کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە بەردەوامیدا بۆ کۆماری سێدارە (ئه‌نوه‌ر ئه‌لیاسی)

19:53 - 2 رەزبەر 2713

ئه‌نوه‌ر ئه‌لیاسی

بەشێک لە چاودێرانی سیاسی بەرلە هەڵبژاردنی رووحانی بە سەرکۆمار و دواتر بوونی بە سەرکۆمار چاوەڕوانییەکی زۆریان هەبوو، کە کۆماری ئیسلامی چاو بە بەشێکی زۆر سیاسەتەکانی خۆیدا دەخشێنێتەوە، بەتایبەتی ئەو سیاسەتانە کە دژواری و سەختی ژیانی بۆ خەڵکی ئێران هێناوە، هەروەها هەڵبژاردنی رووحانی لەگەڵ خۆی کرانەوەی ئازادییەکان بەتایبەتی ئازادیی کاری سیاسی و رادەربڕین دەهێنێت. بەڵام هەموومان ئەوانەی لە نزیکەوە ئاگاداری پێکهاتەی ئەم رێژێمە دیکتاتۆرەن و سیاسەتەکانی کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە گەلانی ئێران دەچەوسێنێتەوە و لە ماڵ وێرانی و بەدبەختی بۆ گەلانی ئێران هیچی نەهێناوە، بەڵکوو گەلانی ئێران لە سەردەمی ئەم کۆماری ئیسلامییە چۆتە قۆناغی نه‌هامەتی کە بەدوای خۆیدا دوچاری کێشەی کۆمەڵایەتی بوونەوە هەر لە زیاد بوونی مادە هۆشبەرەکانەوە تا برسیەتی، کە خەڵکی ئێران بەدەستیەوە رۆژانە دەناڵێنێت. بۆیە پێمان وابوو ئەو پێشبینیانە یان چاوەڕوانییانە دەقیق نین و روونادەن، چونکە ئەم کۆمارە کۆمارێکی دیکتاتۆرە لە کۆمارێک کە رێژیمەکە رێژیمی ئاخووندەکان بێت و پایەکان لەسەر دژی خواستی گەلانی ئێران بنیات نرابێت هەرگیز چاوەڕوانی پێشبینی ئاوا و و ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتە بنجینەیی‌یەکانی ناکرێت.

لە ئێستاش رۆژانە دەبین و دەبیستین لە رێگای کەناڵەکانی راگەیاندنەوە لە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی رووحانی لە ئێران، ئەو رێژیمە بەردەوامە لەسەر سیاسەتەکانی خۆی کە خۆیدا بینێتەوە لە سێدارەدانی رۆڵەکانی ئێران و بەتایبەتی چالاکوانانی کورد، ئیتر هەنگاوی داهاتوو گەلانی ئیران و خەڵکی کوردستان بەتایبەتی هاتنە مەیدانە و چالاکتر بوونیان لەدژی ئەم رێژیمە بە کۆمەلێک چالاکی مەیدانی و جۆراوجۆر بۆ زیاتر گوشار خستنە سەر ئەم رێژیمە دڕەندەیە کە رۆژانە رۆڵەکانیان لە سێدارە دەدات.

ئێمەی کوردانی خەڵکی کوردستانی ئێران کە لە کیشوەرەی ئورووپا دەژین مەیدانی کاری مەدەنی و چالاکیی سیاسی زیاترمان هەیە، دەبێت هەوڵ و تەقەلای زیاتر بدەین لەگەڵ رێکخراوەکانی مافەکان مرۆڤ و دەزگاکانی تر هەتا لە رێگای ئەوانەوە بتوانن گوشار لەسەر کۆماری سێدارە دابنێن و دەسبەرداری لە سێدارەدانی رۆڵەکانمان بێت.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە