بەرهەمی سینەماكارێكی كرماشانی خەڵاتی فیلمی ونیزی بە دەستهێنا
زایینی: ٠٨-٠٩-٢٠١٣ - هەتاوی: ١٣٩٢/٠٦/١٧ - ١٢:٠٣ تاران
فیلمی سینەمایی "ماسی و پشیلە" نوێترین فیلمی شەهرام موكری دەرهێنەری كوردی كرماشانە كە لەو دوایییانە كۆتایی بە كارەكانی هاتبوو.
لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی مێهر بڵاوی كردۆتەوە، فیلمی ماسی و پشیلە یەكێك لەو ١٧ بەرهەمە سینەمایییە بوو كە توانیبووی لە بەشی پێشبڕكێیەكانی ئەو فێستیڤاڵەدا بەشداری بكات.
فیلمی سینەمایی "ماهی و گربە" ( ماسی و پشیلە) لە وێنەگرتنی مەحموود كەلاری وێنەگری كورد، لە ناوچەی سەقالكساری سەربە شاری رەشت دروست كراوە.
سیناریۆی ئەو فیلمە لەلایەن ''شەهرام موكری''یەوە نووسراوە و چیرۆكی گرووپێك لە قوتابییان و لاوانی زانكۆیەكی ئێران بۆ بینەر دەگێڕێتەوە كە سەردانی باكووری ئێران دەكەن و هەندێك رووداوی سەرسوڕهێنەریان بۆ دێتە پێش.
وێنەگری فیلمی ماسی و پیشیلە دوای كۆتایی هاتنی وێنەگرتنی فیلمی سینەمایی "رابردوو" لە دەرهێنانی ئەسغەر فەرهادی سینەماكاری ئێرانی و براوەی خەڵاتی ئۆسكاری ٢٠١١، لە وڵاتی فەڕانسەوە گەڕایەوە ئێران و دەستی بە وێنەگرتنی فیلمە نوێیەكەی شەهرام موكری كرد.