کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵاتی ساخارۆف، دەسکەوت و دەرفەتێکی دی بۆ شۆڕشی ژینا

00:54 - 29 رەزبەر 2723

سمایل شەرەفی

وەک لە لەسەر کێلی گڵکۆکەی نووسرا، ناوی "ژینا" بوو بە "ڕەمزێک"؛ ڕەمزێک بۆ بزووتنەوەیەکی مافخوازانەی مۆدێڕن دژ بە کۆنترین دەسەڵاتەکانی سەردەم، ناوێک بۆ وەبیرهێنانەوەی ڕەشترین ڕەفتارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرانبەر بە کەسانێک کە بەدەستی بەتاڵ، بەڵام بیرێکی تەیار بە نۆرم و بەها مودێڕنەکانی ئازادیخوازی و مافویستی، بەگژ دیکتاتۆریدا چوون. شۆڕشی ژینا بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی ڕەهەندێکی جیهانیی بەخۆیەوە گرت و نەک هەر سەرنجی گشت کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، بەڵکوو ڕێز و ستایشی هەمووانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی (١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ی زایینی) یەکیەتیی ئورووپا لە بڕیارێکی بەجێ و ئازایانەدا خەڵاتی ساڵانەی مافی مرۆیی ساخارۆفی بە ناوی ژینا ئەمینییەوە بەخشییە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی. دانی خەڵاتی ساخارۆف بە ژینا و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەگەڵ ئەوەی دەسکەوتێکی دیکە بۆ ئەم بزووتنەوەیە دێتە ئەژمار، هەڵگری چەند پەیامێکیشە: یەکەم ئەوەی کە ئەم خەڵاتە لە کات و ساتێک‌دا پێشکەش بە بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلانی ئێران دەکرێ کە بە هۆی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە، بیروڕای گشتیی جیهانی و میدیاکان بەم ئەم شەڕ و ئاڵۆزیانەوە سەرقاڵە. کۆماری ئیسلامی کە هۆکاری سەرەکیی وەڕێخستنی ئەم شەڕ و قەیرانە نوێیە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاستە، بەشێک لە ئامانجەکانی کەمکردنەوەی سەرنجی بیروڕای گشتی لەسەر پرس و بابەتە نێوخۆییەکانی وڵات بوو کە یەکیەتیی ئورووپا بە پێشکەشکردنی خەڵاتی ساخارۆف، توانی بۆ جارێکی دیکە سەرنجەکان بۆ نێوخۆی ئێران و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ڕابکێشێتەوە.

بەنێونەتەوەیی‌بوونی بزووتنەوەی ژینا و ئاوڕدانەوەی دامەزراوەیەکی نێونەتەوەیی وەک یەکیەتیی ئورووپا لەم بزووتنەوەیە کە خەڵاتێکی پێگەداری وەک ساخارۆفی پێشکەش دەکات، هەر لە جێدا دەسکەوت و سەرکەوتنێکی دیکەی بزووتنەوەی گەلانی ئێرانە. بە مانایەکی دیکە ئەم بزووتنەوە لەگەڵ ئەوەیکە بەتوندی لەلایەن دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەوڵی کپکردنی دەنگی درا، بەڵام دەرکەوت کە نەتەنیا دەمکوت و سەرکوتی قبووڵ نەکردووە، بەڵام توانیویەتی سەرنجی کۆڕوکۆمەڵی نێونەتەوەیی بۆ لای خۆی ڕابکێشێ و بە زیندوویی بمێنێتەوە و درێژە بە بەردەوامیی خۆی بدا .

دانی ئەم خەڵاتە وەک بەرزترین خەڵاتی مافی مرۆیی یەکیەتیی ئورووپا بە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی هاوکات لەگەڵ بەرزنرخاندنی بزووتنەوەکە، مەحکوومکردنی تەواوی ئەو پێشیلکارییانەی مافی مرۆڤە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوەی جۆراوجۆر و سیستماتیک، هەر لە تەقەی ڕاستەوخۆ لە خۆپێشاندەرانەوە بگرە تا سەپاندنی حوکمی ناڕەوا و ئێعدام‌کردنەکان کە بەرانبەر بە خەڵکی بێ‌دیفاع بەڕێوەی بردوون. بێگومان بنەماڵەی قوربانییانی شۆڕشی ژینا بە تەرخانکردنی ئەم خەڵاتە بۆ ئەو بزووتنەوەی کە ڕۆڵەکانیان لەپێناویدا یا گیانیان بەخت کرد یا هەر ئێستا لە بەندیخانەکانی ڕێژیمدا حوکمی قورس و ناڕەوایان بەسەردا سەپێندراوە، خۆشحاڵن و شانازیی پێوە دەکەن. هەروەک چۆن دایک و باوکی ژینا ئەمینی لە دوو پەیامی جیاواز‌دا وێڕای دەربڕینی پێخۆشبوونی خۆیان لەم کارە بەبایەخەی یەکیەتیی ئورووپا، بە شانازییەوە باس لە ڕۆڵە شەهیدەکەیان (ژینا) دەکەن.

کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ئێستا سەرمەستی بۆنی خوێن و باڕووتی شەڕی حەماس و ئیسرائیلە و لە میدیاکانیەوە بێ‌ئەوەی شەرم لە ڕۆڵی شەڕنگێزانە و هۆکارەکانی هەڵگیرساندنی ئەم شەڕە خوێناوییە لەپێناو مەرامە ئیدۆلۆژییەکانیدا  بکات و بە پێدانی تەرمی بێ‌گیان و خوێناویی منداڵانی قوربانیی ئەم شەڕە دەیەوێ بیروڕای گشتیی کۆمەڵگەی ئیسلامی هەڵخڕێنێ، بەشێک لە پیلانەکانی ئەوەیە سەرنجەکان لەسەر قەیران و ناڕەزایەتییەکانی نێوخۆییشی کەم بکاتەوە. بەڵام ئەگەر تەنیا سەیرێکی ڕووداوەکانی دوو حەوتووی ڕابردوو بکەین، بۆمان دەردەکەوێ هاوکات لەگەڵ شەڕی حەماس و ئیسرائیل خەڵک لە نێوخۆی وڵات بە شێوەی جۆراوجۆر درێژەیان بە ناڕەزایەتی و ئەرک و بەرپرسایەتییە خەباتخوازییەکەیان داوە. خانەنشینان لەو ماوەیەدا لێبڕاوانە لە ناڕەزایەتییەکانیان بەردەوامن و لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی دەرهێنەری ناوداری ئێرانی، داریووش مێهرجوویی و هاوسەرەکەیدا، لەگەڵ بەرزکردنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، بە بەرزکردنەوەی دروشمی "نە غزە نە لوبنان، جانم فدای ایران" سیاسەتە شەڕەنگێزانەکانی ڕێژیمیان مەحکووم کردەوە.

بێگومان لە وەها هەلومەرجێکدا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پشتیوانیکردن لە حەماس و هاندانی دژ بە ئیسرائیل شەڕێکی ناوچەیی ناوەتەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و میدیاکان سەرنجیان خستۆتە سەر ئەم ڕووداوانە، تەرخانکردنی بەرزترین خەڵاتی مافی مرۆیی ساخارۆف لەلایەن یەکێک لە دامەزراوە گەورە جیهانییە بڕیاردەرەکان (یەکیەتیی ئورووپا) بە ژینا ئەمینی و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، دەسکەوتێکی گەورەیە. ئەم ڕووداوە دەتوانێ بۆ بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلانی ئێران دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرفەتێکی نێونەتەوەییش بخوڵقێنێ، بۆیە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات پێویستە یەکگرتووانە ڕوانگە و ڕوویکەردێکی جیهانی لەسەر ئاستی کۆڕوکۆمەڵە جیهانییەکانی بۆ خەباتی نێوخۆی وڵات دەستەبەر بکەن و بە پێچەوانەی سیاسەت و پلانەکانی تاران، کار لەسەر لەڕۆژەڤدا هێشتنەوەی بزووتنەوەی جۆراوجۆرەکانی خەڵک لە نێوخۆی وڵاتدا بکەن.