کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چـــەنــد قـــســـەیــەک (مەلا برایم مەجید پوور)

19:12 - 2 رەزبەر 2713

مەلا برایم مەجید پوور

چەند قسەیەک دەگەڵ مامۆستایانی ئایینی لە رۆژ هەڵاتی کوردستان بە مەبەستی تێگەیشتن لە ئەرک و مافە ئایینییەکان، بۆ خۆپاراستن لە فریوخواردن و لە فریودان. ئەو مافە بەخۆم نادەم رێوشوێنیان بۆ بکێشم، بەڵام هەم داوایان لێدەکەم و هەم چاوەڕوانیم لێیانە.

رەنگە نەوەی نوێ زۆر کەم لەوە ئاگادار بن کە لە سەردەمی کۆندا حوجرەی فەقێیان مەکۆی چالاکانی کوردایەتی و سیاسی بووە، لە کوردستاندا جووڵانەوەیەکی نەتەوایەتی بەدی ناکرێی کە فەقێی و مەلا تێیدا بەشدار نەبووبن و دەوریان نەبوبێ. لە ناو چینی مامناوەندی و خوارەوەی کۆمەڵدا لە گوندەکان هەر ئەوان بوون خوێندەواریان هەبوو بەتایبەت لە گوندەکان بە خێر و شەڕی خەڵک رادەگەیشتن. فەقێکان بۆ فیر بوونی عیلم و زانست شارەو شار و گونداو گوند دەگەڕان و بە ساڵ و مانگ لە بنە ماڵەیان دوور دەکەوتنەوە، هەر ئەوان بون لەڕێگای زانست دا ماڵەو ماڵیان دەکرد و نا نو پێخۆریان کۆ دەکردەوە بۆ ژیان و درێژە دان بە خوێندنە کەیان.

ئەگەر بێ دەمار گرژیش ئاوڕ لە مێژوو بدەینەوە دەبینین زۆربەی نوسەران و شاعیرانی کورد هەر لە و چینە بوون و لەو کاتەوە هەتا ئێستاش لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلدا بەشدار بوون و دەوریان هەبووە و هەیە ، بۆیە نابێ ئەو ڕابردووە بەکەم بگرن یان لە بیری بکەن یان لەکەداری بکەن. مەلا لە بەر ئەوەی کەم بون و ناسراو، بەپێی ئەرکە کەیان دەبێ زۆر پاکو پیرۆز بن خراپەیان زۆر زوو پێیوە دیارە و لێیان دەر دەکەوێی. بەپێی ئە رکە ئایینیە کەیان دە بێ هەمیشە ڕێنوێن و پێشەنگی کاری چاکە بن. چونکە خەڵکیش بە ڕێبەریان دەزانن و چاوەڕوانی سەداقەت و فیداکاریان لێدەکرێ.

دەوڵەتانی داگیر کەری کوردستان بەردەوام هەوڵیان داوە هەتڵەیان بکەن و بە لاڕێیان دا بەرن، ئەو ڕەوتە ئێستاش بەردەوامە، هەتا لە هەستی ئایینی خە ڵک بە قازانجی خۆیان کەڵک وەرگرن. بەداخەوە کەسانی واش هەبون و هەن چونە ژێر کار تێکەریانەوە و بە پێچەوانەی ئوسوڵە کانی ئیسلام فە رمانە کانی خوایان لە بەرژەوەندی دەسەڵاتداراندا تەعبیر و تەفسیر کردۆتەوە. دەسەڵاتدارانی حاکم لە ٣ شتی گرینگ بۆ ئەو کارە کەڵکیان وەرگرتوە کە برێتین لە:

(١) نەزانی یان کەمزانی، ئەوانە فەتایەکن لە دیندا بە هەر کەسەوە بنوسێن یان لە ناوی دەبە ن یان ڕیسوای دەکەن ، چونکە هەر کردەوەیەکی لە رووی نەزانیەوە ئەنجام بدرێی بە دڵنیایەوە یان غەڵەتە یان سەقەتە ، مرۆڤی نەزان زۆر زوو فریو دەدرێێ. دیارە هێندێک کەس هەن نەزان نین بەڵام زانستەکەیان بە خراپی دەکار دێنن کە ئەوەش جۆرێکە لە نەزانی.!
لە سەردەمی کۆندا ئامرازی فێربوون و وەدەست هێنانی زانیاری زۆر کەم و ئاستەم بوو، گوندێک نەیدەزانی یان زۆر درەنگ دەیزانی لە گوندی جیرانی چی ڕووی داوە، بەڵام بە خۆشییەوە ئێستا لە چرکە ساتێکدا لە وەزعی دنیا ئاگادار دەبین، ئیدی (نازانم و نەم دیتوە و نەم بیستوە) باوی نەماوە. زۆر بەداخم ئەوەی دەڵێم : بەڕاستی وەدەست هێنان و پاراستنی بەنا ڕەوای پلە و پایەوکۆ کردنەوەی ماڵو دارایی چاوچنۆکانە ئەرکی نەزانیان گرتۆتە ئەستۆ و بە هێندێک کەس ئەوە دەکەن کە نەزانیش نە یکردوە.

(٢) پلە و پایە : لە کۆن و لە ئێستاشدا وەدەست هێنانی مرۆی توشی هەڵە کردوە و لە ڕاستە ڕیگە لای داوە. برای لە برا کردوون و هاوبیرو هاو سەنگەری بەیەکتری بەکوشت داوە، ئەو کۆمەڵ کوژیانەی لە دنیا دا ڕوو دەدەن هەموویان لە مەقام پەرستی و خۆویستیە وە سەریان هەڵداوە. زۆر جار بە نا ڕەوا پلە بە کەسی نەشیاو دراوە ، بێگومان کە شیاو نیە، خراپی بە کار هێناوە.

(٣) تەماع و چاو چنۆکی: ویستی بێجێی و حەزی بێ بنەما و بێ سنور بۆ کۆکردنەوەی پارە و وەدسەت هێنانی پلە زۆر کەسی هەڵداشتوە و جگەلە لە دەستدانی ماڵ و پلەکەی کەسایەتیشی لە گرەو ناوە.
بەڵێی: فەقێ دەبنە مەلا ، مەلاش دەبنە ڕێبەری ئایینی ، بەڵام هەر مرۆڤن وەک ئەوانیتر، حەزو ئارەزویان هەیە ، هەڵە ش دەکەن و جاری واش هەیە خەڵکیش بەهەڵە دەبەن ! بەڵام فەرقێکی دەبێی هەیان بێ ئەوەیە : لەو ڕۆژەوە بونە فەقێ دەبێ وازیان لە زۆر شت هێنابی کە بۆ خەڵکیتر ئاساییە! بە باوەڕی من یەکێک لە موشکیلە گەورەکانی مەلا ، کە خۆشم مەلا بووم ئەوەیە کە خەڵک بە پیرۆزیان دەزانن و پێیان وایە نابێ گوناح و هەڵەی هەبێ، بەداخەوە ماموستای واش هەیە پێی وایە لە هەڵە بیبەریە! بەڵام مرۆڤ بەگشتی فریشتە نیە و لەتاوان و هەڵەش بێبەری نیە و نابێ. مامۆستایانی ئایینی لە من باشتر دەزانن ئەرکە کەیان گەلێک گرینگ و پیرۆزە کە لەقە بی ڕێبەری ئایینییان پێدراوە و ئەرکی ڕێنوێنیان پێ ئەسپێردراوە، چوکترین هەڵە یان کەمتەر خەمی گەورەترین گوناح و خەتای لێدەکەوێتەوە، هەر خۆی نیە، لە بەرانبەر خەڵکو خواشدا بەر پرسیارە. دەگەڵ زانایانی غەیرە ئایینی جیاوازیان هە یە، فتوایەکی ناڕەوای ئەوان دەبێتە هۆی ئەنجامدانی زۆر کردوەی نا ڕەوا، جاری وایە گیانی سەدان و بگرە هەزاران کە سانی بێخەبەر و بێتاوان لە بەین دەبا. فتوای مەلا لە بواری ئایینیدا سەزا و پاداشتیشی بۆ دیاری دەکا.

هەموومان دەبێ بزانین لە مێژوی دەسەڵاتدارانی حاکم بە سەر ئێراندا هەموو پلە و پایە یەک چ ئایینی و چ غەیرە ئایینی هەر ئەوان دیاریان کردوە، لەو دیاری کردنەش دا هەر گیز زانست و لێهاتویی و شارەزایی لە بەرچاو نەگیراوە، تەنیا بەڵگە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستانە خۆش خزمە تی و گوێلە مستی بووە و بەس! دیارە مەبەستی من گشتی نیە، هەبون و هەن و دەشبن مامۆستایانی فیداکار و لەخۆ بردوو. لەو حکوومەتانەی کە من تێیاندا ژیاوم وەک باسمکرد بۆ دیاری کردنی ئیمام جومعە پێوەری زانست و لێوەشاوەیی لە بواری ئایینیدا ڕەچاو نەکراوە بەڵکو هەوڵ دراوە کەمزان و گوێیلە مست بن بۆ ئەوەی باشتر و ئاسانتر بیانخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان. ئوسولەن ئیمام جومعە ی هەر شارێک دەبێ لە لایەن سەر جەم مەلاکانی شار و گوندەکانی سەر بەو شارە بە هۆی زانایی و تەقوای زیاتری دیاری کرابێ، ئیمامی مزگەوتانیش بێجگە لە زانستەکەیان دەبێ ئەوانەی نوێژیان لەدوا دەکەن قبوڵیان بێ. بەکورتی ٢ مەرجی سەرەکی بۆ هەر ئیمامێک پێویستە. (١) زانست و شارەزایی و تەقواو پارێزگاری. (٢) متمانەی خەڵک و ڕێزدانان بۆ ڕای ئەوان. بەو مانایە ئەوەی دەبێتە ئیمام جومعە ، یان ئیمامی مزگەوت دەبێ زاناترین و باوەڕ پێکراوترینی مەڵبەند و شارەکە بن ، ئەگینائەگەر ئاوا نە بوون دەبێ لە سەر پۆستە کەیان وەلا ببردرێن، بەڵام لە سەردەمی پێش ئیمام دا بە فەرمانی ملوکانە و ئێستاش بە حوکمێکی ڕێبە ر و وەلی دیاری دەکرێن و هەر لە بەرانبەر فەرماندەرەکانیان بەرپرسیارن ، کەس مافی ئەوەی نیە بڵێ پشتی چاویان برۆیە!. ئەگەرلە زەمانی شادا بڵیندگۆی ڕێژیم و دوعا خوانی شا بوون، ئێستا هەم بڵیند گۆو هەم نوێنەر و هەم بڕیار دەرو هەم چاوەدێری دیاری کراوی ئیمامن.

بە کورتی ئیمام جومعەکان بە فەرمان دیاری کراون و دەکرێن ، بێگومان لە فەرمان لادانیان لە دەسەڵات دا نیە و دەبێ لە قازانج و بەرژەوەندی فەرماندەر بەو لاوەتر کارێک نەکەن و قسەیەک نەڵێن. ئیمامی بەفەرمان دیاریکراو لە ڕاستیدا زمان و ئیرادەی بە کرێداوە. دیارە مەبەستی من کەسی تایبەتی نیە، بەڵام بە دڵنیایی و بێی تێبینی دەڵێم: دیاری کردنی ئیمام جومعەکان لە وڵاتی ئێران بە پێی ئوسوڵی شەرعی ئیسلام نین و لە پێشەوە چۆنییەتی دیاریکردنیانم باسکرد، هیچکام لە وان ئەر کی گرینگ و شەرعی خۆیان بەتایبەتی لە پێوەندی دەگەڵ گەل و مافەکانیدا ناتوانن ئەنجام بەدەن و نەیانداوە. کە لە ئایەتی { یا ایها الناس انا خلقناکم ......} بە سەڕاحەت باسکراوە و دەڵێ ئەی مرۆڤە کان ئێوەمان لە یەک دایک و باوک وەدیهێناوە، کردومانن بەگەل و هۆزی جیاواز ... لە ڕێبەرانی خۆیان نەپرسیوە داخوا ماناو ناوەرۆکی ئەو ئایە تە یان قبوڵە؟ دان بەوە دادەنێن کە کوردیش نەتەوەیەکی جیاواز و سەر بەخۆیە و وەک هەموو نەتەوە کانیتر مافی دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان هەیە و خوا پێی داون؟! ئەو ئیمام جومعانە دەبێ هەم بۆ خۆیان سەرنج بدەن و هەم لە ڕێبەرەکەیان پرسیار بکەن لەکام ئایەتی قورعانیدا بڕیاری جیهاد بەدژی گەلی کورد دەرکراوە و ئیمامە کەیان لە سەر چ بنەمایە یەکی ئایینی ئەو فتوا ناڕەوایەی داوە؟! مامۆستایانی ئایینی دەبێ باش تێبگەن، ئەمرۆ شەڕی ئەقڵ و زانست و مەنتقە دەگەڵ نەزانی و زۆرداری و ملهوڕی و سەرەڕۆیی نەک شەڕی شیر و تیر و بۆمب و خۆ سوتاندن و خۆ تەقاندنەوە. سەردەمی قەڵەم و زمانە، سەردەمی نوسین و باس و لێدوان و بە ڵگە نیشاندانە. ئەگەر ڕوونتریش بڵێـم: بۆ مامۆستایان سەردەمی دەرخستنی ڕاستیە نە گوتراو یان نەزاندراوەکانی قورعانە. بەڕێزان من باش دەزانم خوا کەس ئەرکدار ناکات بە کارێک کە لە توانای دانەبێ، بە ڵام ئەوەش دەزانم ناساندنی زوڵم و زاڵم ئەرکی گرینگ و سەرەکی مامۆستایانی ئایینییە. جێگای پرسیارو سەر سوڕمانە لە وڵاتێكی کە ناوی کۆماری ئیسلامییە ، بەڵام باسکردنی زوڵم و زاڵم مەترسیداربێ ! ڕێبەری ئایینی نە وێرێ لێی بدوێ! ئێمە داوامان ئەوە نیە ناوی کەس بگوترێ بەڵام نەناساندنی ناڕەوایی و ناڕەوا کار خۆی تاوانە. مامۆستایانی کورد ئەرکی ئایینی و مرۆڤانە و ویژدانیان ئەوەیە بەڕاشکاوی بە دنیای ڕابگەێنن کە داخوا گەلی کورد کافرە یان موسوڵمانە؟! ئەو کاتەیە ڕاستیەکان دەردەکەون و بێگومان خواش دەگەڵ ڕاستانە. ئەگەر بڕوایان بەوە هێناوە کە کورد موسوڵمان نیە و بڕیاری جیهاد بە دژی دروستە و ڕەوایە، ئەدی پێم ناڵێن ئەوان بۆچی قورعانیان لەسەر ڕانیان داناوە و میحرابی مزگەوتیان بۆ خۆیان قورغ کردوە و ناوی ڕێبەری ئایینی ئیسلامیان لە خۆ ناوە؟ داخوا ئەوان کورد نین؟ نازانن ئەگەر بڕوایان وابێی کە خۆیان کوردن و کوردیش کافرە، درۆیان دە گەڵ خۆیان و خەڵک و خواش کردوە و درۆش تاوانێکی گەلێک قیزەون و دور لە ویژدانە؟! مامۆستایانی ئایینی دەبێ سرنجی ئەوەبدەن وەک چۆن پلە و پایە و جلو بەرگیشیان لە هی خەڵک جیاوازە ، تەنانەت لەدانیشتنیشدا لە سەرەوەی هەموانن و لەڕۆیشتندا وەپێش هەمووان دەکەون بێگومان ئەرکی شەرعیانە لە دەربڕینی ڕاستیە کان و بەرەنگار بونەوەی زوڵم و زاڵمانیشدا دەبێ پێشەنگ بن ، تەنانەت بۆ مەرگ لە ڕێی هەق و داد پەروەریدا هەردەبێ لە پێشەوەبن.

مامۆستایان لە من باشتر دەزانن وشەی جیهاد لە جوهدە و بەمانی هەوڵ و تێکۆشانە، پێم ناڵێن لەکام ئایەتی قورعانیدا بە مانای کوشتنی ژن و منداڵ و خەڵکی بێتاوانی کورد و وێرانکردنی کوردستانە؟ یان باشتر بڵێـم: کەی مەبەست لە جیهاد بە مانای کورد قڕانە؟! ئیسلام تایبەتمەندیە کە ی ئەوەیە خیتابەکانی ڕوویان لە سەرجەم مرۆڤەکانە، دینی ئەقڵ و مەنتیق و باس و لێدوان دەگەڵ نەیار و دژبەرانە ، ئەوە قسەی من نیە فەرمانی قورئانە { وجادلهم بالتی هی احسن} واتە باسو جەدەل و پێکەوە دوان هەر دەگەڵ موسوڵمانان نیە بەڵکو زۆرتر دەگەڵ ئەوانەیە کە بڕوایان پێی نیە یان پرسیاریان لە سەری هەیە. ئەوانەی لە جیاتی باسکردن و بەڵگە نواندن پەنا بۆ توند و تیژی و فڕ و لاتاو و جنێو و بێحورمەتی دەبەن لە ڕستیدا نەزانن، چونکە جنێوو بێڕێزی بە خەڵک تە نیا مە نتیقی بێمە نتیقانە. ڕەنگە هێندێک ئەو قسانەی من بە خراپ تەعبیرو تەفسیرو حیساب بکەن، بەڵام مەبەستی ئەسڵێ من ڕەخنەیە، هیوادارم هەرواش وەری گرن، خۆ ئەگەر ڕاستیش بن پیاو بەڕاستی گوتن ماڵی خراپ نابێ ! دەرگا کەم لە سەر گازەرەی پشت کراوەیە بۆ هەر کەسێک سادقانە ڕەخنەم لێبگرێ ، ڕێنوێنیم بکا، پرسیام لێبکا، هەڵەم بۆ ڕاست کاتەوە، دەستخۆشیی پێدەڵێـم و سوپاسیشی دەکەم. ئەگەر کەسێک بەخەیاڵی بەتاڵ بیهەوێێ هێرشم بۆ بێنێ، ئەودەم بەرگری مافێکی ڕەوایە.

مامۆستایانی ئایینی کورد دەبێ لە ڕێبەرانی ئێران پرسیار بکەن داخوا گەلی کوردیان وەک گەلێکی جیاواز لەفارس قبوڵە، یان نیە؟ داخوا زمان و کلتوری کورد بەڕەسمی دەناسن و جیا لە زمانی خۆیانی دەزانن، یان شتی لەو بابەتە نیە؟ زۆر جێگای داخە مامۆستایانی کورد لە بەرانبەر مافی ئازادی و نەتەوایەتی کە مافی بنەڕەتی هەر گەل و هۆزێکە، یان قڕو قەپ دانیشتون یان زۆر کەم باسی لێوەدەکەن. وابیر دەکەنەوە کە لە و بوارەدا بەرپرس نین، کە ئەوە بەتەواوی هەڵەیە. هەر چەندی لە ئاییندا زانابی و پلەت بەرزتر بێ ئەوەندە زیاتریش لە ئاستی مافەڕەواکانی گەلەکەشتدا بەرپرسایەتیت هەیە. مەگەر نازانین پێغەمبەری ئێمە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی لەپێشدا ڕزگاری زێدەکەی و بەجێگەیاندنی مەعموریە تەکەی هەموو ئە شکەنجە و ئازار و بێحورمەتی و ئاوارەیی و دەربەدەری و برسیەتی و ناڕەحەتی و کوێرەوەری چێژتوە، شاخە و شاخ و دۆڵاو دۆڵ ڕای کردوە و ڕاونراوە، لە زۆر ئەشکەوت و ڕەندۆڵاندا خۆی حەشارداوە، بەڵام هەرگیز تەسلیم نە بووە و خۆی بە دەستەوە نەداوە، بەردەستی زاڵمان و زۆرداران نە بوە و ملی بۆ داوا ناڕەواکانی ئەوان ڕانەکێشاوە. بڕوانن دوای ڕزگاری مەککەیە کە خوا دەفەرموێێ:{ الیوم اکملت لکم دینکم} واتە ئەوڕۆیە دینەکەتانم بۆ تەواو کردن. ئەوەش مانای ئەوەیە کەتەواوبوونی دینەکە ی لە دوای ڕزگاربونی زێدە کە هێناوە، یان ڕوونتر بڵێم: بێی زێدێکی ئازاد و سەر بەخۆ دینەکە ناتەواوە. شایە دی مێژوشمان لەلایە کە هەر هەموو پێغەمبەران لە بەرەنگاری زاڵماندا گەورەترین قوربانیان داوەو، بۆ بە جێێ گەیاندنی فەرمانەکانی خوایی کە باوەڕیان بووە لە بەخت کردنی گیانیش درێغیان نەکردوە. بڕوانن چۆن ئیبڕاهیمیان خستە ناو مەنجەنیق و عیسایان چۆن لە دارداوە. ئەو ئەرکەی مامۆستایانی ئایینی وە ئەستۆیان گرتوە هەمان ئەرکە کە بە پێغەمبەران ئەسپێردراوە، ئەوەنیە پێغەمبەر فەر موویە : عالمان میراتگرانی پێغەمبەرانن. لە ئاکامدا جیاوازی مامۆستای ئایینی دەگەڵ خەڵكیتر ئەوە یە کە دەبێ ئیمانیان لەوان پتەوترو غیرەتی ئەوەیان هەبێ ئەگەر بۆ دینەکەیان پێویست بێ دەبێ بە دژی زاڵمان ڕابوەستن و لەو ڕێیەدا گیانیشیان بکەنە قوربانی، لە دەربڕینی ڕاستی سڵ نەکەن و دەسەڵاتی حاکمانی زاڵم لە دەسەڵاتی خوا بە بەرزتر نەزانن. مەگەر لە بیریان نیە کە چۆن ئیبڕاهیم ئامادەبوو بەدەستی خۆی سەری جگەرگۆشەکەی ببڕێی بۆ ئەوەی فەرمانی خواکەی بە جێی هێنابێ. نابێ نە پلە و پایە و نەماڵودارایی، نە هەواو هەوەسی نەفس ئەو بەر پرسایەتیە تان لە بیر بەرێتەوە، نابێ مل بۆ هیچ هێزێک ڕابکێشن کە بیهەوەێ بە دژی فەرمانەکان و ڕاسپاردەکانی خوایی کاریان پێبکا، نابێ لە ئاست زاڵمان سەر دانەوێنن و بڕیارەکانیان بەڕێوەبەرن و چاو لە ڕاستییەکان بقو چێنن. داوای مافی گەلی کوردیش بە هیچ پێوەرێک و لێکدانەوەیەک نەک دژی ئیسلام نیە، بەڵکو بە دڵنیایی و هەست کردن بە بەر پرسایەتییەکی ویژدانی و ئەخلاقی و ئایینیەوە، دەڵێم: ئەرکێکە خوا لە سەری فەڕز کردوین و بە ڕێوەنەبردنی گوناح و تاوانە، سەر پێچییە لە فەرمانی ئەو خوایەی کە ئاگاداری ئاشکراو نەهێنیە کانمانە.
مامۆستایانی ئایینی لە من باشتر دەزانن فتوای جیهاد بەدژی گەلی کورد لە ڕاستی دوورە و فڕی بەسەر ئیسلامەوەنیە، بڕیارێکی ناڕەوای سیاسی دژەکوردە و چێتر نیە، بێدەنگی لە ئاست ئەو تاوانە مەزنە بەناوی ئیسلام خۆی مەزنتر لە تاوانە و دەبنە شەڕێک دەگەڵ فتوادەرەکە. ئیمام جومعەکان ئەرک و بەرپرسایەتییان زۆر لەوە گەورە ترە کە وا ئێستا ئەنجامی دەدەن. دەبێ بزانن بەشی زۆری وتارەکانیان پێویستە باس لە سەر مەسایل و ڕووداوی ڕۆژ و، بەرگری لە ماف و ڕێنوێنی کردنی خەڵک بێ. مەخابن مامۆستای وامان هەیە یەکێک لەباسەکانی ئەوەیە کە ناوی محەممەد لە ڕێبوارو سەردارو و... پیرۆزترە ! لە حاڵێکدا ناو نە جزوی ئەرکانی ئیسلامە ونە بەشێک لە عیبادەتە! بۆ نمونەش هەموو دەزانن شای گۆڕکراو خراپترین و زاڵمترین دەسەڵاتدار بو ناویشی محەممەد بوو، خومەینیش دەبینین کە فتوای جیهاد بەدژی موسوڵمانان دەردەکرد و ناویشی ڕووحوڵا بوو! کەوابوو بە ناو نیە و بەکردار و هەستی پاکی دەرون و ئیمانە .
دوایین پرسیارم ئەوەیە داخوا کوردبوون کوفرە کە فتوای جیهادی دەرهەق ڕەوایە؟ داخوا داوای مافی نەتەوایەتی و دیاریکردنی چارەی خۆنوسین سەزاکەی کۆمەڵ کوژی کورد و وێرانکردنی کوردستانە؟ ئەرکی ڕێبەرانی ئایینی گەلێک قورس و گرانە ، بەر پەرچدانەوەی ئەو فتوا نارەوایانە بەناوی دین ئەرکی بنەڕەتی و نیشانەی بە هێزی ئیمانیانە. دروست ڕێبەری نەکردن و بەلاڕێدا بردنی موسوڵمانان تاوانێکی گەلێک مەزن و خەتەرناک و هۆی زایەبونی ویژدان و ئیمانە.
سەداقەت و سەڕاحەت و فیداکاری و نەترسی و نەبەزی و زانایی ئەرکی سەرەکی ڕێبەرانە. کێی دەتوانێ نکۆڵی لەوە بکا کە دامەزرێنەری یەکەمین کۆماری کوردی، پێشەوای نەمر مەزنە زانایەکی ئایینی کورد بوو، ئەو کۆماری دامەزراندووە و لە ڕێوڕەسمی دامەزرانیدا سوێندی بە کەلامی خوا و ئاڵای کوردستان و پاراستنی شەڕافەتی ئاو و خاک و نیشتمان خواردوە و هەر لە پێناو ئەوانیشدا لە دار دراوە و شەڕەفی شەهیدبوونی وەدەست هێناوە، ڕێبازەکەی هەر وا پڕ ڕێبوارە و ئامانجەکەی لە مێژووی هەمیشەیی کوردستاندا وەک مەشخڵ ئازادی کوردستان و کورد ناو نراوە و سەبتکراوە. هیوادارم مامۆستایان، قسەکانم بە خراپ وەر نەگرن، چونکە ئەرکە کەیان زۆر لەوە قورسترە کە لە بەرانبەر ئەرکی ئاساییدا ڕای بگرین. ڕوو دەکەمە مامۆستایانی کورد و چاوەڕوانی هەوڵ و هیمەتی گەلەکەمانم نەک وڵاتانی داگیر کەری کوردستان کە بە فارس و عەرەب و تورکەوە دوژمنی سوێند خۆری کوردن و ،موسوڵمانن!!
کاتی ئەوە هاتوە با لە شاری کوێرانیش بین، دەبێ ورد بڕوانین و چاومان بکەینەوە.
بۆیە دەڵێـم: شاری کوێران بۆچێ وایە پیاو ئەگەر ڕێی کەوتە وێێ
هەر دەبێ چاوانی بگرێ و هیچ نە بینێ وەک ئەوان!
شاری کوێران وانیە گشت کەس لە چاوان کۆرە بێ
ئە قـڵە کوێرە نا بینێ ڕاســتــی ژیـــــــان.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە