کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمنیەتی بوونی شاری ورمێ بە هۆی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان لەو شارە

17:47 - 2 جۆزەردان 2712

کوردستان میدیا: رۆژی رابردوو بە مەبەستی پێش‌گیری لە وشک بوونی گۆلی ورمێ، لەو شارەدا خۆپیشاندان بەڕێوەچوو.


بەگوێرەی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، پاش خۆپیشاندانی بەرینی خەڵکی شاری ورمێ لەمەڕ وشک بوونی گۆلی ورمێ، ژمارەیەک هاووڵاتی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ئێستا بارودۆخی شاری ورمێ بە شێوەیەکی توندوتۆڵ ئەمنیەتییە و هێندێ شوێنی شار وەکوو مەیدانی جیران و شەقامی سەمەد زاری شاری ورمێ خراوەتە ژێر کونترۆڵ و چاوەدێریی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران.
بەگوێرەی دوایین زانیارییەکان، کۆمەڵێک هاوڵاتیی خۆپیشاندەر، رێکەوتی ١ی جۆزەردانی ١٣٩١ی هەتاوی، دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ناوەندیی شاری ورمێ و پاسگای ٩ی پیلە راگوێزراون.
گولی ورمێ بەره‌و وشک بوون دەڕوا و بەرپرسانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەهەمبەر ئەو کارەساتە، خۆیان بە بەرپرسیار نازانن و کارناسانی بواری ژینگە پارێزی وشک بوونی ئاوی گۆلی ورمێ بە مەزن‌ترین کارەساتی ژینگەیی ئەمڕۆی جیهان لە قەڵەم دەدەن.
لێپرسراوانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران ساڵی رابردوو بە بەڵێنیی درۆیین و بڕیاری بێ نێوەڕۆک، خەڵکی ناڕازیی شاری ورمێیان هێمن کردەوە و هەتا ئێستا هیچ کارێکیان لەمەڕ پێش‌گیری لە وشک بوونی ئەو گۆلە ئەنجام نەداوە.
راگەیەنەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران