کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لە پارڵمانی ئورووپا

16:06 - 11 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێران فیدراڵ، پێکهاتوو لە ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەو کۆنگرەیە، لەگەڵ ژمارەیەک پارلمانتاری یەکیەتیی ئورووپا چاوپێکەوتنیان ئەنجام دا.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٨ و ٩ی رەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی، شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، چەندین دیدار و چاوپێکەتنی لە پارڵمان و دام و دەزگاکانی یەکیەتیی ئورووپا پێکهێنا.
رۆژی دووشەممە، رێکەوتی ٨ی رەزبەر، شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ پێکهاتوو لە بەڕێزان \'\'ناسر بۆلیدی\'\'، سەرۆکی حیزبی مەردومی بەلووچستان، \'\'لوقمان ئەحمەدی\'\'، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و \'\'کاکۆ عەلیار\'\'، ئەندامی کومیسیۆنی پێوەندییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، لەگەڵ خاتوو \'\'Inese Vaidere\'\'، ئەندامی پارلمانی ئورووپا لەسەر لیستی دێموکرات مەسیحییەکان، پێکهێنا.
لەو دیدارەدا دۆخی ئێران پاش هەڵبژاردنەکانی ئەم دوایی‌یانەی سەرکۆماری و هەروەها بەردەوامبوونی رەوشی ناڵەباری پێشڵکارییەکانی مافی مرۆڤ لەو هەرێمانە کە نەتەوەکانی ئێران تێدا دەژین،‌کەوتە بەرباس.
شاندی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، داوای لە ئەندامانی پارلمانی ئورووپا کرد کەلە ئەگەری وتووێژکردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا، پرسی نەتەوەکان بەرز بکرێتەوە و گرێ بدەن بە نێوەڕۆکی وتووێژەکانەوە.
لە هەمان رۆژدا، ئەو شاندە لەگەڵ \'\'عەلی یوورتاگول\'\' راوێژکاری سەرەکیی تایبەت بە دۆسیەی ئێڕان بۆ فراکسیۆنی سەوزەکان لە پارلمانی ئورووپا، چاوپێکەتنیان ئەنجام دا.
دەستێوەردان و رۆڵی نەرێنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەنێو کاروباری وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین، بەتایبەت سووریە و خەباتی نەتەوەکانی ئێران و رۆڵی ئەو نەتەوانە لە داهاتووی سیاسی ئێراندا، چەند بابەت بوون کەلە نێوان هەر دوو لایەندا تاوتوێ کران.
لەو چاوپێکەوتنەدا عەلی یوورتاگول، ئاماژەی بەوە کرد کە دەکرێت گەمارۆکان لەسەر ئێران گرێ بدرێن بە پرسی پێشڵکاریی مافی مرۆڤ و لەم پێوەندییەدا هێمای بە ئەزموونی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لە بەرامبەر رێژیم و سیستمی ئاپارتایدی حکوومەتی ئافریقای باشوور کرد.
لە درێژەی دیدار و چاوپێکوتنەکانی شاندی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵدا، شاندەکە دیداریان لەگەڵ \'\'ئۆرەستە رۆسی\'\' ئەندامی پارلمانی ئورووپا و ئەندامی هەیئەتی یەکیەتیی ئورووپا بۆ پرسی ئێران، پێکهێنا.
شاندی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، دۆخی ئێرانی پاش هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی خستە بەرباس و لەسەر ئەوەی کە نابێ چاوەڕێی گۆڕانگاری لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بن، پێداگریی کردەوە.
بەڕێز رۆسی لەو پێوەندییەدا گووتی، ناوبراو رازی بەوە نییە کە شاندی یەکیەتیی ئورووپا سەردانی ئێران بکات، بێ ئەوەی ئێران بە کردەوە نیشان بدات کە هەم لەسەر پرسی بەرنامەی ناوەکی و هەم لەسەر سیاسەتەکانی توندی ناوخۆیی و ناوچەیی ئالوگۆڕ پێک بێنێت.
دیدار لەگەڵ دیپلۆماتەکانی دەزگای کاروباری دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا


رۆژی سێشەممە، رێکەوتی ٩ی رەزبەر، شاندی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، چاویان بە سێ دیپلۆماتی سەربە بەشی ئێرانیی دەزگای کاروباری دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا (European External Action Service) کەوت و تیشکیان خستەسەر دۆخی سیاسیی ئێران و پێوەندییەکانی یەکیەتیی ئورووپا و ئێران.
پاش ئالوگۆڕی بیروڕا سەبارەت بەو پرسانە لە نێوان هەر دوو لایەندا، دیپلۆماتەکانی دەزگای کاروباری دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، پێداگرییان لەسەر ئەوە کردەوە کە گەمارۆکان لەسەر رێژیمی ئێران لا نابەن، هەتا ئەو کاتەی رێژیمی ئێران ئالوگۆر بەسەر سیاسەتەکانی خۆیدا نەهێنێت.
لە هەمان رۆژدا، شاندی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، دیداری لەگەڵ بەرپرسی هەیئەتی یەکیەتیی ئورووپا بۆ ئێران، خاتوو \'\'تارژا جرۆنبێرگ\'\' کرد.
لەم دیدارەدا رۆڵ و کاروباری نێوخۆی هەیئەتی یەکیەتیی ئورووپا بۆ پرسی ئێران تاوتوێ کرا و هەیئەتی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ داوای کرد کە پرسی نەتەوە ستەملێکراوەکان بە بەردەوام لە رۆژڤی کار و بارەکانیاندا بێت و بایەخی تایبەتیی پێ بدەن.