کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شکستی ڕێژیمی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەژاری

11:33 - 29 بانەمەڕ 2724

بەراوردەکانی ئێستا و داتای فەرمی کە لە ڕاپۆرتی دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامیدا بڵاو کراونەتەوە، نیشان دەدەن کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی ئێران کەوتووەتە نێو هەژاریی ڕەها و سیاسەتەکانی پشتیوانی ڕێژیم نەیتوانیوە هەژاری لە کۆمەڵگەدا کەم بکاتەوە.

پرۆژە یاسای بوودجەی ساڵی ١٤٠٣ دەریدەخات کە دەسەڵاتی یەکدەستکراو، ئیرادە و توانای دەستێوەردان لە بارودۆخی ئێستای نییە و لەگەڵ درێژەدان بە ڕەوتێکی لەو شێوەیەدا، چەند میلیۆن کەسی دیکە لە کۆمەڵگەی ئێران رووبەڕووی هەژاریی ڕەها دەبنەوە.

لە ساڵانی دەیەی ٩٠ی هەتاویدا کۆمەڵگەی ئێران بەرەوڕووی دابەزینێکی بەرچاوی خۆشبژیوی گشتی بووەوە و لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەم دۆخە توندتر بووە.

بانکی جیهانی لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە لە نێوان ساڵانی ٢٠١١ هەتا ٢٠٢٢ ژمارەی حەشیمەتی ژێر هێڵی هەژاریی ڕەها لە ٢٠ لەسەدەوە بۆ ٢٨.١ لەسەد زیادی کردووە، هەروەها ٤٠ لەسەدی بنەماڵەکان بەرەو هێڵی هەژاریی ڕەها دەرۆن .

بەپێی ئەو ئامارانەی کە لە ڕاپۆرتی ئەم دواییەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی ڕێژیمدا بڵاو کراونەتەوە، دەردەکەوێت کە بوودجەی گشتی بۆ نەهێشتنی هەژاری لە ساڵی ٢٠١٧ بەملاوە، توانای کەمکردنەوەی ڕێژەی هەژاریی نەبووە و سیاسەتەکانی ڕێژیم لە ٥ ساڵی ڕابردوودا نەیانتوانیوە نرخی هەژاری کەم بکەنەوە.

پرۆژە یاسای بوودجەی ئەمساڵ هەمان ڕەوتی گشتیی پرۆژە یاساکانی ساڵانی ڕابردوو پەیڕەو دەکات و هەر بۆیە ناتوانرێت چاوەڕوانی گەشەی ئابووریی بەردەوام بکرێت. لەلایەکی دیکەوە لە پرۆژە یاسای بوودجەی ئەمساڵدا هیچ شێوازێکی نوێ و کارا بۆ کەمکردنەوەی هەژاری نییە و وەک لە ڕاپۆرتی ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسدا هاتووە "توانای نوێ بۆ کەمکردنەوەی هەژاری" لەم پرۆژە یاسایەدا نییە.