کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرتووکی \'\'گۆرانییەکانی مەڵبەندی دایکی\'\' چاپ و بڵاو کرایەوە

18:30 - 30 خەرمانان 2713

کوردستان میدیا: گۆرانییە رەسەن و دەشتەکییەکانی مەڵبەندی کرماشان پاش ١٣ ساڵ لێکۆڵینەوە، لە کۆکردنەوەی نووسەری کورد \'\'رەزا مەوزوونی\'\' چاپ و بڵاو کرایەوە.
هەواڵدەریی \'\'مێهر\'\' بڵاوی کردەوە، پەرتووکی \'\'گۆرانییەکانی مەڵبەندی دایکی\'\' کەلە ١٢ پاژی وەکوو \'\'کار، وازی، کوشتنی ئاژەڵ، دڵداری، لاواندنەوە، پرسە و سەرخۆشی، بۆنە، ئاوات و ئارەزوو، تەنز، مەتەڵ، فاڵ و گۆرانیی ئازاد\'\'، پێکهاتووە، لە کۆکردنەوەی \'\'رەزا مەوزوونی\'\' چاپ و بڵاو بووەوە.
رەزا مەوزوونی گۆرانییە دەشتەکییەکان بە بەشێکی گرینگ لە فەرهەنگی خەڵک دەزانێت کە شاعیریان نییە و سینگ بە سینگ و نەوە بە نەوە گەیشتووەتە دەستی جیلی ئەمڕۆ. ئەو گۆرانییانە ناسنامەی زارەکیی هەر نەتەوەیەکە و لەو رێگایەوە ناساندنی باو و باپیران و پێشینیان مسۆگەر دەکات.
بە وتەی نووسەری ئەو پەرتووکە کاری کۆکردنەوە و تاوتوێ کردنی گۆرانییەکانی بە شێوەی مەیدانی ئەنجام دراوە و ١٣ ساڵی خایاندووە و هەروەها چریکە و مێلۆدییەکانی مەڵبەندی کرماشان وەکوو \'\'ناڵە و لاواندنەوە، چەمەری و هۆرە\'\'ی لەخۆ گرتووە.
پەرتووکی \'\'گۆرانییەکانی مەڵبەندی دایکی\'\' لە ٣٦٨ لاپەڕە و ١١٠٠ ژمارەدا بڵاو بووەتەوە.