کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژیمی سووریە لە بەندکراوان بۆ تەقینەوەکان کەڵک وەردەگرێت

23:04 - 30 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: ئەفسەرانی جیابووی ئەرتشی سووریە دەڵێن، تەقینەوەکان کاری رێژیمی بەشار ئەسەدە و بە زیندانیان ئەو تەقینەوانە ئەنجام دەدەن.


بەپێی وتەی چەند فرماندەیەکی جیابووی ئەرتشی رێژیمی سووریە، رێژیمی بەشار ئەسەد لە تەقینەوەکانی ناوخۆی سووریەدا دەستی هەیە و ئەوان ئامادەن لە بەردەم چاودێرانی نێودەوڵەتی شایەتی بۆ ئەو رووداوانە بدەن.
بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەی گاردیەن چاپی بریتانیا، یەکێک لەو فرماندانە رایگەیاندووە، چەند رۆژ پێش تەقینەوەی حەوتووی رابردووی شاری دیمەشق، فرماندە گەورەکانی عەلەوییەکان، زیندانییە سیاسییەکان دیار نەماون و کامیراکانی چاوێری کۆکراونەتەوە و بەڵگەنامە گرینگەکان بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراون.
ئەفسەریکی دیکە رایگەیاندووە، لە کەمپێکی سەربازی لە باکووری سووریدا، هێزەکانی رێژیمی بەشار ئەسەد ماشینێکیان لە تەقینەوە پڕ کردووە و چەندین زیندانی سوار کردووە و بە ئامانجی تەقینەوە بۆ نێوشار راگواستووە و تەقاندوویانەتەوە.
بەگوێرەی هەواڵێک کەلە تەلەفزیۆنی فەرمیی رێژیمی سووریەدا بڵاو بۆتەوە، بە هۆی تەقینەوەی ماشینێکی بۆمبڕێژکراو لە گەڕەکێکی شاری دیرەلزوور، ٧ کوژراو و ١٠٠ برینداری لێکەوتەوە.
ئەمە لە حاڵێک دایە، وێڕای دان پێدانانەکانی ئەفسەرە جیابووەکانی ئەرتشی سووریە لەمەڕ دەست تێدا بوونی رێژیمی سووریە لەو تەقینەوانە، بان‌کی مۆن، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتوویەتی، رێژیمی ئەلقاعیدە لەو تەقینەونەدا دەستی هەیە.

راگەیەنەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران