کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەرەفکەندی قەڵغانێک بۆ ئازادیخوازان لەبەرانبەر تیرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران (کاکەبرا خوسرەوی)

16:58 - 26 خەرمانان 2713

کاکەبرا خوسرەوی
هەر لە سەرەتای دەستپێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەڕای نیشان دانی نیازپاکی بەرانبەر بە دەسەڵاتی تازە بە مەبەستی وەدەست هێنانی مافی نەتەوەیی و ویست و داخوازەکانی خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێمۆکراتیک و یەکپارچەدا، بەڵام سیاسەتی رێژیمی ئێران لەبەرانبەر حیزبی دێموکرات و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان پێچەوانە و لە رێگای گەمارۆی ئابووریی کوردستان و هێرشی نیزامی بۆسەر خەڵکی کوردستان بوو.

پاش جێگیر بوونی دەسەڵاتیان بەسەر گەلانی ئێران و دامەزرانی حکوومەتی دینی لە ئێران، دەسەڵاتدارانی رێژیمی دینی کۆماری ئیسلامی کەوتنە پاکتاو کردنی دێموکراسیخوازان و جیابیران لە ئێران بە شێوەیەکی گشتی. هەزاران کەس لە ئازادیخوازان ئیعدام و زیندانی کران، یان پەنایان بردە وڵاتانی دەرەوە.

بەڵام بارودۆخی کوردستان لەگەڵ نەتەوەکانی‌تر لە ئێران جیاوازتر بوو. کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای دەسەڵاتییەوە توانیی کۆنترۆڵی زۆربەی وڵات بە دەستەوە بگرێ جیا لە کوردستان.

بە دەست پێ کردنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٨ و گۆڕینی حکوومەتی پاشایەتی لە ئێران، حیزبی دێموکرات توانیی نەخشی کاریگەر بگێڕێ لە رێکخستنی خەڵکی کوردستان و رێبەرایەتیی داخوازەکانی خەڵکی کوردستان. بەم جۆرە کوردستان تەنیا ناوچەیەک بوو لە ئێران کە جمهووریی ئیسلامی نەیتوانی نزیک بە دوو ساڵ دەسەڵاتی خۆی تێدا جێگیر بکا. لەو ماوەیەدا چەند جار ئەرتش و سپای پاسداران هێرشی بەرینیان بۆ کپ کردنی دەنگی حەقخوازانەی خەڵکی کوردستان دەست پێ کرد کە هەموو لەگەڵ شکست بەرەوڕوو بوون.
لێرەدا بوو بۆ رێبەری ئێران خومەینی و هاوبیرانی لە کۆماری ئیسلامی دەرکەوت کە حیزبەکەی شەرەفکەندی چ توانایەکی هەیە لە رێبەری کردنی خەباتی نەتەوەی خەڵکی کوردستان و بە ئاسانی ناتوانن دەسەڵاتی خۆیان بەسەر کوردستاندا بسەپێنن.
بۆیە خومەینی فتوای جیهادی بە دژی خەڵکی کوردستان راگەیاند و بێ بەزەیی‌یانە سپا و ئەرتش، هێرشیان کردە سەر شار و گوندەکانی کوردستان و هەزاران کەس لە خەڵکی بێ دیفاع بوون بە قوربانی فتوای خومەینی. حیزبی دێموکرات بۆ پاراستنی گیان و ماڵی خەڵک هێزەکانی لە شار و گوندەکان کشاندەوە بۆ سنوورەکانی کوردستان و قۆناخی شەڕی پارتیزانی دەست پێ کرد. قۆناخی شەڕی پارتی زانی کەلە پانتایی نزیک بە تەواوی خاکی کوردستان لە شماڵەوە هەتا جنووب ئەنجامی دەگرت زیاتر لە ١٥ ساڵی خایاند. هاوکات پێوەندی سیاسی و دیپلۆماسیشی لە وڵاتانی دەرەوە و لەگەڵ حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی ئێرانی بە شێوەیەکی بەرین پەرەپێ دابوو. جینایەت و رووی دزێوی رێژیمی ئێرانی بە بیرۆڕای نێونەتەوەیی نیشان دەدا.
ئیدی بۆ دەسەڵاتدارانی جمهووری ئیسلامی، حیزبی دێموکرات تەنیا حیزبێکی کوردستانی نەبوو، بەڵکوو وەک حیزبێکی سەرانسەریی بە توانا لە مەیدانی سیاسیی ئێران دژبە ڕێژیم حیسابی بۆ دەکرا.
بۆیە لەلایەن تیرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامییەوە زیاتر لە هەر حیزب و ریکخراوێکی دیکەی ئێرانی بۆ رێژیم زیاتر هەدەف بوو سەدان کەس کەوتنە بەر تیغی تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی.
بۆ هەر حیزبێکی سیاسی لە جەرەیانی خەباتدا ئاسان نییە لە ماوەی چەند ساڵدا دوو رێبەری لە دەست بدا و تووشی هەرەس و هەڵوەشانەوە، یان بە شێوەیەکی دیار زەعیف و کز نەبێ ئەویش بە شێوەی تیروربێ. زۆر جار بووە حیزبێک بە لە دەست دانی رێبەرەکەی تووشی ئەو حاڵەتانە بووە کە ئیشارەم پێ کردن. یان باشترە بڵێین ئەم سیاسەتە مێژووی کۆنی هەیە بۆ کورد. زۆر لە جۆڵانەوە و سەرهەڵدانەکانی کورد بە لەناو بردنی سەرکردە و رێبەرەکانیان سەرکوت کراون و لەناو چوون.
تیروریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی لە دەیەی ٨٠ و ٩٠ لە دەرەوەی ئێران دەیان کەس لە موخالیفانی تیرۆر کرد، بەتایبەت ئورووپا ببوو بە مەیدانی سات و سەودای بازرگانی تیرۆر لەگەڵ ئێران.
تیرۆریستان بە بەڵگە و مەدارکەوە دەکەوتنە دەست پۆلیس، بەڵام ئازاد دەکران. تیرۆری وییەن نموونەییەکی زیندووە کە سەرەڕای گرتنی تاوانباران لەلایەن پولیسەوە ئازاد کران.

هەر لە درێژەی ئەم سیاسەتە تیرۆریستییەدا بوو کە بۆ جارێکی دیکە رێژیمی کۆماری ئیسلامی دەستی دایە جینایەتێکی ناجوانمێرانەی تر کە درێژە بە لەناو بردنی ئازادیخوازان بدا.
بەڵام ئەم جارە نەک سەرکەوتوو نەبوو، بەڵکوو مەرگی پیاوێکی گەورە و ئاشتیخواز لەگەڵ چەند هاوڕێ‌تری بوون بە قەڵغانێک لە بەرانبەر دەستی رەشی تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەتا چی دیکە خوێنی ئازادیخوازانی ئێران بە فیڕۆ نەچێ و \'\'ئورووپا\'\' مەیدانی تیرۆریزمی دەوڵەتی رێژیم پێیان چۆڵ بکرێ.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە