کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ٢٦ی خەرمانان لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات

22:41 - 26 خەرمانان 2713

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی ٢٦ی خەرمانان، ٢١ـەمین ساڵیادی شەهیدکرانی دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی، لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری کۆیه بەڕێوەچوو.


بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٦ی خەرمانان، رێوڕەسمی ٢١ـەمین ساڵیادی تێرۆرکرانی د.شەرەفکەندی و هاوڕێیانی به ئامادەبوونی ئەندامانی رێبەری، کادر و پێشمەرگەکان، بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب لە شاری کۆیه بەڕێوەچوو.
ئەم رێوڕەسمە بە سروودی نەتەوایەتیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و خۆلەکێک بێ‌دەنگی بۆ رێزگرتن لە سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.
دواتر پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢١ــەمین ساڵڤەگەڕی شەهیدکرانی دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی، لەلایەن دوکتور \'\'میرۆ عەلیار\'\' ئەندامی دەفتەری سیاسییەوە پێشکەشکرا.

دوکتور میرۆ لە قسەکانیدا وتی: \'\'ئێمە لێرەدا کۆبووینەتەوە هەتا ئەو جینایەتە سامناکەی رێژیمی ئێران لە بەرانبەر نەتەوەی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بیر نەکەین\'\'.
عەلیار سەبارەت بە کەسایەتیی دوکتور سەعید وتی: \'\'دوکتور سەعید ئەو رێبەرە بوو پاش شەهید بوونی دوکتور قاسملوو نەیهێشت پیلانە چەپەڵەکانی رێژیمی ئێران بۆ بە چۆکدا هێنانی بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ئێران سەربگرێت و بە لێوەشاوەیی‌یەوە ئەو ئەرکەی راپەڕاند، بۆیە دوژمنان زەفەریان پێ برد و بە داخەوە شەهیدیان کرد\'\'.
ناوبراو وتیشی: \'\'تیرۆری دوکتور شەرەفکەندی لاپەڕەیەکی نوێی لە خەباتی رزگاریخوازاندا هەڵدایەوە و دەستی ماشینی تیرۆری رێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بڕییەوە و هەروها حوکمی دادگای میکۆنۆسیش بە مانای تەواوی وشە بۆ ریژیمی ئیسلامیی ئێران بوو بە کارەسات و رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە تیرۆریست لەقاو دا\'\'.
پاشان کۆڕی مووزیکی حیزبی دێموکرات سروودێکی لە ژێر ناوی شەپۆلی شین پێشکەش کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا \'\'ناهید حوسێنی\'\' شیعرێکی لەژێر ناوی \'\'شەبەنگێک لە تریفە زێوینەکانی بەفر\'\' پێشکەش بە بەشداران کرد.
دواتر پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکانی ژنان، خوێندکاران و لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن \'\'سەربەست ئورمیه\'\' جێگری سکرتێری یەکیەتیی خوێندکارانەوە پێشکەش کرا.
لە دوایین بڕگەی رێوڕەسمەکەدا مەقامێک لەلایەن \'\'فارۆق سوڵتانی و غولام فاتحی\'\' و هەروەها شێعرێک لە لایەن \'\'سمکۆ بێکەس\'\'ـەوە پێشکەش بە بەشدارانی رێوڕەسمەکە کرا.