کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێنەیەک و چەند سەرنجێک

00:36 - 1 خەزەڵوەر 2723

عەلی بداغی


جاناتان ڕه‌نداڵ:
"قاسملوو تەنیا ڕێبەری سیاسی بوو کە دەیتوانی لەگەڵ هەر دەوڵەت و لایەنێکی سیاسی دابنیشێ، قسەی خۆی بکا و ئازادیی سیاسیی خۆشی نەدۆڕێنێ." 

ئاماژە:
لەو ڕۆژانەدا بڵاوبوونەوەی وێنەیەکی شەهید د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری پێشووتری حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ سەدام حوسێن، سەرکۆماری پێشووتری عێڕاق لە بەرنامەیەکی تۆڕی مێدیایی "ڕووداو"دا دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. باسی نە هێندە تازە بەڵام گرینگی دوای بڵاوبوونەوەی ئەو وێنەیە پرسی چەندی و چۆنیی پێوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی بەعس بوو. ئەم نووسینە بەکورتی ئاوڕ لەو بابەتە دەداتەوە.

مێژووی ئەو وێنەیە:
ئەو وێنەیەی لەو ماوەیەدا بڵاو کرایەوە خۆی بەرهەمی ڕووداوێکی مێژوویی پرسی کوردە. لە ماوەی زستانی ١٩٨٢ هەتا هاوینی ١٩٨٤دا چەند گەڕ وتووێژ لەنێوان حکوومەتی بەعسی عێڕاق و یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستاندا بەڕێوە چوون کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و شەخسی د. قاسملوو وەک نێوبژیوان دەوری گرینگ و بنەڕەتییان لەو نێوەدا گێڕا. ئەم وتووێژانە بە هێندێ هۆکاری نێوخۆیی و لە سۆنگەی دەست¬تێوەردانی دەرەکییشەوە بەئاکام نەگەیشتن، بەڵام هەرلەوحاڵەدا بۆ بزووتنەوەی سیاسیی کورد و خەبات و تێکۆشانی سیاسی و پێشمەرگانەی باشووری کوردستان دەسکەوتێک بوون.
ئەم وێنەیە لە یەکێک لەو کۆبوونەوانەی وتووێژی یەکیەتیی نیشتمانی و حکوومەتی عێڕاقدا گیراوە کە شەهید د. عەبدولڕەحمان قاسملوو وەک شاهید و لایەنێکی سێیەم تێیاندا ئامادە بوو. شاندی یەکیەتیی نیشتمانیی بۆ ئەم وتووێژانە لە نەمر مام جەلال تاڵەبانی و چەند ئەندامی ڕێبەریی یەکیەتی بۆ وێنە کاک نەوشیرەوان مستەفا پێک‌هاتبوو. لە قۆناغەکانی پێشتر و دواتریشدا شەهید دوکتور قاسملوو و بەگشتی حیزبی دێموکرات لە پێوەندییە دیپلۆماسییەکانیاندا ئەوەندەی لە توانایاندا بووە تێ‌کۆشاون سەرنجی حیزب و دەوڵەت و کەسایەتییە بیانییەکانیان بۆ لای پرسی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان ڕابکێشن و بەشێک لە پڕۆژەی چارەسەر بن. بنەمای پێوەندیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ دەوڵەتی عێڕاق لەسەر ئەو بنەڕەتە بووە کە ئەو پێوەندییانە نەک هەر لەسەر حسێبی خەڵک و بزووتنەوەی ئەو بەشەی کوردستان نەبن، بەڵکوو ئەوەندەی بکرێ کۆمەگ بە پاراستنی بەرژەوەندی و بەرەوپێشچوونی بزووتنەوەی کورد لە باشوور و هەموو بەشەکانی کوردستان بکەن.

پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات و حکوومەتی عێڕاق
دابەشبوونی مێژوویی کوردستان بە سەر چوار وڵات لە یەک سەدەی ڕابردوودا و سیاسەتی حکوومەتی ناوەندی لەو وڵاتانە کە ئامادە نەبوون دان بە مافە نەتەوایەتییەکانی کورددا بنێن، بزووتنەوەی کورد لە هەر بەشێکی کوردستانی ناچار کردوە کە بۆ کۆمەگ بە بەردەوامبوونی خۆی و دەستڕاگەیشتن بە دنیای دەرەوە پێوەندیی لەگەڵ وڵاتانی حاکم بەسەر بەشەکانی دیکەی کوردستاندا هەبێ. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش دوای نسکۆی کۆماری کوردستان (١٩٤٦) و پەڕیوەبوونی بەشێک لە کادری ڕێبەری و تێکۆشەرەکانی بۆ باشووری کوردستان پێویستیی بە دامەزراندنی پێوەندی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی عێڕاق هەبووە.
لە نیوسەدەی ئەم دواییەدا یەکەم گەراکانی پێوەندیی نێوان حیزبی دێموکرات و حکوومەتی ناوەندیی عێڕاق دوای بەیانی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ بە ئاگاداری و هاوکاریی پارتی دێموکراتی کوردستان دانران. تەنانەت شەخسی مەرحووم مەلامستەفا بارزانی و خوالێخۆشبوو سامی عەبدولڕەحمان کە ئەوکات وەزیری کاروباری باکوور لە کابینەی ئەحمەد حەسەن بەکر بوو، لە گرێدانی ئەو پێوەندییەدا ڕۆڵی بنیاتنەریان هەبوو. دوکتور قاسملوو، سکرتێری گشتیی ئەوکاتی حیزب کە دواتر زۆرترین نەخشی لە پەرەسەندنی ئەو پێوەندییانەدا هەبوو، بە پێداگری لە سەر خاڵە هاوبەشەکان کۆمەڵێک بنەمای ئوسوولیی بۆ ئەو پێوەندییە پێناسە کردبوو، واتە پێوەندییەکە بەڕەسمی و بەڕاشکاوی لەسەر چەند بنەما دامەزرا. وەک : هەردوو لا باوەڕیان بە پرەنسیپەکانی سۆسیالیزم هەیە، هەردوو لا لە بەرەی دژی ئیستیعماریدان و هەردوو لا باوەڕیان بە چارەسەری کێشەی کورد بە شێوەی خودموختاری هەیە. هەر لەو پێوەندییەدا و لەو کاتدا کە بەهۆی ڕێککەوتنی ئادارەوە شەڕ ڕاگیرابوو، و پێوەندییەکانی نێوان ڕێبەرایەتیی شۆڕشی ئەیلوول و حکوومەتی عێڕاق بەباشی دەچوونە پێش؛  د. قاسملوو بەسەراحەت ڕایگەیاند: "ئێمه‌ هه‌م دۆستی ئێوه‌ین، هه‌م دۆستی پارتی دێموکراتی کوردستانین. بۆ ئێمه‌ زۆر جێگای خۆشحاڵییه‌ که‌ هه‌ردوو دۆسته‌که‌شمان پێکه‌وه‌ دۆستن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕۆژێک خودا نه‌خواسته‌ ئه‌و دۆستایه‌تییه‌ تێک بچێ، ئێمه‌ نه‌ دۆستایه‌تیی ئێوه‌ بۆ پارتی وه‌لا ده‌نێین، نه دۆستایه‌تیی پارتی بۆ ئێوه‌ وه‌لا ده‌نێین."(١) واتە هەر لەسەرەتاوە بە حکوومەتی عێڕاقی ڕاگەیاند کە ئەگەر ڕۆژێک لەنێوان دۆستەکانیدا شەڕ ڕوو بداتەوە، حکوومەتی عێڕاق نابێ ئەو چاوەڕوانییەی هەبێ حیزبی دێموکرات لایەنی ئەو بگرێ و لە دژی کوردی عێڕاق هەڵوێستی هەبێ و بەم جۆرە بناخەی سەربەخۆیی سیاسیی خۆی لە لای دەوڵەتی عێڕاق جێگیر کرد.
ئەمە هەر لەجێدا دەرکەوتنی "سەربەخۆیی سیاسی" وەک پڕەنسیپی نەگۆڕی حیزب بوو کە لە هەموو مێژووی حیزبی دێموکراتدا بەشێک لە وێژمانی ڕەسمیی حیزب بووە کە ئێمە بە خاتری دۆستایەتی قەت واز لە سەربەخۆیی و قازانجی میللەتەکەمان ناهێنین. بەڵام لەبەر خاتری سەربەخۆیی و قازانجی میللەتەکەمان ئەگەر پێویست بوو، واز لە دۆستایەتی دەهێنین. کەوابوو پێوانە بۆ حیزبی ئێمە سەربەخۆیی بڕیاردان و قازانجی میللەتەکەمانە. نەمر دوکتور قاسملوو هەروەها لە زۆر بەڵگە و دێکیۆمێنتی حیزبیدا پێداگریی لەسەر ئەوە کردوە کە حیزبی دێموکرات، حیزبێکی سەربەخۆیە و سەربەخۆیی خۆی لە هەموو شتێکی دیکە بەلاوە گرنگترە. ئەوەی بە قازانجی خەڵکی کوردستانی بزانێ جێبەجێی دەکات و هیچ کەس و لایەنێکیش ناتوانێ نەزەری خۆی بەسەردا بسەپێنێ.
تەنانەت دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و پاش سەپێندرانی شەڕ بەسەر کوردستان لەلایەن حکوومەتی تارانەوە و هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان عێڕاق و ئێراندا و لە کاتێکدا حیزبی دێموکرات و حکوومەتی عێڕاق ئێستا ئیدی یەک دوژمنی هاوبەشیان هەبوو و بەڕواڵەت دەبوو لە بەرەیەکدا بووایەن، حیزبی دێموکرات نەک هەر ئامادە نەبوو بچێتە بەرەی دەوڵەتی عێڕاقەوە بەڵکوو بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند ئەگەر کۆماری ئیسلامی وەک پڕەنسیپ وەڵامی ئەرێنی بە داخوازییەکانی کورد بداتەوە و مافی خودموختاری بۆ کوردستان بەڕەسمی بناسێ؛ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان شانبەشانی سوپای ئێران دەچنە بەرەی شەڕەوە. هەڵوێست لەسەر بۆمبارانی زیندانی دۆڵەتوو کە حیزبی دێموکرات بە عەمەلیاتی فاشیستیی ناو برد، بۆمبارانی شیمیایی هەڵەبجە، هاوکاری‌نەکردنی نیزامی و هەواڵگریی حکوومەتی عێڕاق لە شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا و، نێوەندگیری و یارمەتیدانی خەباتی سیاسیی کورد لە باشووریش تەنیا چەند بەڵگەیەکی بچووکی دیکە بۆ دەرخستنی بایەخەکان و چەند‌وچۆنیی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حکوومەتی عێڕاقن. بۆیە مێژووی چەند دەیە پێوەندیی حیزبی دێموکرات و حکوومەتی ناوەندیی عێڕاق و وردەکاری و چەندوچۆنیی ئەو پێوەندییانە بەڵگەی ڕووسووری بۆ حیزبی دێموکراتە کە لە هەموو قۆناغ و پێچ‌وگەوەکانی ئەو پێوەندییانە بە سەربڵندی هاتە دەر. "حاشای لێ‌ناکرێ که ده‌وڵه‌تی عێڕاق ئه‌و ده‌وڵه‌ته بووه که حیزبی دێموکڕات پێوه‌ندییەکی بەردرێژی له‌گه‌ڵیدا هه‌بووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه که هاوکاریی ماددی و کارئاسانیی لۆجیستیکیی به‌غدا بۆ حیزبی دێموکڕات شتێکی حاشاهەڵنەگرە، یه‌كێک له خاڵه هه‌ره دره‌وشاوه‌کانی کارنامه‌ی حیزبی دێموکڕات ئه‌وه‌یه که هه‌رگیز حازر نه‌بووه به‌هۆی پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عیراق که‌مترین زیان (ته‌نانه‌ت به هه‌ست بریندارکردنیش) به بزووتنه‌وه‌ و خه‌ڵکی باشووری کوردستان و سەرانسەری عێڕاق بگەیەنێ. ته‌نانه‌ت له‌‌سه‌ر ئاستی نیزامییش، له‌حاڵێکدا که شه‌ڕی ئێران و عیراق و خۆڕاگریی چه‌کدارانه‌ی کوردی ڕۆژهه‌ڵات هاوکات بوون، حیزبی دێموکڕات نه‌ک هه‌ر قه‌ت حازر نه‌بوو هێز و به‌ره‌ی شه‌ڕی خۆی دژی ڕێژیم له‌گه‌ڵ سوپای عیراق یه‌ک بخا. (٢)
پاش ڕووخانی حکوومەتی بەعس (٢٠٠٣) تەواوی بەڵگە نهێنییەکانی عێڕاق کەوتنە دەست ئەمریکایی، عێڕاقی و کوردەکان. زۆر کەس لە نەیارانی کوردی ڕۆژهەڵات و حیزبەکانی بەتایبەت کۆماری ئیسلامی،  بەدوای بەڵگەیەکدا دەگەڕان کە بتوانن لەدژی حیزبی دێموکرات بەکاری بێنن، بەڵگە لەسەر هێندێ کەس و لایەن دەرکەوتن، بەڵام لەسەر کوردی ڕۆژهەڵات و حیزبی دێموکرات هیچیان دەست نەکەوت. یانی نەک هەر یەک بەڵگەش نەدیتراوە کە حیزبی ئێمە بڕیارێکی لەدژی بزووتنەوەی کوردی باشوور یان هیچ شوێنێکی دیکە دابێ، یان لەسەر حسێبی بەرژەوەندیی ئەوان کارێکی کردبێ. د. مەحموود عوسمان، پاڕلمانتاری پێشووی عێڕاق و کەسایەتیی سیاسیی ناسراوی باشووری کوردستان لەو سەروبەندەدا لە کۆڕێکی سیاسیدا بە گێڕانەوەی مێژووی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات و حکوومەتی ناوەندیی عێڕاق ڕایگەیاند حیزبی دێموکرات ڕووسوورە لە مێژووی کورددا و بۆ ئەم ڕووسوورییەش تێچووی زۆری داوە: "کوردی عێڕاق وەکوو نەتەوە هەمیشە دۆست و پشتیوانیی حیزبی دێموکرات بوون و خەڵکی کوردستانی ئێرانیش هەمیشە لەکاتی پێویستدا بە هاواری کوردی عێڕاقەوە هاتوون و لەو پێوەندییەشدا حیزبی دێموکرات نەخشی سەرەکیی هەبووە. هەروەها حیزبی دێموکرات لە پێوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی عێڕاقیشدا هیچ‌کات زەرەری لە کوردی عێڕاق نەداوە، بۆخۆی زەرەری کردوە و ئامادە بووە قازانج و بەرژەوەندیی خۆی وەلا بنێ، بەڵام هیچ زیانێک لە کوردەکانی عێڕاق نەکەوێ. ئەو هەمووە فایلەی کە دوای ڕووخانی حکوومەتی عێڕاق لە ناوەندە ئەمنیەتییەکان و (موخابرات)ی عێڕاق دەستی حکوومەتی نوێ، خەڵک و هێزە سیاسییەکان کەوتوون، نەک هەر هیچ شتێکی نەرێنییان لەسەر حیزبی دێموکرات تێدا نەبوو، بەڵکوو زۆر شتی ئەرێنیشیان بۆ حیزبی دێموکرات تێدابوو کە جێی شانازیین. "(٣)

ئاکامگیری:
پێوەندیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ دەوڵەتی عێڕاق لە هەموو قۆناغ و بڕگە مێژووییەکاندا پێوەندییەکی سەربەرزانە بوو. ئەم ڕابردووە ئەوەندە خاوێنە کە نە بۆ حاشالێکردن، بەڵکوو بۆ لێ‌فێربوون دەبێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەردەوامیی خەباتی سیاسیی خۆیدا و بەپێی سروشتی خەبات و تێکۆشانەکەی هەمیشە فاکتەری پێوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی بۆ گرینگ بووە، بەڵام لە هەموو کات‌وساتێکدا ئەگە بە زیانیشی شکابێتەوە پره‌نسیپه‌کانی خۆی ڕەچاو کردوون و پرسی کورد و بەرژەوەندییەکانی و پێویستیی پاراستنی لە تەواوەتیی خۆیدا یەکێک لەو پڕەنسیپە نەگۆڕانەی حیزبی دێموکراتن. پڕەنسیپێکی نەگۆڕی دیکەی ئەم حیزبە ڕاگرتنی سنووری نێوان دۆستایه‌تی و بەستراویی سیاسی له‌ پێوه‌ندییه هه‌رێمی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان‌دایە کە لەم نووسینەدا بە پوختی باسی کرا. دوو دەیە پاش ڕووخانی حکوومەتی بەعس، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای شانازی‌کردن بە مێژووی هەڵوێست و بایەخە ئوسوولییەکانی لە پێوەندییە دوولایەنەکانیدا، بۆ بەردەوامیی پێوەندییەکانی لەگەڵ خەڵک و حکوومەتی عێڕاق پشت بە ئەزموونی دەوڵەمەند و پاشخانی بەهێزی لە بنەما دروستەکانی پێوەندییەکانی لە ڕابردوو، ئێستا و داهاتوودا دەبەستێ.
***

١- "ئەزموونی خەبات"، ئاوڕێک له‌ ژیان ‌و خه‌باتی عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن‌زاده‌، لاپەڕەی ٧٣
٢- د. ئاسۆ حەسەن‌زاده، پاڕا-دیپڵۆماسیی کورد: ئاوڕێک له سێ چارەگە سەدە پێوەندیی نێونەتەوەیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کتێبی حیزبی دێموکراتی کوردستان، قەڵای خۆڕاگری ناسنامەی نەتەوەیی، کۆمیسیۆنی چاپەمەنیی حیزب، گەلاوێژی ١٣٩٩
٣- "کوردستان"، ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ژمارە ٣٦٩، ٢٢٧ ژووئیەی ٢٠٠٣ (٣١ی پووشپەڕی ١٣٨٢)