کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهێزتربوونەوەی ئەگەری شەڕی جیهانیی سێهەم و ئێمەی کورد

14:34 - 20 رەزبەر 2723

شەماڵ تەرغیبی


٧ی ئۆکتۆبر کە هەندێ کەس وەک یازدەی سێپتامبری ئیسراییل ناوی لێ دەهێنن یەکێک لەو ڕووداوە گرینگانەیە کە ئەگەری تەشەنەسەندن و پەرەگرتنەکەی تا دێت زیاتر و زیاتر دەبێ؛ بەو ڕادەیە کە هەندێ چاودێری سیاسی وەها وێنای دەکەن کە لە ئەگەری بەردەوامبوونی، بۆی هەیە ببێتە شەڕێکی بان ناوچەیی و وەک شەڕی سێهەمی جیهانی ناوی لێ دەبەن.
دوابەدوای دەسپێکردنی مووشەکبارانی شارەکانی ئیسرائیل لەلایەن حەماس و دژکردەوەنیشاندانی ئەم وڵاتە، دیتمان کە لە ئاستی جۆراوجۆردا وڵاتانی جیهان و ناوچە و هەروەها سەرکردەی بەشێک لە حیزب و گرووپ و ڕێکخراوە چەکدارەکانی ناوچە هەڵوێستیان نواند؛ یان لاگیری خۆیان لە یەکێک لە دوو لایەنی شەڕەکە ڕاگەیاند یان داوای چارەسەریی ئاشتییانەیان کرد.
ئەوەیکە لەم نێوانەدا گرینگی تایبەتی خۆی هەبوو هەڵوێستی پێشبینیکراوی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو کە بە پانەوە، بێ گوێدان بە پڕەنسیپە ئینسانی و یاساییەکان دژ بە ئیسراییل و بە پشتگیری حەماس ڕایانگەیاند چی لە توانایاندا هەبێ دەیخەنە گەڕ تاکوو شەڕەکە بەردەوام بێت کە ڕوونە ئامانجی ڕێژیم لەم کارە قازانجێکە کە بۆ خۆی وێنای کردووە. ئەمەشیان تەنانەت لە میدیاکانیاندا ڕووماڵ کرد و هەوڵیان دا ڕەوایی میدیایی و شەرعی بە جینایەت و کوشتوکوشتاری خەڵکی ئیسڕاییل، بە گەورە و بچووکەوە، بدەن.
بەگشتی ئەوەیکە تاکوو ئێستە دەبیندرێ سازبوونی جۆرێک لە جەمسەربەندی لە نێوان وڵاتانی جیهانە؛ لەلایەکەوە وڵاتانی ڕۆژاوایی و ئامریکا بەپشتگیری ئیسراییل و لەلایەکی ترەوە ڕووسیە و دەوڵەتە هاوپەیمانەکانی! بەڵام لەم نێوانەدا جێگەی ئێران چی دەبێ و دۆخەکە بەرەو چ ئاقارێک دەڕوات؟ لەلایەکی تریشەوە ئایا ئەو گریمانە کە ئەمە دەسپێکی شەڕی سێهەمی جیهانییە وەڕاست دەگەڕێ؟ و لەکۆتاییدا ئێمەی کورد لە کوێی هاوکێشەکانداین و دەبێ چی بکەین؟ مژاری سەرەکی ئەم وتارەیە کە هەوڵ دەدرێ بە کورتی شەنوکەو بکرێت.
ئەوەیکە ڕوونە ئەم هێرش و پەلامارە بەربڵاوە لە توانای گرووپێکی توندڕەوی وەک حەماس نەبووە و نییە و بەدڵنیاییەوە لە چوارچێوەی قازانجەکانی خەڵکی فلستینیش نییە بەڵکوو ئەوەیکە ڕووی دا بەشێکە لە سیناریۆیەکی گەورەتر کە چەند زلهێزێکی جیهانی و دەوڵەتی ناوچەیی لە پشتە تاکوو زەبر وە پەیکەری هەندێ کرداری دیپلۆماتیکی ناوچەیی بوەشێندرێت. لە بیرمان نەچێ کە هەوڵەکانی ئامریکا و ئیسراییل بۆ ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکان لە نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسراییل کە بەدڵنیاییەوە دەتوانێ ببێتە هۆی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەیی و بان‌ناوچەیی جێگەی دڵخۆشی هەموو کەس نییە و لەم نێوانەدا کۆماری ئیسلامی زەرەرمەندی سەرەکی دەبێت هەر بۆیە وەک لە لێدوانەکانی عەلی خامنەیی، چەند ڕۆژ پێش لە شەڕی ئیسراییل و حەماسدا دەرکەوت، ئیزن نادەن هەروا بە ئاسانی و سانایی پێوەندییەکانی عەرەبستان و ئیسراییل یان ئیسراییل و وڵاتانی عەرەبی ئاسایی ببێتەوە. بەم جۆرەش ڕێژیمی سیاسیی تاران نەیتوانی خۆی بێلایەن بگرێ و بووەتە بەشێک لە شەڕەکە کە پێشبینی دەکرێ بە خۆهەڵقورتاندنی حیزبوڵای لوبنان و میلیشیاکانی عێراق و سووریە کە تاران پشتگیرییان دەکات، لە داهاتوویەکی نیزیکدا زیاتر تەشەنە بکات و پەرە بستێنێ.
بە ئاوڕدانەوەیەک لە دۆخی چەند ڕۆژی ڕابردوو و هەڵوێستە فەرمییەکانی وڵاتان پێموایە ئێران هەروا سنووردار درێژە بە شەڕەکە دەدات. ئیسڕاییلیش بەمجدتر هەڵدەکوتێتە سەر حەماس و غەزە و وەک خۆیان وتیان کارێکی لەگەڵ دەکەن کە تا 50 ساڵی تر وەک خۆی لێ نەیەتەوە. ئەوەیکە ئیسراییل دەیکات لانیکەم لە ئێستەدا ئەستاندنەوەی شکۆی وڵاتەکەیەتی کە کەوتۆتە ژێر پرسیار. ئێران توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی سەربازی لەگەڵ ئیسراییل نییە بەڵام بەرژەوەندی ئامریکاش کە پاڵپشتی سەرەکی ئیسراییلە لەوەدا نییە کە دۆخی ناوچەکە لەوە زیاتر ئاڵۆز ببێ. هەموو لایەنێک لەسەر بنەمای بەرژەوەندی چالاکی دەکەن جا چ سیاسی بێ، چ دیپلۆماتیک، چ سەربازی. هەربۆیە دەتوانین بڵێین بە مەرجێک کە بەرژەوەندییەکانیان بکەوێتە مەترسییەوە یان وەک ئیسراییل شکۆیان بکەوێتە ژێر پرسیار ئەوا  بەرەیەکی جیهانی پێک دێت دژ بە حەماس و هەموو گرووپە چەکدارە توندڕەوەکان کە کەوتوونەتە بەرەی تێرۆر و دژ بە دنیای ڕۆژاوا ڕاوەستاون. 
پرسی ئابووری یەکێک لەو ڕەهەندە گرینگانەیە کە لە کاتی ڕوودانی شەڕ گرینگی زیاتر پەیدا دەکات؛ بەدڵنیاییەوە ئابووریی جیهان بەم شەڕانە تووشی هەڵاوسان دەبێ و گرانی و هەژاری زیاتر لەو وڵاتانەدا کە لە حاڵی شەڕدان یان باری ئابوورییان لاوازە، یەک لەوان ئێران، پەرە دەستێنێ و ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان زیاتر و زیاتر دەبن .

کۆی ئەم فاکت و گریمانەگەلە وا دەکەن مرۆڤ زیاتر بەو باوەڕ و قەناعەتە بگات کە ئەمە دەسپێکی شەڕێکی جیهانییە کە جەمسەربەندییەکانی تا دێت زیاتر خۆیان دەردەخەن. جەمسەربەندییەک کە وەک گوترا لەلایەکەوە وڵاتانی ڕۆژاوایی و لەلایەکی ترەوە ڕووسیە و چین و دەوڵەتە هاوپەیمانەکانی جێیان گرتووە.
ئەوەیکە لێرەدا بۆ ئێمەی کورد زیاتر دەبێتە ڕۆژەڤ و دەبێ تەکوزی لەسەر بکەین لەڕاستیدا هەڵوێستی وشیارانەمانە لەبەرامبەر ڕووداو و پێشهاتەکان تاکوو بتوانین هەلەکان بە خوێندنەوەی دروستی ڕووداوەکان بە قازانجی خۆمان بقۆزینەوە؛ پێشمەرجی سەرکەوتنیشمان لەم گێژاوەدا کە بەدڵنیاییەوە لە داهاتوودا بۆ ئێران درووست دەبێ بریتییە لە وەلانانی کێشە و گرفتەکان و هەوڵدان بۆ یەکڕیزترکردنی خەبات و بەهێزترکردنی شار کە چەقی خەباتی ڕۆژهەڵاتە. نابێ لە بیری بکەین کە ئەوەی لە ئێستەدا دەتوانێ پرسی ئێران یەکلایی بکاتەوە تەنیا و تەنیا شەقامە و ئێعتراز و ناڕەزایەتی نێوخۆیی.
بە پۆلێنکراویش ئێمە لە شەڕی نێوان ئیسراییل و حەماس دەبێ ئەم وانەگەلە فێر بین:
1. ئەم شەڕە دەریخست کە بەهێزترین دەوڵەتەکانیش لاوازن و دەکرێ لە لایەن هێزێکی لاوازترەوە گورزیان بەرکەوێ. ئەمەش روویەکی پرسە ئەمنییەتییەکانە لە سەدەی ٢١ دا.
2. درێژە کێشان شەڕ بە زیانی حەماس و غەززەیە و بەو پێیەش لۆمەکردنیان بەرفراوان دەبێ، بەچەشنێک کە خۆزگە بخوازن کە ئەو شەڕەیان هەڵنەگیرساندایە.
3. بە بێ دەمارگرژی دینی، بیر لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان بکەینەوە و نەبینە لایەنێکی شەڕێک کە شەڕی ئێمە نییە.