کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە کۆنفڕانسی ساڵانەی حیزبی کرێکاری بریتانیا

15:02 - 12 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی بریتانیا لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی ساڵانەی حیزبی کرێکاری بریتانیا، کۆمەڵێک دیدار و چاوپێکەوتنی ئەنجام دا.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شاندێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بریتانیا لە کۆنفڕانسی ساڵانەی حیزبی کرێکاری ئەو وڵاتە لە شاری \'\'برایتۆن\'\' بەشداریی کرد.
حیزبی کرێکاری بریتانیا ساڵانە کۆنفڕانسێک بە بەشداریی لایەن سیاسی و مەدەنییەکان و کەسایەتییەکانی بریتانیا پێکدەهێنێت و نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بریتانیا بە بانگهێشتی فەرمیی ئەو حیزبە لەو کۆنفڕانسەدا بەشداریی کرد.
لە پەراوێزی ئەو کۆنفڕانسەدا شاندی حیزبی دێموکرات لەگەڵ ژمارەیەک لایەن و کەسایەتیی جیهانی چاوپێکەوتنی ئەنجام دا.
لەو چاوپێکەوتنانەدا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئەم دوایی‌یانەی ئێران و روانگەی حیزبی دێموکرات لەو پێوەندییەدا هاتە بەر باس و پرسی نەتەوەکانی ئێران و پێشلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، کۆمەڵە بابەتێکی بوون کە لەو هاودیتنانەدا باسیان لێوە کرا.
حیزبی کرێکاری بریتانیا، یەکێک لە حیزبە سەرەکییەکانی وڵاتی بریتانیایە کە رۆڵی سەرەکیی لە سیاسەتی نێوخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتەدا هەیە.