەتوانم بڵێم: بە شێوەی تر ئێستاش بەردەوامە. ئەو سەردەمی پڕۆسە کە کوشتن و سوتاندن و وێرانکردن و تۆقاندن و بەند کردن و لەداردان بوو، ئێستا پەرەپێدانی فەسادی ئەخلاقی و بڵاو کردنەوەی ماددە بێهۆشکەرەکان، ڕەخنە کردنە له ناو هـزر و مێشکی خەڵکی کورد بە گشتی و هەڵخەڵەتاندنی لاوان بە ناوی ئایین و قورئان، داوای مافی ڕەوای کورد بە گوناح و لادان لە دین نیشاندان! ڕەوتی دژ بە کوردی کۆماری ئیسلامی جیا لە دروستکردنی (جاشایەتی) تاقمی دژی کوردی لە ژێر ناوی جۆرا و جۆر دروست کردون و هەوڵ دەدا کەسایەتی کورد بشکێنێ، وەک دوژمنی دین بیان ناسێنێ، تۆوی دژایەتی کورد و کورد بچێنێ، خەباتە ڕەواکەیان کەم ڕەنگ بکا و بە دەستکردی بێگانەی بقەبڵبێنێ.

یادی کارەساتی قاڕنێ ئەو ڕاستیەمان وەبیر دێنێتەوە کە ئەو جۆرە پڕووپاگەندانە لە ڕاستی دورن و کوماری ئیسلامی دوژمنی کورد و ئایینە کەشیەتی ناتوانێ بوونی وەک نەتەوە یەک بسەلمێنێ. ئەو کارەساتە نمونەیەکە لە جینایەتەکانی ئەو کۆمارە کە سابیتی دەکا ئاخۆندەکان بڕوایان بە مافی گەلان نیە. چونکە کورد شێلگیرانە داوای مافی ڕەوای دەکا و بە هیچ نرخێک وازی لێناهێنی، دەبێ نەک سەرکوت بەڵکو لە مێژوشدا ناوی نەمێنێ، خۆ ئەگەر کوردیشی لە ناو برد گەلێک نیە داوایەکی لەوان هەبێ، هەرچێ هەیە سەریان بۆ دادەنەوێنێ. بەڵام مێژو شایەدە و خۆشیان دیتویانە ، لافاوی خوێنی بە ناهەق ڕژاوی گەلەکەمان سەری هەڵداوە و ڕۆژ دەگەڵ ڕۆژ زیاتر هە ڵدەچێی و بوڕکانێکی سامناکە و سەر ئەنجام هەڵدە تۆقێی و دوژمنانی کوردستان و کورد دەسوتێنێ و ڕایدەماڵێێ و دەیانخاتە ناو زبڵدانی مێژۆوە. بۆ خۆیان باش دەزانن نە هێز و نە فرتوفێڵ و نە لەشکرکێشی و نە تڕۆڕ، نەیان توانیوە کورد بە چۆک دابێنن، من دڵنیام مافی ڕەوا ناخۆرێی و زۆری نەماوە کورد وەدەستی بێنێ. ئەوە قینو ڕقی داخ لە دڵانە ناتوانێ ڕاستیەکانی کە دەشیان بینێ بسەلمێنێ.

کارەساتی قاڕنێ برینەکانی شەڕێ نەغەدە دەکولێنێتەوە، نەورۆزی خوێناوی سنە وەبیر دێنێتەوە، هەستی خۆڕاگری و بەرەنگاری دەوروژێنێتەوە. ئەوەندە وەحشیانەو قێزەونانە بوو، کە ڕنگە شێوەی لە دنیادا دەگەمەن بێ، ڕاستە لە زۆر شوێن لەوە زیاتر شەهید کرابن، بەڵام سەر بڕێنی مەلا بە قورعانەوە، لەت و کوت کردنی مرۆڤ بە بیور و بە قەمە ڕەنگە هەرکاری مەغولەکان بووبێ و لە کۆماری ئیسلامی دا دوپات کرابێتەوە. بە باوەڕی من تۆڵەی خوێنی بە ناحەق ڕژاوی ئەو کارەساتانە، کوشتنەوە نیە بەڵکو ڕزگاری کوردستان و بۆ هەتا هەتایە ڕاونانی داگیر کەرانە.

خەڵکی ئەو ئاواییە و مەڵبەندەکە بە جۆرێک حەبەساو و تاسابوون نەیان دەتوانی کارەساتەکەت بۆ بگێڕنەوە، یان باشتر بڵێم لە هەمو کەس پاڕێزیان دەکرد. زۆرینەی خەڵک لە مەزرا بوون ، ئەوانەش کە لە ماڵ بون ئەوەی بۆی دەکرا خەریکی خۆ دەرباز کردن ببوون، ماتەمین و خەم وای لێکرد بوون کە لە دەبڕینی دەردی دڵیان نیگەران بوون، بەو قەناعەتە گەیشت بوون کە ئیدی ژیان لە ژێر سیبەری وەها حکومەتێکدا بێ مانا و نەگونجاوە بەڵام جەبر زۆر شتان دەسەپێنێ!.

بە باوەڕی من دەبوایە ئەو کارەساتە ویژدانی مرۆڤی کورد وەها وەخەبەر بێنێ، دەرسێکی وەها بدا بە کوردان کە ئیدی بە هیچ بیانویەک و بۆ هیچ مەبەستێک مل بۆ داگیرکەرانی کوردستان ڕانەکێشن و بە هیچ جۆر دوژمن نەتوانێ هەڵیان بخەڵەتێنێ، هەرگیز لێیان دڵنیا نەبن و، قەولی بە درۆ و زمانلوسی و برایەتی بە ناو دینی هەڵیان نەفریوێنێ.

قاڕنێ پێمان دەڵێ: خوێنم بۆ کوردستان ڕژاوە، گیانم لە پێناو شەڕەف و زێدەکەم دا ناوە، سەر بەرزم بەوە کە ملکەچی دوژمن نە بووم و ژن و پیاو و کوڕ و کچم بۆ ڕزگاری گەل و نیشتمان بە قوربانی داوە.

کارەساتی قاڕنێ پێمان دەڵێێ: سەر هەڵێنن و ڕاستیەکان بە چاوی ورد بینیەوە، ببێنن، ئاوڕێک لە ڕابردوتان بدەنەوە، هەڵەکانتان دوپات و چەند پات مەکەنەوە، یەکگرتوو هاوکار و دەگەڵ یەک ڕاست و دلسۆز بن، تا بتوانن نیشتمان و گەل ڕزگار بکەن و پاداشتی خوێنی شەهیدەکان بدەنەوە. ئازاد و سەر بەخۆ بن تا جارێکی تر قاڕنیەکان ڕوو نەدەنەوە.

بەڕێزان قورسایی و بەژانی ئەو کارەساتە هێندە سامناکە تەنانەت ئەوانەی دەگەڵیشی نەبوون لە گێڕانەوەی دا موچوڕکیان بە لەش دادێ، دەبێ بۆ ئەوانەی بە سەریان هاتووە چۆن بێ؟؟ ئەگەر هەڵە نەبم خەڵخاڵی جەلادی کوردانیش بە کارەساتی دلتەزێنی ئاو برد بو!!

لەو ساڵوەگەڕەدا خۆم بە شەریکی خەم و ئازاری کەس و کاری ئەو شەهیدانە و سەرجەم خەڵکی بەڕێزی قاڕنێ دەزانم، هیواداریشم ڕزگاری کوردستان کەلێنی ئەم زامە قورسەیان بۆ پڕ کاتەوە، ئەو ئێش و ئازارە فەرامۆش نەکراوە یان لە بیر بباتەوە،! چونکە بایەخی خوێنی ئەو هەموو شەهیدەی کوردستان تەنیا ڕزگاری کوردستانە.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە