کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی پارتی \"ماف و ئازادی\" HAK PAR، لە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات

13:41 - 7 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: شاندێکی پارتی ماف و ئازادی بە سەرپەرەستیی کەماڵ بورکای سکرتێری گشتیی ئەو حیزبه سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە رێکەوتی ٦ی رەزبەری ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، شاندێکی پارتی ماف و ئازادی (HAK PAR) سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و لە لایەن شاندێکی حیزبەوە بە سەرپەرەستیی مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، پێشوازیی لێکرا.
\'\'کەماڵ بورکای\'\' سکرتێری گشتیی \'\'هاک پار\'\'، ئامانج لەم سەردانە دۆستانەی بە سەركردنەوەی هاوڕێیانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران راگەیاند و لەو پێوەندییەدا وتی: \'\'من پێوەندییەكی دێرین ‌و دۆستانە ‌و لە مێژینەم لەگەڵ ئەم حیزبە تێكوشەرە‌ و رێبەرانی خەباتگێڕی هەیە ‌و هەر لە رۆشنایی ئەم پێوەندییە مێژوویی‌یەدا سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتم كردووە\'\'.
پاشان \'\'مستەفا هیجری\'\'، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات خوشحاڵی خۆی و شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لەم سەردانەی شاندی \'\'هاک پار\'\' دەربڕی.
دواتر، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باسێكی سیاسی لەسەر رەوشی سیاسیی كورد بەگشتی ‌و خەباتی گەلی كورد لە هەركام لە بەشەكانی کوردستان ‌و پرۆسەی ئاشتیی پارتی كرێكارانی كوردستان و دەوڵەتی توركیە کرد ‌و لایەنی ئەرێنیی ئەم پڕۆسەیەی خستە روو و لەم پێوەندییەدا ئاستەنگەكانی سەر رێگەی ئەم پرۆسەیە باس كران.
بەشێكی دیكەی باسەكە لەسەر سیاسەتی رێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران بوو، لەم بەشە لە باسەكەدا ئاماژە بەو قەیرانە سیاسی ‌و ئابوورییە كرا كە رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئاستی نێوخۆیی‌ و پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان لەگەڵی بەرەوڕوویه ‌و رێژیم بە هاتنە سەر كاری حەسەن رووحانی بە لەپێشگرتنی سیاسەتێكی نەرم‌ و چەواشەكارانە دەیهەوێ لەم قەیرانە خۆی رزگار بكا.
لە درێژەی ئەم باسەدا پرسی كورد لە سووریە ‌و ئەو گیروگرفتەی ئێستای لایەنە سیاسییەكانی، هەم لە ئاستی كوردستاندا‌ و هەم لەگەڵ لایەنە ئیسلامییە توندڕەوەكان ‌و شوڤینیستە عەرەبەكان لەگەڵی بەرەوڕوو بووەتەوە، خرایە بەر باس.
لە ئاكامی ئەم باس ‌و راگۆڕینەوەدا، كەشی سیاسیی رۆژهەڵاتی ناڤین و پرۆسەی بەرەوپێش چوون ‌و گەشە كردنی بزووتنەوەی سیاسی‌ و مەدەنیی جەماوەری كورد بەپێی بارودۆخی هەر كام لە بەشەكانی كوردستان بە ئەرێنی هەڵسەنگێندرا ‌و لە كۆتایی باسەكەدا هەر دوو حیزب لەسەر هاوكاری‌ و بەردەوام بوونی پێوەندییەكانیان جەختیان كردەوە.