کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەنراوی کۆمیتەی کاروباری حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات

15:06 - 18 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: کۆمیتەی کاروباری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، سەبارەت بە ئامادەبوونی جەعفەر سەحراڕوودی لە کۆنفڕانسی ژنێڤ، راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی راگەیەنراوەکە بەم چەشنەیە:

رۆژی دووشەممه رێکەوتی  ٧ی ئوکتوبری  ٢٠١٣ی زایینی، شاندێکی پارلمانی ئێران بۆ بەشداری له کۆنفڕانسی رێکخراوی یەکیەتیی نێونەتەوەیی پارلمانتاران گەیشتنه شاری ژنێڤ. دوابەدوای گەیشتنی شاندی  ئێران، ئاگادار کراینەوه که ئەندامێکی ئەو شانده، محەممەد جەعفەری سەحراڕوودی، ‌‌تێروریستی کۆماری ئیسلامییه کەله ساڵی ١٩٨٩دا  وێڕای چەند تێروریستی دیکه، د. عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی له ڤییەنی پایتەختی ئوتریش شەهید کرد. پاش وەرگرتنی ئەم زانیارییه، کۆمیتەی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات له دەرەوەی وڵات له رێگای نوێنەرانی حیزب له ئوتریش و سویسدا بەدواداچوونی بو ئەم بابەتە کرد و بۆمان دەر‌کەوت که سەحراڕوودی وەک ئەندامی شاندی پارلمانی ئێران بەشداری ئەو کۆنفرانسەی ژنێف دەکات!

هەر پاش تێرۆری ڤییەن حوکمی گیرانی نێونەتەوەیی بۆ سەحراڕوودی و باقی تێروریستەکان لەلایەن دادستانی ڤییەنەوه دەرچووه. نوێنەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران به پشت بەستن بەم حوکمەوه داوایان له حکوومەتی ئوتریش و سویس کردووه که ناوبراو له سویس دەستبەسەر بکرێت و رادەستی ئوتریش بکرێتەوه. له هەمان کاتدا هەوڵمان داوه کەله زۆر وڵاتی دیکەوه و له رێگای ئەندام پارلمان و سیاسەتمەدارانی دوستمانەوه گوشار بخرێته سەر دەوڵەتی سویس تاکوو محەممەد جەعفەری سەحراڕوودی دەستبەسەر بکرێت.
هەتا کاتی نووسینی ئەم راگەیاندنه هەر دوو دەوڵەتی سویس و ئوتریش هیچ هەڵوێستێکی فەرمیان نەنواندووه. ئێمه به پێی ئەو ئەزموونانەی لەگەڵ دەوڵەته رۆژئاواییەکاندا هەمانه، به پێویستمان زانی له رێگای ئەم راگەیەندراوەوه بیر و رای گشتی و میدیاکان بۆ گوشار خستنەسەر حکوومەتەکانی سویس و ئوتریش ئاگادار بکەینەوه، تاکوو به پێی یاسا بجووڵنەوە و ئەم دەرفەتەش نەکەنه قوربانی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانیان.
ئێمه هەموو هەوڵی خۆمان بۆ  دابینکردنی دادپەروەری خستووته گەڕ و به دڵنیایی‌یەوه بەدواداچوونی تەواو بۆ به ئاکام گەییشتنی هەوڵەکانمان دەدەین.
هەر لێرەوه داوا له هەموو کۆڕ و کۆمەڵه نێونەتەوەیی‌یەکان و حکوومەتەکانی وڵاتانی رۆژئاوا و یەکیەتیی ئورووپا دەکەین، داوا له حکوومەتی سویس بکەن به پێ یاسا بجووڵێتەوە و  محەممەد جەعفەری سەحراڕوودی دەستبەسەر بکات و رادەستی دەزگای یاسایی ئوتریشی بکات.
ئێمە هەوڵ دەدەین له داهاتووی نزیکدا زانیاری زیاتر لەم بارە‌وه بڵاو بکەینەوه.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی وڵات

١٨ی رەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی

١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠١٣ی زایینی
8013.jpg
حوکمی نێودەوڵەتیی گرتنی محەممەد جەعفەر سەحراڕوودی


8014.jpg
حوکمی نێودەوڵەتیی گرتنی محەممەد جەعفەر سەحراڕوودی