کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەولێر نوقمی هیوا بە داهاتوویەکی گەشتر‎ (رەحیم رەشیدی)

13:55 - 31 خەرمانان 2713

رەحیم رەشیدی

دوایین جار مانگی ١٠ی ٢٠١٢ی زایینی، بۆ بەشداری کردن لە دووهەمین \'\'کۆنگرەی زانستیی کورد\'\' لە هەولێر بووم. ئەمساڵ نیوەی دووهەمی مانگی ٩ لە ئەفغانستانەوە، سەردانی کوردستانم کرد و لە پیرە هەولێرێ گیرسامەوە.

چوونی ئەم کەڕەتم بۆ باشووری وڵات، هاوکات بوو لەگەڵ کێبەڕکێی چڕ و پڕی هەڵبژاردنی پارلمانی کوردستان، کە شەکانەوەی پەڕۆ و دەنگی گۆرانی و مۆسیقا و سیگنال لێدانی ماشێنەکان تاکوو درەنگانی شەو دەبیندرا و دەبیسترا، ئەم دیمەنانە وای کردبوو کە پێشکەوتنە هەمە لایەنەکانی شاری هەولێر لە ماوەی ساڵێکدا، کەمتر بەرچاو بکەون کە بەراستی سەرسوڕهێنەر بوون.
ئەزموونی ساوای رەوتی دێموکراسی، لە هەرێمی کوردستان، هەر چەندە کاڵ و کرچ بێ و وەکوو پێویست هاووڵاتییانی ئەو دەڤەرەی نەخستبێتە بازنەی بەرپرسایەتییەوە، لێ ئەم هەرێمەی نەک لە چاو ئەو وڵاتانەی کە دیکتاتۆری بە سەریاندا زاڵە، بەڵکوو لە ئاست وڵاتانی نیمچە کراوی دەڤەرەکەدا، گەلێک جوان و رازاوەتر کردووە.

نامهەوێ بێژم کە دێموکراسیی کوردستان لە ئاست دێموکراسی وڵاتە پێشکەوتوو سەقامگیرەکان دایە. بەڵام گومانم لەوشدا نییە کە هەرێمی کوردستان، لە چاو کۆی پێکهاتەی عێراق و تەنانەت نێوچەکە، مەڵبەندێکی بە تەواوەتی جیاوازە و دەکرێ هیوای گەشە و پێشکەوتنی پتریشی لێ بکرێ.
لە ماوەی کەمتر لە یەک حەتوودا کەلە کوردستان بووم، سەردانی شارەکانی زاخۆ، دهۆک، ئاکرێ، کۆیە و رانیەم کرد و لە هەمووی ئەو دەڤەرانەدا، سەرەتاکانی دەستپێکی جووڵە و گاگۆڵکێی خێرای دێموکراسیم لە کۆمەڵی کوردەواریدا بەدی دەکرد.

دەمەتەقێ و بیروڕا گۆڕینەوەی نێوان هاووڵاتییان، کۆی ئەو دروشم، بەند و گۆرانییانەی لەلایەن هاوونیشتمانانەوە بەسەر حیزبەکان و بەرنامە سیاسییەکانیاندا هەڵدەدرا، یان چۆنیەتیی رەخنە گرتنی لایەنەکان لە یەکتر، چ لەلایەن خەڵکی سەر شەقام، یان لەسەر ئاستی میدیاکان کە جار بە جاریش روویەکی گرژی بەخۆوە دەگرت، کە وێڕای سەرنجراکێش بوونی بۆ من، هاوکات روویەکی دیکەی دێموکراسی پێنەگەیشتووی و ناسەقامگیری لە کوردستان بە دەستەوە دەدا.

بەڵام نابێ لە بیر بکەین لە وڵاتێکدا کە کانگای جیاوازی و فرە چەشنیی کولتووری، ئایینی و سیاسییە، ئەم رەوتە دەکرێ وەکوو پێشکەوتنێک حەساو بکرێ و بە چاوی هیواوە تماشای بکەین کەلە هەناوی خۆیدا کولتووری پێکەوە هەڵکردن گەشە پێبدات.
لە دۆخی ئەتۆدا، رۆشنبیریی گشتی گەشە دەکات و ئاستی زانیاری کۆی هاووڵاتییان پەرە دەستێنێ و لە ئاکامدا تاک چاوکراوەتر بڕیار دەدات. ئەوەتا شۆفیرێکی تەکسی، قەسابێک، چێشتلێنەرێک، مامۆستا، رۆژنامەوان، قوتابی، خوێندکار و کرێکار پێکەوە لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن و کێ هەڵبژاردن، قسە دەکەن و بیروڕا دەگۆڕنەوە.
کاتی خۆی کە لە وڵاتی سوید دەژیام، یاریی منداڵان و چۆنیەتیی ئەو یاریانە لە نێو باخچەی ساوایان دا رەچاو دەکرا، زۆر سەرنجی راکێشام. زۆربەی ئەو ئامراز و کەرەستانەی کە لەو جۆرە شوێنانەدا بۆ یاریی زارۆکەکان کەڵکی لێوەردەگیرێ، پێویستی بەوەیە کە پتر لە یەک کەس کاریان پێکات، ئەمەش وا دەکات منداڵ هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەوە رابێ کە پێویستیی بە هاوکاری و یارمەتیی بەرانبەرەکەیەتی و لەم نێوەدا لە نێو کولتووری هەرەوەرزیدا گەشە دەکات.
ئەمەش تاکوو رادەیەکی زۆر، جیاوزایی نێوان پەروردە لە نێو کۆمەڵگای کراوە و داخراودا دەردەخات. ئەو گرژییە و ئاڵۆزییەی کە زۆر جار لە نێو ئەو پرۆسەی کێبەڕکێی هەڵبژاردندا لە باشووری وڵات، سەری هەڵدەدا، بە باوەڕی من سەرچاوە گرتوو لەو کولتوورەوەیە کە لەگەڵ ئەوەی فرەچەشنی تێدەگات، لێ ئاستی کولتووری پێکەوە هەڵکردنی هێشتا نزم و لاوازە.

ئەوەی کە لە کوردستان بەدیم کرد، سەرەڕای هەموو کەموکوڕییەکانی، جێگای هیوایەکی زۆرە، چونکە دەسەڵات و ئوپۆزیسیۆن بە جیددی چاو لە رۆڵی هاووڵاتییان دەکەن، هەر بۆیە هەموو وزە و توانای خۆیان بۆ کۆکردنەوەی دەنگ وەگەڕ خستوە، جا با لەم نێوەشدا شتی نەشیاو بێتە گۆڕێ کە زۆر لەگەڵ رۆح و جەوهەری دێموکراسی یەکنەگرنەوە.
ئەم دیاردە ناحەزانە، لە چاو کۆی پرۆسەکە و خولیای قوڵ و بەرینی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بۆ داهاتوویەکی گەش و پێشکەوتووتر، ناتوانن ماشێنی دێموکراسی بۆ پێشەوە پەک بخەن.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە